زووم:
زیاتر لە چوار دەیەیە کۆماری ئیسلامیی ئێران کار بۆ دروستکردنی چەند بریکار و هاوپەیمانێکی دەکات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ گواستنەوە و کۆپیکردنی ئەزموونەکەی بۆ وڵاتانی عەرەبی و دوورخستنەوەی مەترسییەکان لەخۆی.
دروستکردن و پارەدارکردن و راهێنانی ئەو گروپە ناحکومییانە لە ناوچەکە کۆڵەکەی کار و ستراتیژی سیاسەتی دەرەکی و ئاسایشی ئێران بووە، ئێران و ئەو گروپانە ناوی خۆیان ناوە “بەرەی بەرخۆدان”، دژەکانیشیان بە “هیلالی شیعی” ناوی دەبەن، کە لە یەمەنەوە درێژدەبێتەوە و بەناوی عێراق و سوریا و لوبناندا دەڕوات.
لەدوای هێرشی 7ی تشرینی یەکەمی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و پەرچەکرداری ئەو وڵاتە بۆسەر غەزە، کە تائێستاش بەردەوامە، تەقوتۆقی دووربەدووری نێوان گروپە چەکدارییە هاوپەیمانەکانی ئێران لە عێراق و سوریا دژی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا دەستیپێکردووە، ئێران و گروپەکانی نزیکی دەڵێن ئەمریکا هاوبەشی سەرسەختی ئیسرائیلە لە جەنگی غەزە بۆیە رووبەڕووی دەبنەوە و دەستی خۆیان دەوەشێنن.
ئەمریکا هەر لە رۆژی یەکەمەوە هۆشداری توندی دایە ئێران و گروپە هاوپەیمانەکان، بەڵام ئەو گروپانە لەدوای 17ی تشرینی یەکەمەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 41 هێرشیان بۆسەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ و مووشەکی کاتیۆشا ئەنجامداوە و بەهۆیەوە زیاتر لە 50 سەربازی ئەمریکی بە سووکی برینداربوون.
سەرباری هەموو ئەو هێرشانە و تێپەڕبوونی 37 رۆژ بەسەر جەنگی غەزە، هێشتا سەرۆک و وەزیری بەرگریی ئەمریکا و بەرپرسانی دیکەی ئەو وڵاتە هەر بەڵێنی وەڵامدانەوەی توندی ئەو هێرشانە دەدەن و تائێستا تەنها یەکجار بۆردومانی بنکەیەکی چەک و تەقەمەنی ئەو گروپانەیان کردووە لە سوریا، هەربۆیە میدیاکانی ئەمریکا بە سەرسوڕمانەوە پرسیار دەکەن ئاخۆ ئەم هەڕەشە و وەڵامدانەوەیە بۆ کەی، ئەوەتا گروپە هاوپەیمانەکانی ئێران هێرشەکانیان زیاتر دەکەن کەچی ئەمریکاش هەر بێ دەنگە.
سوودی گروپەکان بۆ ئێران
- بۆ سەپاندنی هێز و هەژمونی خۆی بەبێ دەستێوەردانی سەربازی، ئەویش لەڕێگەی پاڵپشتیکردنی گروپە هاوپەیمانەکان توانیویەتی کاریگەری لەسەر رووداوە هەرێمییەکان دابنێت بەبێ ئەوەی راستەوخۆ خۆی بخاتە مەترسییەوە، بۆ نمونە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر کاروباری عێراق هەیە هەر لە پێکهێنانی حکومەت تاوەکو دەرکردنی بڕیارەکانی پەرلەمانیش.
- پەرەپێدان و بڵاوکردنەوەی ئایدیۆلۆجی و بەهاکانی، زۆربەی هەرەزۆری بریکارەکانی ئێران لەسەر مەزهەبی شیعەن و هەوڵی بڵاوکردنەوە و کۆپیکردنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران دەدەن، بۆیە لەرێگەی ئەو پاڵپشتیکردنی ئەو گروپانە، ئێران دەتوانێت کاریگەری و هەژمون و بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکە بڵاوبکاتەوە.
- بۆ لێدان لە رکابەرەکانی، زۆرجار ئێران بریکارەکانی بەکاردەهێنێت بۆ لێدان لە رکابەرەکانی لە ناوچەکە بە تایبەت سعودیە و ئیسرائیل و ئەمریکا، بۆ نمونە حزبوڵا لە لوبنانەوە دژی ئیسرائیل دەجوڵێنێت، حوسییەکانی یەمەنیش دژی سعودیە.
- بۆ دوورخستنەوەی هەڕەشەی ئەمنی لە ناوخۆ، بریکارەکانی ئێران هەمیشە پاڵپشتی لە بەرژەوەندییە سەربازی و ئاسایشییەکانی ئێران دەکەن و دەیپارێزن، بۆ نمونە گروپە چەکدارییەکانی عێراق دەبنە بەربەست و رێگر لە هێرشکردنە سەر سنورەکانی.
گروپە چەکدارییە هاوپەیمانەکانی ئێران و بڵاوبوونەوەیان لە ناوچەکە:
لوبنان
حزبوڵا
حزبوڵا گروپێکی چەکداری شیعییە و یەکەم بریکاری ئێران بوو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باڵە سەربازییەکەی لە ساڵی 1980 دامەزراوە و دواتر بەهۆی پاڵپشتی دارایی و سەربازیی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە، لە ساڵی 1992دا چووە ناو سیاسەت.
لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا، واتە لە سەرەتای دامەزراندنیدا، چەند کردەیەکی خۆکوژی دژی هێزەکانی ئەمریکا لە لوبنان ئەنجام دا و دەیان کەسی بیانی وەک بارمتە گرت کە زۆربەیان ئەمریکی بوون. لە ساڵی 2020دا حزبوڵا بووە گەورەترین گروپی چەکداری لە لوبنان کە ژمارەی چەکدارەکانی بە 130 هەزار دەخەمڵێنرێت و ژێرخانێکی گەورەی موشەکی هەیە، ئەوەش بەپێی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژیی نێودەوڵەتی. هەروەها چەند پێگەیەکی گرنگی حکومەتی لوبنانیشی هەیە و لە کەرتی ئابوریشدا چالاکە.
“بودجەی حزبوڵا، هەموو شتێک کە دەیخوات و دەیخۆنەوە، چەک و مووشەکەکان، هەمووی لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دێت،” ئەمە قسەی حەسەن نەسڕوڵای ئەمینداری گشتیی حزبوڵایە کە ساڵی 2016 وای گوت.
ساڵی 2018، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئاشکرایکرد، تاران ساڵانە زیاتر لە 700 ملیۆن دۆلار دەبەخشێتە حزبوڵا، بەڵام دواتر بەهۆی سزاکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران، پارەدارکردنەکە کەمیکرد.
ساڵی 1995، ئیدارەی بین کلینتۆن، سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا سزای حزبوڵا و حەسەن نەسڕوڵای ئەمینداری دا بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایش و ئاشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پاشان و لە ساڵی 1997 بە فەرمی وەک رێکخراوێکی تیرۆرستی ناسێنرا، ئەنجا لە ساڵی 2001دا و لە ئیدارەی جۆرج بۆشدا، حزبوڵا وەک رێخراوێکی تایبەتی تیرۆرستی جیهانی ناسێنرا.
لەئێستادا حزبوڵا لە شەڕێکی سنورداردایە لەگەڵ ئیسرائیل و رۆژانە لە باشوری لوبنانەوە موشەکبارانی یەکتر دەکەن.
عێراق
- کەتائیبی حزبوڵا
کەتائیبی حزبوڵا گروپێکی چەکداریی شیعییە و ساڵی 2007 دامەزرا، لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە مەشق و راهێنانیان پێکراوە و چەکدارکراون. ساڵی 2009، ئەمریکا کەتائیبی حزبوڵای وەک رێکخراوێکی جیهانیی تیرۆرستی ناساند و مەهدی موهەندیس کە سکرتێری گشتیی حزبوڵا بوو سزا دا بە تۆمەتی ئەنجامدانی توندوتیژی دژی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان. ساڵی 2020، ئەمریکا دوو سزای دیکەی خستەسەر سەرکردەکانی ئەو گروپە چەکدارییە.
لە ساڵی 2014دا، کەتائیبی حزبوڵا بووە بەشێک هێزەکانی حەشدی شەعبی کە چەترێک بوو بۆ کۆکردنەوەی گروپە چەکدارییە شیعەکانی نزیک لە ئێران و بۆ روبەربوونەوەی داعش لە عێراق پێکهێنرا. مەهدی موهەندیس کە لە بۆردومانی 3ی کانونی دووەمی 2020 لە فڕۆکەخانەی بەغداد لەگەڵ قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێران لە بۆردومانێکی ئەمریکی کوژرا، لە ساڵی 2018دا گوتی، “شەرم ناکەم لە باسکردنی پشتگیری و پاڵپشتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەرووی چەک و مەشق و پلاندانانەوە.”
لە نێوان ساڵانی 2007 بۆ 2011 و پاشان لە 2018 تا 2020، کەتائیبی حزبوڵا بە پاڵپشتی ئێران، لە ئاڵۆزترین و کاریگەرترین هێرشەکانی بۆسەر ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق ئەنجامداوە.
عەسائیبی ئەهلی حەق
عەسائیب گروپێکی دیکەی شیعی چەکدارە و ساڵی 2006 دامەزراوە، لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانەوە مەشق و راهێنانیان پێکراوە و چەککدار کراون. لە نێوان ساڵانی 2006 بۆ 2011، زیاتر لە شەش هەزار هێرشی بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق ئەنجام داوە، ساڵی 2014، عەسائیب پەیوەندی بە حەشدی شەعبییەوە کرد.
ژمارەی چەکدارەکانی بە 20 هەزار کەس دەخەمڵێنرێت و پەیوەندییەکی زۆر نزیکی لەگەڵ تاران هەیە. ساڵی 2015، قەیس خەزعەلی کە تاوەکو ئێستاش ئەمینداری گروپەکەیە گوتی، “ئەوە شتێکی شاراوە نییە کە ئێران پاڵپشتی هەموو گروپەکان لە عێراق دەکات و ئێمەش یەکێکین لەوانە.”
ساڵی 2020، ئەمریکا عەسائیبی ئەهلی حەقی وەک گروپێکی تیرۆرستی جیهانی ناساند و سزای بەسەر قەیس خەزعەلی و لەیس خەزعەلی برایدا سەپاند.
مایک پۆمپیۆ کاتێک وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بوو گوتی، “عەسائیب و سەرکردەکانی بریکارێکی توندوتیژی ئێران، ئەوان لەبری ئاغاکانیان لە تاران توندوتیژی و کاری تیرۆرستی ئەنجام دەدەن بۆ سوککردنی سەروەریی عێراق.”
لە دوو هەڵبژاردنی رابردوودا عەسائیب بەشداری هەڵبژاردنیان کرد و لەئێستادا پشکیان لە کابینەکەی سودانیدا هەیە.
بزوتنەوەی نوجەبا
نوجەبا گروپێکی دیکەی شیعی چەکداریی عێراقییە و ساڵی 2013 دامەزراوە، بە هەمان شێوە، مەشق و چەک لە سوپای پاسدارانەوە وەردەگرێت. مەبەستی سەرەکی دروستکردنی پاڵپشتیکردنی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد بوو دژی گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان و پاشان و لە ساڵی 2014دا، بووە بەشێک لە حەشدی شەعبی و شەڕی داعشیشی کرد.
ساڵی 2015، ئەکرەم عەسا کەعبی کە سەرۆکی گروپەکەیە بە ئاشکرا گوتی، “ئەو ڕاستییە ناشارینەوە کە پاڵپشتی لۆجستی و تەکنیکی ئێمە لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دێت.”
ساڵی 2019، نوجەبا لەلایەن ئەمریکاوە وەک گروپێکی جیهانیی تیرۆرستی ناسێنرا.
رێکخراوی بەدر
بەدر گروپێکی چەکداریی شیعییە و ساڵی 1982 لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە دامەزرا و راهێنان و چەکی پێدرا، کۆنترین و بەهێزترین بریکاری ئێرانە لە عێراق. لە سەردەمی سەدام حوسێندا ئەندامانی گروپەکە لە ئێران بوون، پاش ساڵی 2003 و داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە، گروپەکە هاتنەوە بۆ عێراق. ساڵی 2014 پەیوەندییان بە حەشدی شەعبییەوە کرد و تاوەکو ساڵی 2017 شەڕی داعشیان کرد. باڵی سیاسیی بەدر چەند کورسییەکی هەیە لە پەرلەمانی عێراق.
جیاواز لەوانی دیکە، رێکخراوی بەدر وەک گروپێکی تیرۆرستی نەناسێنراوە لەلایەن ئەمریکاوە، بەڵام وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا چەند سەرکردەیەکی رێکخراوەکەی سزاداوە.
یەمەن
ئەنساڕوڵا
ئەنساڕوڵا گروپێکی شیعی زەیدین و بە حوسییەکانیش ناسراون، ئەنساڕوڵا لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی رابردوو دامەزراوە، لە ساڵی 2004ـەوە شەڕی حکومەتی یەمەن دەکات. ساڵی 2014، حوسییەکان سەنعای پایتەختی یەمەنیان داگیرکرد و لە ساڵی 2015دا حکومەتەکەی عەبدوڕەبەیان خست. لە ساڵی 2011ـەوە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن و مەشق و راهێنان و چەکیان لە ئێرانەوە پێگەیشتووە، بە تایبەت لە جەنگەکەیان دژی هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتی سعودیە کە ساڵی 2015 دەستیپێکرد.
ئەمریکا لە ساڵی 2014دا دوو سەرکردەی سەربازیی حوسییەکانی سزا دا و پاشانیش لە ساڵی 2015دا، عەبدولمەلیک حوسی کە دامەزرێنەری حوسییەکانە سزا دا.
ئیدارەی ترەمپ لە ساڵی 2018، حوسییەکانی وەک رێکخراوێکی تیرۆرستی ناساند.
سوریا
زەینەبیون
زەینەبیون گروپێکی چەکداریی شیعی پاکستانییە و ساڵی 2014 لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە دامەزراوە و فەیلەقی قودس مەشق و راهێنانی تایبەتی پێکردوون. ئەندامەکانی لەو هاوڵاتییە شیعییانەی پاکستان پێکهاتووە کە لە ئێران دەژین و هەروەها خەڵکی ناوچە شاخاوییەکانی پاکستانن.
ساڵی 2019 گروپی زەینەبیون لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە سزادرا بە تۆمەتی پشتگیریکردنی سوپای پاسداران و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران.
فاتمیون
فاتمیون گروپێکی چەکداریی شیعی ئەفغانییە و لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو دامەزرا بەڵام لە نەوەدەکاندا پووکایەوە، پاشان و لە ساڵی 2012دا لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە زیندووکرایەوە و ئەندامەکانی لە گروپی هەزارەی ئەفغانین کە لە ئێران دەژین. لە ساڵی 2014ـەوە، سوپای پاسدارانی ئێران ئەم گروپەی ناردووەتە سوریا بۆ شەڕکردنی دژی نەیارەکانی بەشار ئەسەد، لە ساڵی 2017دا، نزیکەی 50 هەزار ئەفغانی لە سوریا لەم گروپەدا کۆکرانەوە.
ساڵی 2019 لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە سزادرا.
بەحرەین
سەرایا ئاشتەر
سەرایا ئاشتەر گروپێکی شیعییە لە بەحرەین و لەلایەن ئێرانەوە پارە و چەک و مەشقی بۆ دابینکراوە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ تۆمەتی ئەنجامدانی چەند “کارێکی تیرۆرستی” بۆ روخاندنی حکومەتی بەحرەین، گروپەکەی سزا دا.
لە ساڵی 2017دا، ئەمریکا دوو سەرکردەی گروپەکەی وەک تیرۆرستی جیهانی ناساند و پاشان لە ساڵی 2018دا ئەمریکا گروپەکەی بە فەرمی وەک گروپێکی تیرۆرستی ناساند.