زووم:
موقتەدا سەدر، سەرۆکی ڕەوتی سەدر، داوای لە لایەنگرانی کرد، “بایکۆتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بکەن”، کە بڕیارە لە 18ی کانوونی یەکەمی داهاتوو بەڕێوەبچێت.
موقتەدا سەدر لە وەڵامی پرسیارێکی لایەنگرانیدا سەبارەت بە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، نووسیویەتی: “یەکێک لەو شتانەی لایەنگران و بنکەی جەماوەری ئێمە لەوانی تر جیادەکاتەوە، یەکڕیزی و گوێڕایەڵی و دڵسۆزییە، کە ئەمە جێگەی شانازییە و سوپاسی خودای دەوێت”، بۆیە بەردەوام جەختدەکەینەوە، “دەبێت پابەندبن بە چاکسازی تەنانەت ئەگەر موقتەدا سەدریش بمرێت.”
وەڵامەکەی سەدر، لە ئەژماری وەزیرەکەی سەدر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکراوەتەوە، ئەوەشی نووسیوە: “بەشداریکردنتان لەگەڵ گەندەڵکاران زۆر دڵتەنگم دەکات.. بایکۆتی هەڵبژاردنەکان شتێکە دڵخۆشم دەکات و دوژمن توڕە دەکات.. شەرعییەتی هەڵبژاردن لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆ کەمدەکاتەوە و هەژموونی گەندەڵکاران کەمدەکاتەوە”.
ئەمە لەکاتێکدایە، “ڕەوتی سەدر” بە فەرمانی خودی موقتەدا سەدر لە مانگی ئابی ٢٠٢٢ لە پڕۆسەی سیاسی عێراق کشاوەتەوەو بڕیاریدا بەشداری لە هیچ هەڵبژاردنێکی داهاتوودا نەکات.
سەدر بە بیانووی ئەوەی نایەوێت بەشێک بێت لە شەریکی “گەندەڵکاران” پرۆسەی سیاسی عێراقی بایکۆت کرد، ئێستاش وەک خۆی دەڵێت، نایەوێت ببێتە بەشێک لە پاڵپشتی بۆ “ئەو گەندەڵکارانەی لە دەسەڵاتدان”.