زووم:
ساموێل وربیرگ وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لەبارەی زیادبوونی هێرشەکان بۆ سەر بنکە و هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، جەختی لەسەر ئامادەیی وڵاتەکەی “بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویستتر” بۆ پاراستنی هێزەکانیان کردەوە.
ئەو جەختکردنەوە لەکاتێکدایە، لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا زیاتر لە ٤٦ هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی لە عێراق و سوریا کراوەتە سەر بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق سوریا.
گروپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران، کە خۆیان بە “بەرەی بەرگری ئیسلامی” دەناسێنن، بەرپرسیاری خۆیان لە هێرشەکان راگەیاندووە، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ پشتیوانییەکانی واشنتۆن بۆ ئیسرائیل لە شەڕی غەزەدا.
ساموێل وربیرگ لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی سکای نیوز هەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بەو هێرشانە خستەڕوو، نەشیشاردەوە ترسی ئەوەی هەیە ئەمریکا زیاتر بخلیسکێتە ناو ململانێیەکی فراوانتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئەو راشیگەیاند، هەروەک بینیتان بایدن دوو ڕۆژ لەمەوبەر فەرمانی بە سوپای ئەمریکا کرد، کە هێرشی ئاسمانی وەک بەرگریکردن لە خۆ ئەنجامبدەن، بۆیە “ئێمەش لە ڕۆژهەڵاتی سوریا چەند هێرشێکمان بۆ سەر چەند دامەزراوەیەک ئەنجامدا، کە سوپای پاسدارانی ئێران و گروپەکانی بۆ هێرشەکان بەکاریدەهێنن”.
هەروەها رایگەیاند، ئەو هێرشانە راستەوخۆ پەیام بووە بۆ تاران و لەکاردانەوەی هێرشەکانی ئەم دوایە بۆ سەر بنکەو بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکا بووە لە سوریا.
هەروەها رایگەیاند، ئێمە دووپاتی دەکەینەوە، ئەم هێرشانە جێگەی قبوڵکردن نین و ناتوانن بەردەوام بن و بایدن و حکومەتی ئەمریکاش ئامادەکارییەکی تەواویان هەیە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویستی زیاتر بۆ پاراستنی گەل و بەرژەوەندییەکانی لە هەر کوێی جیهان بێت.
نزیکەی دوو هەزار و 500 سەربازی ئەمریکی لە عێراق جێگیرکراون، کە ئەرکی ڕاوێژکاری بۆ هێزە عێراقییەکان لە چوارچێوەی شەڕی دژی داعش ئەنجام دەدەن، هاوکات نزیکەی 900 سەربازی ئەمریکیش لە چەند بنکەیەک لە سوریا جێگیرکراون.
هەرچەندە ئەمەریکا چەند جارێک جەختیکردووەتەوە، بەدوای ململانێ لەگەڵ ئێراندا ناگەڕێت، بەڵام بە قسەی ئەو بەرپرسەی واشنتۆن، ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی گەل و بەرژەوەندییەکانی دەگرێتەبەر.
هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەمەوە ڕووبەڕووی زۆربوونی هێرشەکان بوونەوە، کە واشنتۆن ئێران تۆمەتباردەکات بە ئەنجامدانی هێرشەکان، بەو پێیەی ئەو گروپانە ئەو هێرشانە ئەنجامدەدەن، راستەوخۆ لە تارانەوە فەرمان وەردەگرن.
هێرشەکان بنکەکانی عەین ئەسەد لە ئەنبار لە ڕۆژئاوای عێراق و هەریر فرۆکەخانەی هەولێر لە هەرێمی کوردستان و چەند بنکەیەکی تری سەربازی ئەمریکا لە سوریا دەکەنە ئامانج.
پێشتر جێگری وتەبێژی پنتاگۆن، سابرینا سینگ، ئاشکرایکردبوو، هێرشەکان، کە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ڕابردووەوە بەردەوامی هەیە، ٥٦ سەربازی ئەمریکی بریندار کردووە.