زووم:
ماڵپەڕێکی هەواڵی ئەمریکی ڕۆژی شەممە بڵاویکردەوە، دانوستانەکان لەسەر ڕێککەوتنێک بۆ ئاڵوگۆڕی ژن و منداڵە زیندانییەکان، لە نێوان ئیسرائیل و حەماس گەیشتووەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو.
ماڵپەری ئەمریکی پۆلیتیکۆ بڵاویشیکردەوە، بەرپرسانی ئیسرائیل لەوپەڕی گەشبینیدان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ ئاڵوگۆڕی ژن و منداڵە دیلەکان لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس، سەرەڕای بەردەوامی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هەردوولا بۆ ماوەی ٣٦ ڕۆژ.
ماڵپەرەکە لە زاری چەند سەرچاوەیەکی سەربازی و ئاگادار دووپاتیانکردووەتەوە، مامەڵەیەکی لەو شێوەیە “ئەگەر ڕووبدات – کاتی و سنووردار دەبێت”.
ماڵپەڕەکە لە زاری دوو بەرپرسەوە بڵاویکردووەتەوە، پێدەچێت رێکەوتنەکە ئاڵوگۆڕی چەند منداڵ و ژنێکی بەساڵاچووی ئیسرائیلی لەخۆبگرێت، کە “هەندێکیان دوو ڕەگەزنامەیان هەیە”، لەنێویاندا ئەمریکییەکان.
ئەوان ڕایانگەیاندووە، بە فەرمیکردنی ئاگربەست لە باکووری غەزە لە کۆتایی هەفتەی رابردوو یارمەتیدەر بووە لە هێنانەدی پێشکەوتن لە دانوستانەکان، لە ڕێگەی نێوەندگیری قەتەری و میسرییەکان.
پێشتر سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهۆ، لەسەر بنەمای داواکارییەکی ئەمریکی، ڕازی بووبوو بە ئاگربەستی مرۆیی بۆ ماوەی 4 کاتژمێر لە ڕۆژێکدا، ئەمەش دوای فشارەکانی ئیدارەی جۆ بایدن، کە نزیکەی دوو هەفتە بەردەوام بوو.
بەڵام بەرپرسان هۆشدارییاندا لەوەی، چەند پرسێکی هەڵپەسێردراو ماونەتەوە، کە دەتوانن کێشە بۆ ڕێککەوتنەکە دروست بکەن، لەوانەش نەبوونی لیستی تەواوی دەستگیرکراوەکان.
بە وتەی ئەوان، حەماس داوای ئاگربەست تەواو، یان ئاگربەستی مرۆیی دەکات بۆ ماوەی هەفتەیەک.
دەیڤید مەیدان ئەفسەری پێشووی مۆساد، کە پێشتر وەک ڕێکخەری نەتانیاهۆ بۆ کاروباری زیندانییەکان و دەستگیرکراوەکان کاری کردووە، دەڵێت “شتێک بەنهێنی دەگوزەرێت”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو ئاگربەستە مرۆییانەی، کە نەتانیاهۆ لەسەری ڕێککەوتووە، ڕەنگە یارمەتیدەر بن بۆ “هەندێک هەنگاوی ئەرێنی”، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر لەو بارەوە بخاتەڕوو.