بەگوێرەى راپۆرتێکى ماڵپەڕى بلومبێرگى، شەڕى ئیسرائیل دژی حەماس، رۆژانە پێویستى 260 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی دەبێت و فشارێکى زۆر لەسەر داهاتى گشتى وڵاتەکە دادەنێت.
بلومبێرگ، کە گرنگى بە هەواڵى ئابورى دەدات دەڵێت، خەرجی شەڕەکە زۆر لەوە زیاترە، کە لە سەرەتادا پێشبینیکرابوو، بەشێوەیەک ئێستا فشارێکی زۆری لەسەر داهاتى گشتی داناوە.
سێشەممەى رابردوو بانکی ناوەندی ئیسرائیل رایگەیاند، 8.2 ملیار دۆلار لە دراوی بیانی فرۆشتووە، بەمەش پارەی یەدەگی وڵاتەکە بۆ 191.2 ملیار دابەزییوە.
بانکەکە بۆ رێگری لە داڕمانی زیاترى بەهای دراوى ئیسرائیل (شیکڵ) لەسەرەتای شەڕەکەوە بەرنامەیەکی بۆ فرۆشتنی دراوی بیانی بە کاش راگەیاند، کە بەهاکەی 30 ملیار دۆلارە.
شەڕەکەى ئەمجارە لە 7ـى ئۆکتۆبەرى دەستیپێکرد و بەهاى شیکڵ بەشێوەیەکی خێرا بەرامبەر بە دۆلار دابەزی.
دواین داکشانی ئابوری ئیسرائیل، کە تۆمارکرابێت ساڵی 2020 بوو، ئەوکات پەتای کۆرۆناوە لەسەرانسەری جیهان تەشەنەی سەندبوو.