زووم،ئاژانسەکان
دوای زیاتر لە دوو هەفتە دەستپێکردنی هێرشی زەمینی سوپای ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەزە و چوونە ناوەوەی سوپا و تانکەکانی بۆ ناو شارەکە، لەئێستادا میدیا جیهانییەکان بەشێوەیەکی چڕوپڕ باس لەو مەترسییانە دەکەن کە بەهۆی گەمارۆ و هێرشەکانەوە روبەڕوی نەخۆشخانەکان بوونەتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە هێرشکردنە سەر نەخۆشخانە و قوتابخانەکان بەگوێرەى یاسا نێودەوڵەتییەکان بە تاوانی جەنگیی هەژماردەکرێت.
ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان شەش پێشێلکاریی دیاریکردووە کە بە پێشێلکایی قورس و تاوانی جەنگیی هەژماری کردوون، یەکێک لەو شەش پێشێلکارییانە هێرشکردنە سەر نەخۆشخانە و قوتابخانەکانە.
لەوبارەیەوە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، “دەبێت قوتابخانە و نەخۆشخانەکان زۆنی ئاشتیبن، کە تێیاندا منداڵان پارێزراو دەبن، تەنانەت ئەگەر شەڕ و ئاڵۆزیش لە ئارادابێت.” هاوکات بەگوێرەی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان، دامەزراوە تەندروستییەکان و نەخۆشخانەکان نابێت هێرشیان بکرێتەسەر، ئەم پارێزبەندییە بریندار، نەخۆش، کارمەندی تەندروستی و هۆیەکانی گواستنەوە دەگرێتەوە.
لە هەمانکاتتدا، باس لەوە دەکات هەندێک جار بەکارهێنانی ئەو ناوەندە خزمەتگوزارییانە بۆ ئۆپراسیۆنی سەربازی دەبێتە جێگەی نیگەرانی. هەر لەبەر ئەمەشە یاساکە هەندێک حاڵەتی جیاکردووەتەوە.
یاساکە دەستەواژەیەکی تێدایە کە دەڵێت پاراستنی نەخۆشخانەکان نابێت پێشێلبکرێت تا ئەوکاتەی لایەنێکی شەڕەکە بۆ جیا لەمەبەستی مرۆیی خۆی بەکاریانبهێنێت، “بۆ کارێک کە زیان بە دوژمنەکەیان بگەیەنێت.”
بەڵام لەو حاڵەتەشدا ئەگەر گومانێکی وەها هەبوو، دەبێت وا حساب بکرێت کە ئەو ناوەندانە بۆ مەبەستی دیکە بەکارنەهێنراون، تا ئەوکاتەی لێکۆڵینەوە دەکرێت و بەڵگەی پێویست بۆ ئەوبابەتە بەردەست دەبێت. ئەمەش بۆ کەمکردنەوەی ئەو مەترسییانەیە کە رەنگە روبەڕوی هاوڵاتییانی مەدەنی ببێتەوە. بەڵام ئەگەر یەکلابووەوە ئەو ناوەندانە وەک بنکەی سەربازی هێرشیان لێوە ئەنجامبدراوە یان وەک کۆگای چەک و تەقەمەنی بەکارهێنراون، ئەوا پارێزبەندییەکە لەدەستدەدەن.
ماوەی چەند رۆژێکە سوپای ئیسرائیل لە غەزە گەمارۆی نەخۆشخانەی شیفای داوە و سەدان نەخۆش و ئاوارە لەنێو نەخۆشخانەکەدا گیریان خواردووە و دۆخیان لەوپەڕی خراپیدایە.
سەرەڕای ترسی هێرشکردن، بەهۆی بەردەوامی گەمارۆکان بۆسەر کەرتی غەزە بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج هەفتە، نەبوونی تیم، کارەبا و پێداویستی پزیشکی دۆخی نەخۆشخانەکانی غەزەی هێندەی دیکە ئاڵۆزترکردووە.
لەبەرامبەردا ئیسرائیل دەڵێت، حەماس نەخۆشخانەکان وەک قەڵغان بەکاردەهێنێت بۆ خۆپاراستن لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای وڵاتەکەی. هاوکات گروپەکە بەوەش تۆمەتباردەکات کە ناوەندە هەستیارەکانی وەک نەخۆشخانە، قوتابخانە و مزگەوتەکان وەک بنکەی سەربازیی خۆی بەکاردەهێنێت و لە ژێریاندا چەک و تەقەمەنی دەشارێتەوە.
هەرچەندە سوپای ئەو وڵاتە چەند وێنە و نەخشەیەکی بڵاوکردووەتەوە کە باس لەوە دەکەن حەماس چەندین بنکە و بارەگای سەربازی خۆی لەژێر نەخۆشخانەی شیفادا لەشێوەی تونێڵ دروستکردووە، تائێستا هیچ بەڵگەیەکی لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە هەم حەماس و هەمیش بەرپرسانی نەخۆشخانەکە ئەو تۆمەتەی ئیسرائیل رەتدەکەنەوە.
بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان، ئەگەر ئیسرائیل بەڵگەی پێویستی لەوبارەیەوە دەستبکەوێت و ئەوە پشتڕاستبکرێتەوە، دەبێت لەسەرەتادا حەماس ئاگاداربکاتەوە کە لەوکارە بوەستێت و چیتر ئەو ناوەندە خزمەتگوزارییانە بۆ مەبەستی جەنگی بەکارنەهێنێت. سەرەڕای ئەوەش سوپای ئیسرائیل نابێت هیچ هێرشێک ئەنجامبدات و دەبێت لەسەرەتادا هاوڵاتیی مەدەنی، منداڵ و نەخۆشەکان رزگاربکات و لە مەترسییەکانی جەنگەکە دوریانبخاتەوە.
لەبارەی دۆخی نەخۆشخانەکە، تێدرۆس ئەهانۆم، بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لە هۆشدارییەکی تونددا رایگەیاند، نەخۆشخانەکە چیتر کارناکات و خزمەتگوزارییەکانی وەستاون. ئاماژەی بەوەشکردووە “جیهان ناتوانێت بێدەنگ بمێنێتەوە لەکاتێکدا نەخۆشخانەکان، کە دەبێت پەناگەیەکی سەلامەت بن، بوونەتە دیمەنی مەرگ، وێرانکاریی و نائومێدی.”