زووم:
دەستەی پەخشی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، هەزاران سەربازی وڵاتەکەی چوونەتە ناو قوڵایی کەرتی غەزە، ئەوەش لە چوارچێوەی هێرشە زەمنییەکانی سوپاکە بۆ سەر کەرتەکە، کە چەند رۆژێکە دەستیپێکردووە.
بە گوێرەی دەستەی پەخشی ئیسرائیل، ئێستا هێزەکانی ئیسرائیل لە شاری غەزە تەنیا ٣ کیلۆمەتر لە نەخۆشخانەی شیفاوە دوورن، کە دەکەوێتە ناوەڕاستی شارەکە و لە پێشڕەویکردنیش بەردەوامن.
لەلایەکی دیکەوە سوپای ئیسرائیل لەڕێگەی وتەبێژەکەیەوە ڕایگەیاند، هێزەکانیان بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان لە کەرتی غەزە، کە رووبەڕووی چەکدارانی فەڵەستینی دەبنەو بنکەو بارەگا و تونێلەکانیان لەناو دەبەن.
دانیال هاگاری وتەبێژی سوپاکە ئەمڕۆ شەممە راشیگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکانەوە، هێزەکانی ئیسرائیل ١١ شوێنی سەربازی چەکدارانی فەڵەستینیان کۆنترۆڵکردووە.
هەروەها رایگەیاند، هێزەکان چاودێری، چەند تونێلێکی چەکدارانیان ئاشکراکردووەو وێرانیان کردوون، هەروەها ڕوونیکردەوە هێزە دەریاییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ئەو بینایانە، کە چەکدارانی فەڵەستین بۆ شەڕکردن بەکاریدەهێنن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بە درێژایی ئەمڕۆ رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ لە میحوەری گەڕەکی نەسر لە نێوان سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی فەڵەستین لە ناوەڕاستی کەرتی غەزە هەبووە هەبووە.
کەناڵی عەرەبییە بڵاویکردەوە، تانکەکانی سوپای ئیسرائیل لە گەڕەکی نەسر جێگیرن، چەکدارانی فەڵەستینیش هێرشیان کردووەتە سەر ئەو هێزانە.
سەبارەت بە نەخۆشخانەی شیفاش لە شاری غەزە، کە دوێنێ چەندین جار لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە بۆردومان کرا، ئەمڕۆ بە تەواوی تەزووی کارەبای لێبڕاوە، کە سەدان برینداری تێدایەو هەزاران کەسیش وەک پەناگە بەکاریدەهێنن.
چەند رۆژێکی شەڕی چەکدارانی فەڵەستینی و سوپای ئیسرائیلی پێیناوەتە مانگی دووەمەوە، کە تا ئێستا زیاتر لە ١١ هەزار و ٧٨ کەس گیانیان لەدەستداوە، لەو ژمارەیەش زیاتر لە چوار هەزار و ٥٠٦ کەسیان منداڵن.
سەبارەت بە ژمارەی کوژراوانی ئیسرائیلیش، لە دوایین ئاماردا، کە رۆژی هەینی سوپای ئیسرائیل ئاشکرایکرد، هەزار و 200 کەس کوژراون، کە زۆربەیان لە یەکەم ڕۆژی هێرشە لەناکاوەکەی چەکدارانی فەڵەستین بۆ سەر باشووری ئیسرائیل کوژران.