زووم:
رۆژنامەی شەرقلئەوسەت پێشبینیکردووە، وەزارەتی نەوتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت بگەنە ڕێککەوتن بۆ ئەوەی لە ماوەی 3 ڕۆژدا بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم دەستپێبکەنەوە.
ئەوە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ یەک شەممە حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق سەردانی هەرێمی کردو لە کاتی گەیشتی بە فڕۆکەخانەی هەولێر لەمیانی لێدوانێک بۆ رۆژنامەنووسان وتی: سەردانەکەی بۆ شاری هەولێر، بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتە.
عەبدولغەنی، کە لەگەڵ کەمال محەمەد وەزیری سامانەسروشتییەکان بە وەکالەت دەرکەوت وتیشی: بە گوێرەی بودجەی فیدراڵی دەبێت رۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمەوە هەناردە بکرێت، بۆیە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێم و وەزارەتی سامانەسروشتییەکان کۆدەبینەوە بۆ تاوتوێکردنی هەموو ئەو بابەتانەی ئاسانکاری بۆ پرۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت دەکەن.
هەروەها جەختیشیکردەوە، هەناردەکردنی نەوت زۆر گرنگە بۆ عێراق، چونکە سامانی گشتی بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە هەناردەکردنی نەوتی خاو دەبەستێت بۆ دابینکردنی داهاتی بودجەی گشتی.
ئەوەشی وت: ئێمە جددین لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی خاو لە هەرێمەوە، بۆیە ئێستا هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی تێچووی بەرهەمهێنان دەدەین لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیا لێکتێگەیشتنمان هەیە بەمەبەستی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لە عێراقەوە لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە.
لای خۆیەوە کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکانیش رایگەیاند، یەکێک لە هۆکارەکانی سەردانەکەی شاندەکەی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە و چارەسەرکردنی پرسی تێچووی بەرهەمهێنان و پرۆسەی گواستنەوەی نەوتە لە هەرێم.
ڕوونیشیکردەوە، لە بودجەی دارایی عێراقدا نرخی تێچووی دەرهێنانی یەک بەرمیل بە نزیکەی 6 دۆلار دیاریکراوە، بەڵام ئەم نرخ لەگەڵ سروشتی ئەو گرێبەستانەدا ناگونجێت، کە لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمدا کار دەکەن، هیوای خواست ئەم هەنگا و گفتوگۆیانە هەوڵێک بێت بۆ چارەسەری کێشەکان.
هاوکات نیوەڕۆی ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێم دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو ئاشکرایکرد، بیروڕامان لەبارەی ڕێکار و هەنگاوەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم ئاڵوگۆڕ کردووە.
مەسرور بارزانی وتیشی: وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم زیانی چەندین ملیار دۆلاری بە گەنجینەی گشتی گەیاندووە و پێویستە لە زووترین کاتدا هەناردەکردن دەستپێبکاتەوە، هەروەها ئاشکرایکرد، وەزیری سەرچاوە سروشتییەکانی هەرێممان ڕاسپارد، هەماهەنگی تەواو لەگەڵ تیمی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بکەن، کە بڕیارە بۆ چەند ڕۆژێک لە هەولێر بمێننەوە.
سەرۆک وەزیرانی هەرێم ئەوەشی راگەیاند، وەزیری نەوتی فیدڕاڵ خواستی حکومەتی فیدڕاڵی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەربڕی و ئەم داوایەشی بە ناوی سەرۆکوەزیران و حکومەتی فیدڕاڵ خستەڕوو، هاوکات رایگەیاند، بڕیارماندا هەردوو وەزارەت درێژە بە گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەکان لەسەر وردەکارییە قانونی و دارایی و تەکنیکیەکان بدەن، ت بە لەیەکتێگەیشتنێکی هاوبەشەوە چارەسەرەکان بخرێنەڕوو بە ئامانجی ئەوەی لە زووترین کاتدا هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە.
پێشتر پێشەوا هەورامی وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە بارەی ئامانجی سەردانەکەی وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاندبوو، سەردانی وەزیری نەوتی عێراق لە سەر رێککەوتنی هەردوو سەرۆکوەزیرانی عێراق و هەرێمە، تا وەزارەتی نەوت لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دۆسیەی نەوتی هەرێم و کێشەکانی پێکەوە چارەسەربکەن.
هەروەها ئاشکرایکردبوو، بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکان کێشەی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت و رێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمەو بۆ ئەم پرسە دوو بۆ سێ ڕۆژ دەمێننەوە.
رۆژی پێنج شەممەی رابردوو، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ هەریەکە لە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکرات و مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیران و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم کۆبووەوە.