زووم:
لوتکەی هاوبەشی عەرەبی و ئیسلامی، کە لە ڕیازی پایتەختی سعودییە، ڕۆژی شەممە بەڕێوەچوو رایگەیاند، خوازیاری شکاندنی گەمارۆ و ناردنی هاوکارییە مرۆییەکانین بۆ ناو کەرتی غەزە .
لوتکەکە لە بەیاننامەی کۆتایی ئەو داوایەی کردو راشیگەیاند، “دەستدرێژی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە و تاوانەکانی جەنگ و ئەو کۆمەڵکوژییە بەوپەڕی دڕندانە و نامرۆڤانە، جێگەی نیگەرانییە.
لوتکەکە ئەو کردەوانەی سوپای ئیسرائیلی “شەرمەزار” کردو ئەوەشى راگەیاند، ئەو هێرش و کردەوانە “تۆڵەسەندنەوەیە” لە خەڵکی مەدەنی، چونکە “بەرگریکردن، بە هەر بیانوویەک یاسای خۆی هەیە”، کە سوپای ئیسرائیل کردوویەتییە بەهانە بۆ هێرشەکانی.
لوتکەکە لە بەیاننامەکەدا داوای لە هەموو وڵاتان کرد، هەناردەکردنی چەک و تەقەمەنی بۆ ئیسرائیل ڕابگرن، هەروەها جەختیانکردەوە، دەبێت گەمارۆی سەر غەزە هەڵبگیرێت.
لوتکەکە ئەمڕۆ شەممە بەڕێوەچوو، کە زۆرێک لە سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی و جیهانی ئیسلامی قسەیان تێداکردو لە قسەکانیان جەختیانکردەوە، دەبێت هێرش بۆ سەر غەزە بە زووترین کات رابگیرێت.