دوای ئێران رەزامەندی داوە لەسەر پێشنیازێکی ئەمریکی کە لە ڕێگەی وڵاتانی عەرەبی دراوسێیەوە پێی گەیشتووە بەوەی شاندێکی باڵای ئەمنی هەردوولا راستەوخۆ کۆببنەوە و دانوستان بکەن لەسەر دورکەوتنەوە لە شەڕی راستەوخۆ بەهۆی جەنگی غەزەوە، شاندێکی هەردوولا لە جنێف کۆبوونەتەوە، ئەوەش بەپێی سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بۆ رۆژنامەی جەریدەی کوەیتی.
لەدوای هێرشی پێچەوانەی ئیسرائیل بۆسەر غەزە، گروپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق و سوریا زیاتر لە 48 هێرشیان کردووەتەسەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و وەک هاوکار و پاڵپشتیکاری سەرسەختی ئیسرائیل لە ناوچەکە، ئەمریکاش دووجار هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر بنکەکانی ئەو گروپانە لە سوریا کە دواترینیان یەکشەممەی رابردوو بوو.
بەپێی سەرچاوەکە، یەکەم کۆبوونەوەی ئەو دوو شاندە ئەمنییەی ئەمریکا و ئێران لە جنێف کۆبوونەتەوە و ئەمریکییەکان بە ئێرانییەکانیان گوتووە کە ئیدارەی بایدن نایەوێت جەنگی غەزە بە ناوچەکەدا بڵاوبێتەوە و بە جدیش کار بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئیسرائیل دەکات، بۆیە پێویستە ئێرانیش هەمان رۆڵ بگێرێت و داوا لە هاوپەیمانەکانی بکات هێرشەکانیان بۆسەر بنکە ئەمرکییەکان بوەستێنن، چونکە بەردەوامی دۆخەکە بەم شێوەیە، بە دڵنیاییەوە هەردوو وڵات بەرەو جەنگێک دەبات کە دەرئەنجامەکەی دیار نییە.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، ئەمریکییەکان داوایان لە ئێرانییەکان کردووە پشتیوانییەکانیان بۆ بزووتنەوەی حەماس و میلیشیاکانی عێراق، لوبنان، یەمەن و سوریا رابگرێت و دەستوەردانەکانی لە کاروباری ئەو وڵاتانە بوەستێنێت، ئەمریکییەکان جەختیانکردووەتەوە کە ئێران دەتوانێت رۆڵێکی ئەرێنی ببینێت لە ناوچەکە و ئەوانیش ئامادەن پێشوازی لەو رۆڵەی ئێران بکەن بۆئەوەی ناوچەکە بەرەو خراپتر نەڕوات.
سەرچاوەکە گوتووشیەتی، ئەمریکییەکانی پێشنیازیان کردووە ئێرانییەکان پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حەماس بەکاربهێنن بۆ ئازادکردنی بارمتە ئەمریکییەکان، بەڵام ئێرانییەکان گوتوویانە کە ئەوان پشتگیری گەلانی ناوچەکە دەکەن و پێویستە ئەمریکا واز لە پاڵپشتی سەرسەختانەی ئیسرائیل بهێنێت.
ئێرانییەکان جەختیانکردووەتەوە کە پەیوەندییان بە هێرشەکانی سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکاوە نییە و ئەوە کاردانەوە و وەڵامی ئەو گروپانە خۆیانە و ناتوانن گەرەنتی دووبارەنەبوونەوەی هێرشەکان بدەن.
هەروەها ئەمریکییەکانیان ئاگادارکردووەتەوە کە ئیسرائیل دەیەوێت ئەمریکا بەرەو جەنگی دژی ئێران و بەرەی بەرخۆدان رابکێشێت، ئێران و حزبوڵاش لە لوبنان ئەوپەڕی هەوڵی دانبەخۆداگرتنیان داوە بۆئەوەی نەکەونە ناو داوەکەی ئیسرائیل، بەڵام بەردەوامی ئیسرائیل لە جەنگەکەی بۆسەر غەزە، لەوانەیە ببێتەهۆی جەنگی فراوان.
دەشڵێت، ئێرانییەکان گوتوویانە کە ئاستەنگی ئەمریکا بۆ هەوڵەکانی وەستاندنی شەڕ لە غەزە دەبێتەهۆی دەرچوونی دۆخەکە لە کۆنتڕۆڵ و کردنەوەی چەند بەرەیەکی شەڕ دژی ئیسرائیل، بۆیە باشترە ئیدارەی بایدن فشار لە تەلئەبیب بکات جەنگەکەی رابگرێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ دۆزی فەلەستین.
سەرچاوەکە باسی لەوەشکردووە کە کۆبوونەوەکەی جنێف تەنها بۆ گوێگرتن بووە لە ڕاوبۆچوونی یەکتر و بڕیاریان داوە کەناڵێکی پەیوەندیی راستەوخۆ لەنێوانیان دروستبکرێت بۆ خۆبەدوورگرتن لە هەر پێکدادانێکی راستەوخۆ تائەوکاتە لە دانوستانەکانی دیکەدا دەگەنە جۆرێک لە رێککەوتن.