زووم:
ئەمرۆ 239 ساڵ بەسەر یادی بونیادنانی شاری سلێمانی تێپەڕی، وەک هەمیشە سیاسییەکان، پەیامیان بۆ ئەو ساڵیادە هەبوو، کە هەندێکیان یادەکەیان بە رۆژێکی گەورە لە مێژووی کورددا وەسفکرد و هەندێکیشیان ئەو بۆنەیان کردە دەرفەتێک بۆ ئەوەی رەخنە لە دەسەڵاتدارانی شارەکە بگرن.
رەخنەی ئەو سیاسییانە زیاتر بەو ئاراستە بوو، سەرەڕای ئەوەی شاری سلێمانی شارێکی زیندووەو رۆڵی گەورەی لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد هەبووە و سەرەڕمی سەرهەڵدانی بەشێکی زۆر لە شۆڕشەکانی باشووری کوردستان لە 200 ساڵی رابردوو بووە، بەڵام وەک پێویست خزمەت نەکراوە، هەمووشیان بە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆنەوە دەڵێن: “وەک پێویست خزمەتی سلێمانی نەکراوە”.
لاهور شێخ جەنگی یەکێک بوو لەو سیاسییە یەکەمانەی بە چەند کاتژمێرێک پێش رۆژی ساڵیادی بونیادنانی سلێمانی پەیامێکی بڵاوکردەوەو لە پەیامەکە رەخنەی توندی لە دەسەڵاتدارانی ئێستای سلێمانی گرت بەوەی، “سەرەڕای ئەوەی سلێمانی تەمەنی بوو بە دووسەد و سی و نۆ ساڵ لە بنیادنان و خۆڕاگریی و قوربانیدان، بەڵام ئەم شارە هێشتا بێنازە و خەڵکە تێکۆشەرەکەی نیگەرانن و تینووی خزمەتگوزارین”.
هەروەها نووسی: سلێمانی؛ شارێک، کە هەمیشە داهێنەر و پێشەنگ و ڕچەشکێن بووە، بەڵام لە ڕووی ئاوەدانی و خزمەتکردنەوە لە پاشەکشەدایە، ململانێی سیاسی و دەسەڵاتی تاکڕەوی و ناڕەسەن و خۆسەپێنی، بوونەتە بارگرانی بەسەر سلێمانی، کە هەرگیز لە مێژوودا ئەم شارە قبووڵی نەکردووە و بەگژ هەموو غەدر و نادادی و نایەکسانی و چەوساندنەوەیەکدا چۆتەوە.
لاهور شێخ جەنگی تەنیا سیاسی نەبوو، لەو ساڵیادە رەخنە بگرێت، بەوەی “خزمەتی شارەکە نەکراوە”، بەڵکو شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێش، کە وەک لایەنێکی سیاسی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێم چالاکە، بەدوور نەبوو لە رەخنەگرت و لە پەیامەکەی بۆ سلێمانی نووسی: “هەموو ئەوانەی سلێمانییان وێرانکردووە، ئەمڕۆ بە قسەی زل یادی سلێمانی دەکەنەوە، لە کاتێکدا کەسیان نەیانتوانیوە پرۆژەیەکی جوان بۆ ئەم شارە و خزمەتێکی جوانی ئەم شارە و خەڵکەکەی بکەن”.
شاسوار عەبدولواحید ئەوەشی نووسی: “لە ئێستادا سلێمانی و تەواوی کوردستان کۆمەڵێک مافیا و قەوتە بەڕێوەی دەبەن، سەروەتی ژێر ئەرز و سەرئەرز و سنورەکانی دەدزن، ناوبازاری سلێمانی و شارەکانی تریش وێرانبووە لە بێ بازاری و سەرانەسەندن لە کاسبکار و دوکاندار”.
ئەو رەخنە گرتنە لە ئیدارەدانی سلێمانی تەنیا لە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەکانی هەرێم کورتنەبووەوە، بەڵکو سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ساڵیادەکەی بە دەرفەت زانی بۆ ئەوەی بە ناڕاستەوخۆ بڵێت، وەک پێویست خزمەت بە سلێمانی نەکراوە و هیوادارن ئەوان ئەو خزمەتە بکەن.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت لە ئەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “ئێکس” لەو بارەوە لە پۆستێکی کورت نووسی: پیرۆزبایی 239 ساڵەی دروستکردنی شاری سلێمانی لە خەڵکی کوردستان دەکەم، “هیوادارم دەرفەتی ئەوەمان بۆ برەخسێنرێت، کە خزمەتی زیاتری خەڵک و شارەکە بکەین”.
ئەو قسەیەی مەسرور بارزانی، کە زیاتر لە چوار ساڵە سەرۆکی حکومەتە، ئاماژەیەکی روونە بەوەی لەماوەی سەرۆکایەتی حکومەت، دەرفەتیان پێنەدراوە خزمەتی شاری سلێمانی بکەن.
لای خۆیشییەوە هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلیمانی و سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکانی شارەکە لە لێدوانێک لەبارەی ئەو ساڵیادە وتی: سلیمانی، هەر لەسەرەتاوە بونیادنانی شارێکی نوێی تێدا دانراوە، کە ئەوە نییە سەرەتا گوند بووبێت و دواتر شارۆچکە و ئینجا شار.
ئەو وتیشی: بابانییەکان سلێمانیان لەسەر بنەمای شارستانی نوێ بونیادناوە، سەرباری هەموو ئاڵنگارییەکان هەر لە گەشەی بەردەوامدا بووە.
پارێزگاری سلێمانی هەرچەندە جەختیکردەوە، دۆخی سلێمانی لە هەموو ڕوویەکەوە باشە، بەڵام نەیشاردەوە، کە لە بودجەی پرۆژەکان و موچەدا خراپەو جەختیشیکردەوە، “ئەوە کاریگەری لەسەر گەشەسەندنی زیاتری شارەکە هەبووە”.
هاوکات بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی، کە لایەنی دەسەڵاتداری شارەکەیە لە پەیامێک نووسی: ئەمڕۆ بە دڵخۆشی و خۆشەویستی زۆرمانەوە یادی ٢٣٩ ساڵەی دامەزراندنی شاری سلێمانی دەکەینەوە، یادی شارێک دەکەینەوە بەدرێژایی مێژوو شانازیی نووسیووەتەوە و پێشەنگی قوربانیدان، بیری ئازاد، رۆشنبیری و نوێگەری بووە.
بافڵ تاڵەبانی، باسی لە خزمەتگوزاری شارەکە کردووەو نەیشاردووەتەوە، سلێمانی گوتار و دروشمە گەورەکان رەتدەکاتەوە و “دەبێت بە کردار خزمەتی بکرێت”.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت لە پشکی یەکێتی، کە بەهۆی بارودۆخی سیاسی هەرێمەوە، دەسەڵاتی یەکەمی ئیداری و حکومی شارەکەی هەیە، یەکێک بوو لەو بەرپرسانەی بۆ ساڵیادی سلێمانی لەمرۆدا هیچ پەیامێکی نەوو، بەڵام لە رێگەی بەستی کۆنفرانسێکەوە بەناوی کۆنفرانسی “مید” دوو پرۆژەی بەناوی “پلات فۆرمی سمارت سولی و کۆڕبەندی گەشەپێدان و کارسازیی گانجانمان” لە ساڵیادی شارەکە راگەیاند.
هەروەها نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی بنیادنانی سلێمانی پەیامێکی بڵاوکردەوەو نووسی: سلێمانی هەمیشە شارێكی زیندووبووە و ڕۆڵ و پێگەیەكی كاریگەر و دیاری هەبووە لە خەبات و قوربانیدان بۆ ئازادی و سەرفرازیی گەلەكەمان.
سەرۆکی هەرێم هەروەها نووسی: بە ئومێدی ئاوەدانی و گەشە و پێشكەوتنی بەردەوام بۆ سلێمانی و سەرجەم شارەكانی دیكەی كوردستان.