زووم:
چین و ئەمریکا وەک یەکەم و دووەم گەورەترین ئابوری جیهان، پەیوەندی ئاڵۆز و گرنگ لەنێوانیاندا هەیە، کە هەر لەسەرەتای دامەزراندنی کۆماری گەلی چینەوە لە ساڵی 1949و دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی دووەمەوە تا ئێستا بە چەندین هەوراز و نشێودا تێپەڕیوە. بەڵام بەشێوەیەکی گشتی پەیوندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە لە پرسەکانی بازرگانی، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و وڵاتی تایواندا خۆی دەبینێتەوە، جا ئەو پەیوەندییانە گرژیی بێت یان دۆستایەتی و هەماهەنگیی.
ناکۆکییەکانی ئەمریکا لەگەڵ چین هەر لەسەرەتای دامەزراندنی ئەو دەوڵەتەوە دەستیپێکرد. دوای ئەوەی ماو زیدۆنگی سەرۆکی پارتی شیوعی چین کۆماری گەلی چینی لە ساڵی 1949دامەزراند و شکستی بە حکومەتی نیشتیمانی چیانگ کایشێک هێنا، چیانگ و هەزاران سەربازی بەرەو دورگەی تایوان رایانکرد. هەر ئەوکات ئەمریکا پشتیوانی لەو حکومەتە کرد کە لە شاری تایپی تایوان دامەزرا، ئەمەش رێگەخۆشکەر بوو بۆ سنوردارکردنی پەیوەنییەکانی لەگەڵ چیندا بۆ چەندین دەیە.
ساڵێک دوای ئەوە، ئەوکاتەی کە سۆڤیەت پشتیوانی دەکرد، کۆریای باکور کۆریای باشور داگیردەکات، بەڵام ئەمریکا و نەتەوەیەکگرتووەکان بەهانیەوە دێن، هاوکات چین لەوکاتەدا پشتیوانی لە کۆریای باکور دەکات و لە شەڕێکی سێ ساڵەدا زیاتر لە چوار ملیۆن کەس کوژران تا لەساڵی 1953 رێککەوتنێک لەنێوان ئەو لایەنانەدا واژۆکرا. لە دوای ئەوکاتەوە ئەمریکا بەدەوام لەبارەی دورگەی تایوان لەگەڵ چین لە ناکۆکیدابووە تا ئەوکاتەی مۆسکۆ وەک گەورەترین هەڕەشە بۆسەر چین شوێنی واشنتنی گرتەوە.
دواتریش جیابوونەوەی چین و یەکێتی سۆڤییەت رۆڵی بەرچاوی هەبوو لە نزیکبوونەوەی هێواش هێواشی پەکین لەگەڵ ئەمریکا. پاشان لە نیسانی 1971دا وەک دەرکەوتنی یەکەم پەیوەندی گەرموگوڕی نێوانیان هەڵبژاردەی تۆپی سەرمێزی پینگ پۆنگی چینی بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئەمریکای کرد و بەیاوەریی کۆمەڵێک رۆژنامەنوس وەک یەکەم هاوڵاتی ئەمریکی لەدوای ساڵی 1949ەوە چوونە نێو ئەو وڵاتەوە. دواتریش لە تەموزی هەمان ساڵدا هێنری کیسینجەر، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمریکا بە نهێنی سەردانی پەکینی کرد.
دوای ماوەیەک، نەتەوەیەکگرتووەکانیش بە فەرمی دانینا بە کۆماری گەلی چین و کورسییەکی لە ئەنجومەنی ئاسایشدا پێبەخشرا کە لەساڵی 1945ەوە لای چیانگی سەرۆکی حکومەتەکەی تایوان بوو.
پەیوەندییەکانی چین و ئەمریکا دوای ئەوکاتە هێندە گەرموگوڕبوون ریچارد نیکسن سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا بۆماوەی هەشت رۆژ لە چیندا مایەوە و لە شوباتی ساڵی 1972 راگەیەندراوى شانگەهایان واژۆکرد، کە رێگەی خۆشکرد چین و ئەمریکا چەندین پرسی قورس تاوتوێ بکەن لەنێوانیاندا، بەتایبەت پرسی تایوان. دواتریش ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان تا کۆتایی ئەو دەیەیە بەردەوامبوو.
لە ساڵی 1979 جیمی کارتەری سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا دانپێدانانی دیبلۆماتی تەواو بە چین دەبەخێشێت و لە هەمانکاتیشدا دانینا بەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تایواندا ئاسایی بکاتەوە. دواتریش لە نیسانی هەمان ساڵدا کۆنگرێسی ئەمریکا یاسایەکی تایبەت بە پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ تایوان پەسەند دەکات کە رێگە بە بەهێزکردنی پەیوەندیی بازرگانیی و کلتوریی لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا.
بەگوێرەى یاساکە دەبوو واشنتن چەکی بەرگریی بە تایوان ببەخشێت بەمەرجێک نەبێتە پێشێلکاریی بەرامبەر بە سیاسەتی ئەمریکا لەبەرامبەر یەکپارچەیی خاکی چین.
لە ساڵی 1989دا هەزاران خوێندکاری چین رژانە سەر شەقامەکانی پەکین و داوای کۆتاییهێنانی گەندەڵییان دەکرد، لەبەرامبەردا حکومەت سوپای وڵاتەکەی جوڵاند و سەدان خۆپیشاندەر کوژران، بەهۆی ئەو روداوەوە ئەمریکا بڕیاریدا فرۆشتنی چەک و کەلوپەلی سەربازیی بە پەکین هەڵپەسێرێت.
رووداوێکی گرنگ کە دواتر لە ساڵی 1999دا پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتەی لەرزاند، هێرشێکی ناتۆبوو بۆسەر باڵیۆزخانەی چین لە سڕبیا کە ئەوکات سوپای وڵاتەکەی دەیەویست خاکی کۆسۆڤۆ داگیربکات. هەرچەندە هێرشەکەی ناتۆ بە ئەنقەست نەبوو بەهۆی چەند هەڵەیەکی هەواڵگریی ئەمریکابوو، هەزاران خۆپیشاندەری چینی رژانە سەر شەقامەکان و هێرشیانکردە سەر دامەزراوە فەرمییەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە.
بەڵام دووبارە لەساڵی 2000 بیڵ کلینتن سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا یاسای پەیوەندییەکانی نێوان چین و ئەمریکای واژۆکرد کە رێگەی بۆ پەیوەندیی هەمییشەیی بازرگانی نێوان ئەو دوو وڵاتە خۆشکرد، بەهۆیەوە چین بوو بە ئەندامی رێکخراوی بازرگانی جیهانیی. ئەمەش وایکرد لەنێوان ساڵانی 1980 بۆ 2004 قەبارەی بازرگانی نێوان ئەو دوو وڵاتە لە 5 ملیارەوە بۆ 231 ملیار دۆلار بەرزبێتەوە.
پەیوەندییەکانی ئەمریکا و چین جارێکی دیکە لە ساڵی 2001 ساردبوونەوەی تێکەوت بەهۆی ئەوەی فڕۆکەیەکی سیخوڕیی ئەمریکی خۆی بە فڕۆکەیەکی چینیدا کێشا و فڕۆکەوانە چینییەکە گیانیلەدەستدا، بەڵام فڕۆکە ئەمریکییە بە 24 ستافەوە لە چین نیشتەوە و چین بۆماوەی 12 رۆژ دەستبەسەریکردن. بەڵام جۆرج بوشی سەرۆک بەهۆی رووداوەکەوە داوای لێبوردنی لە خانەوادەی فڕۆکەوانە چینییەکە کرد و داوای لێبوردنیشی لە چین کرد بەهۆی ئەوەی فڕۆکەکەیان لە خاکی ئەو وڵاتەدا نیشتووەتەوە.
لەماوەی دوو دەیەی رابردوودا، ناکۆکی و گرژی پەیوەندییەکانی نێوان چین و ئەمریکا بەردەوام لە لێدوانی بەرپرسانی ئەو دوو وڵاتە رەنگیداوەتەوە. بەهۆی زیادکردنی بودجەی سەربازیی چینەوە لە ساڵی 2007، جێگری سەرۆکی ئەمریکا دیک چێنی رایگەیاند، ئەو پەرەپێدانە سەربازییە لەگەڵ ئامانجی چین بۆ پەرەپێدانی پرۆسەی ئاشیی یەکناگرێتەوە.
لە ساڵی 2008 چین شوێنی ژاپۆنی گرتەوە و بووە یەکەم خاوەن قەرزی ئەمریکا بە بڕی 600 ملیار دۆلار. ئەمەش پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و چینی لەبواری ئابوریدا زیاتر بردە پێشەوە. دواتریش لە ساڵی 2010 چین بوو بە دووەم گەورەترین ئابوری جیهان لەدوای ئەمریکا و پێشبینیش دەکرێت لە تا ساڵی 2027 بێتە پلەی یەکەمەوە.
دوای هاتنە دەسەڵاتی هەریەک لە باراک ئۆباما و شی جینپینگ، ئەو دوو سەرکردەیە لە کۆبوونەوەیەکیاندا لە کالیفۆرنیا بەڵێنیاندا هەوڵبدەن پەیوەندییەکانیان لەبارەی پرسە ناوچەیی و جیهانییەکان و کەشوهەوا ئاسایی بکەنەوە. لە ساڵی 2014دا لە لوتکەی هەماهەنگی ئابوری وڵاتانی ئاسیای سەر زەریای هێمن، هەردوو سەرۆک بەڵێنیاندا وڵاتەکانیان دەردانی گازی کاربۆنی کەمبکەنەوە، کە زیانی بۆ ژینگەی زەوی هەیە، ئەمەش لەکاتێکدایە ئەو دوو وڵاتە پیسکەری سەرەکی ژینگەی جیهانن.
بابەتێکی دیکەی ناکۆکی نێوان ئەو دوو وڵاتە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا پەیوەندی هەیە بە زیادبوونی چالاکییە سەربازییەکانی چین لە دەریای باشوری چیندا کە ئەمریکا وەک هەڕەشەیەک بۆسەر تایوان و ژاپۆن لێیان دەڕاوانێت.
دوای بردنەوەی هەڵبژاردنەکان، لە ساڵی 2017 دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا پشتیوانی بۆ سیاسەتی یەکپارچەیی خاکی چینی بۆ شی جینپینگی سەرۆکی وڵاتەکە دووپاتکردەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەمریکا بەردەوام بەشێوەی نافەرمی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تایواندا پەرەپێداوە.
پرسێکی دیکەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و چین لەمساڵانەی دواییدا پرسی تەکنەلۆژیایە. لە ساڵی 2018 دا وەک کاردانەوەیەک بۆ “دزینی” سامانی فیکریی تەکنەلۆژیای ئەمریکی، واشنتن باجێکی زۆری خستە سەر کەلوپەلی هاوردەی چین کە بە بەهای 50 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
دوای ئەوەی واشنتن بڕیاریدا بەپرسانی ئەمریکا ئامێرەکانی کۆمپانیای هواوی چینی بەتۆمەتی سیخوڕیکردن بەکارنەهێنن ساڵی 2019 ئەو کۆمپانیایە سکاڵای لەدژی ئەمریکا تۆمارکرد و ناکۆکیەکانی چین و ئیدارەی ترەمپی قوڵکردەوە بەشێوەیەک لەو ساڵەدا ترەمپ باجی سەر کەلوپەلە چینییەکانی بە بەهای 200 ملیار دۆلار بەرزکردەوە.
بەهۆی ناکۆکیەکانی نێوانیان لەسەردەمی کۆرۆنادا، هەریەک لە چین و ئەمریکا کونسوڵخانەی دوو ناوچەی یەکتریان داخست، کە هەردوولا بەتۆمەتی سیخوڕی یەکترییان تۆمەتبارکرد.
دوای هاتنە سەر حوکمی جۆ بایدن، ئیدارەکەی بەهەمانشێوەی ترەمپ باجی سەر کەلوپەلە چینییەکانی درێژەپێدا. لەدوای دەستپێکردنی شەڕی ئۆکراینیشەوە ناکۆکییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بەردەوام لە میدیاکاندا رەنگیداوەتەوە و ئیدارەی بایدن بەردەوام هۆشداریداوە لەوەی پشتیوانی چین بۆ مۆسکۆ لێکەوتەی دەبێت.
پرسێکی دیکەی ناکۆکی نێوان ئەمریکا و چین کە ساڵی رابردوو سەریهەڵدا، سنوردارکردنی ناردنی چیپی ئەلیکترۆنیە بۆ چین و واشنتن وڵاتەکە بەوە تۆمەتباردەکات ئەو چیپانە بۆ مەبەستی پەرەپێدانی سەربازیی بەکاردەهێنێت.
دوای تێپەڕبوونی چەندین ساڵی پڕ لەگرژیی نێوانیان، بڕیارە کۆتایی ئەم هەفتەیە سەرۆکی هەردوو وڵات جۆ بایدن و شی جینپینگ بەیەکەوە لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا کۆببنەوە، ئەمەش دەبێتە دووەم یەکتر بینینی ئەو دوو سەرۆکە لەسەرەتای دەستبەکاربوونی بایدنەوە وەک سەرۆکی ئەمریکا.
بە بڕوای مایکڵ هیرسۆن، سەرۆکی توێژینەوەی چین لەناوەندی توێژینەوەی 22V دەڵێت کۆبوونەوەی نێوان ئەو دوو سەرکردەیە جەختدەکاتەوە سەر فراوانکردنی دیالۆگی نێوان ئەو دوو وڵاتە، ئەمەش بۆ کەمکردنەوەی ئەو مەترسییانەیە کە هەڕەشەن بۆسەر پەیوەندییەکانی نێوانیان و بۆ رێگرییکردنە لەو قەیرانانەی کە هیچ کام لە سەرکردەکان خوازیاریی نین.
شێن یامێی، بەڕێوەبەری بەشی توێژینەوەی ئەمریکا لە پەیمانگای چین بۆ توێژینەوە نێودەوڵەتییەکان، پێیوایە گرژیی رەوتی ئێستای پەیوەندییەکانی نێوان ئامریکا و چین بەرەو خاوبوونەوە دەچێت و ئەمەش پشوویەک بە کەشوهەوای نێوانیان دەدات.