زووم، ئاژانسەکان
شارۆچکەی گرینداڤیک لە نزیکی رێیکجاڤیکی پایتەختی ئایسلەندا، بەهۆی بورکانەوە مەترسی وێرانبوونی لەسەرە و لە دوێنێوە دانیشتووانەکەى چۆڵکردنى شاارۆچکەکەیان دەستپێکردووە، کە نزیکەی چوار هەزار کەس دەبن.
بەهۆی جوڵەی شلەی بورکانی لەژێر توێکڵی زەوی لەو ناوچەیەدا، کە دەکەوێتە باشوری رۆژئاوای ئەو وڵاتەوە، سەدان بومەلەرزەی بچوک لەناوچەکەدا روویانداوە و شارەزایانی ئەو وڵاتە هۆشدارییانداوە لەوەی ئەمە پێشەکییەکە بۆ هەڵقوڵانی بورکانێک لە ناوچەکەدا.
لەوباریەوە ڤیدیر رەینیسن، بەرپرسی پاراستنی مەدەنی و بەڕێوەبردنی فریاگوزاری ئایسلەندا رایگەیاند، “زۆر نیگەرانی ژێرخان و ماڵەکانی ئەو ناوچەیەین” کە مەترسی وێرانبوونیان لەسەرە.
ئەوەی بەرپرسانی ناوچەکەی نیگەرانکردووە ئەوەیە، کە شارۆچکەکە بە سەرچاوەی دابینکردنی کارەبا و ئاوی خواردنەوەی زیاتر لە 30 هەزار کەس دادەنرێت لە نیمچەدورگەی رێیکجانسدا. سەرەڕای ئەوەش بەنداوێک و ناوچەیەکی گەشتیاریی دەکەونە ئەو ناوچەیەوە و ناوچە گەشتیارییەکە ماوەی چەند رۆژێکە داخراوە.
لەبارەی بورکانەکەوە، رەینیسن رایگەیاندووە، “ئەم شلە بورکانییە لە ئاستێکی زۆر تەنکدایە و لەماوەی چەند کاژمێرێک یان لانیکەم دوو رۆژی دیکە دێتە دەرەوە.” ئاماژەی بەوەشکردووە بەهۆی بورکانەکەوە ئەگەری دروستبوونی کرانەوەی درزێک لە نزیک شارۆچکەکەوە سیناریۆیەکی پێشبینیکراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “درزێکمان هەیە کە 15 کیلۆمەتر درێژە و رەنگە لە هەرشوێنێکی ئەو درزەوە بورکانەکە بێتە دەرەوە.” بەڵام باسی لەوە نەکرد کە بورکانەکە لە نزیک دەریاوە بێتە دەرەوە کە لە ئەگەری روودانیدا دوکەڵێکی زۆر پەیدادەبێت.
بومەلەرزەکان ماوەیەک پێش ئێستا زیانیان بە رێگە و باڵەخانەی شارۆچکەکە و دەوروبەری گەیاندووە. وێنەی درزەکانی ئەو شارۆچکەیەش لە تەواوی میدیا و سۆشیاڵ میدیاکانی جیهاندا بڵاوبووەتەوە.
وڵاتی ئاسیلەندا دەکەوێتە باکوری زریای ئەتڵەسی باکور و 33 سیستەمی بورکانی چالاکی هەیە، بەهۆی ئەم بورکانەی کە پێشبینی دەکرێت بێتەدەرەوە، باری لەناکاوی راگەیاندووە و بە زۆر ناوچەکەی بە دانیشتووانەکەی چۆڵکردووە. هەربۆیە دانیشتووانەکەی لە شار و شارۆچکەکانی دیکەی ئەو وڵاتە نیشتەجێبوون.
لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا سێ بورکان لەو ناوچەیەدا دەرچوون کە لەساڵانی 2021، 2022 و 2023 بووە، بەڵام هیچ کامیان وەک ئەمساڵ لە ناوچەکانی نیشتەجێبوون نزیک نەبوون. لە هەمان وڵاتدا ساڵی 2010 بورکانێکی دیکەی گەورە دەرچوو، کە بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی 100 هەزار گەشتی فرۆکە و زیاتر لە 10 ملیۆن کەس لە فرۆکەخانەکاندا گیریان خواردبوو. شارەزایانیش دەڵێن، شکانی چینەکانی زەوی لە سوڕێکی تازەدایە و چالاکی بورکانەکان بۆماوەی چەند دەیە یان سەدەیەکی دیکە بەردەوامدەبێت.