زووم:
لاهور شێخ جەنگی بۆ ساڵیادی بونیادنانی سلێمانی نووسینێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: دەسەڵاتی ناڕەسەن و خۆسەپێن بووەتە بارگرانی بەسەر سلێمانییەوە.
لاهور شێخ جەنگی ئەمڕۆ دوو شەممە بە بۆنەی ساڵیادی بونیادنانی شارەکە نووسینگەی بڵاوکردووەتەوەو دەشڵێت: سلێمانی تەمەنی بوو بە دوو سەد و سی و نۆ ساڵ لە بنیادنان و خۆڕاگریی و قوربانیدان، بەڵام ئەم شارە هێشتا بێنازە و خەڵکە تێکۆشەرەکەی نیگەرانن و تینووی خزمەتگوزارین
هەروەها جەختیکردووەتەوە، سلێمانی؛ “شارێکە هەمیشە داهێنەر و پێشەنگ و ڕچەشکێن بووە، بەڵام لە ڕووی ئاوەدانی و خزمەتکردنەوە لە پاشەکشەدایە”
باسی لەوەش کردووە، “ململانێی سیاسی و دەسەڵاتی تاکڕەوی و ناڕەسەن و خۆسەپێنی، بوونەتە بارگرانی بەسەر سلێمانی، کە هەرگیز لە مێژوودا ئەم شارە قبووڵی نەکردووە و بەگژ هەموو غەدر و نادادی و نایەکسانی و چەوساندنەوەیەکدا چۆتەوە”
لاهور شێخ جەنگی هۆشداری داوە بەوانەی غەدر لە سلێمانی دەکەن و دەشڵێت: “هەر کەسێک ، غەدر لە سلێمانی و خەڵکە قوربانیدەرەکەی دەکات دیارە شارەزای مێژووی ئەم شارە نییە، کە چەندە دەنگێکی ئازا و ئازاد و دلێر بووە بەرامبەر بە هەموو دەسەڵاتێکی تاکڕەو و تاسەر لە کەسی قبووڵ نەکردووە”.
لاهور شێخ جەنگی ئەوەش دەڵێت: بۆ من و دەیانیتر سلێمانی شاری وزە و ورە و خۆڕاگری و هەستانەوە و لە دایکبوونی جووڵانەوە و شۆڕش و نوێبوونەوەیە، کە خۆری هیوا و ئایندەیەکی ڕوون بێت بۆ گۆڕانکاری و چاکسازی و خزمەتکردن و ئارامی و ئاوەدانی.