زووم:
بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەمڕۆ شەممە هێرش کرایە سەر بنکەی رمێلان لە باکووری سوریا، کە هێزەکانی ئەمریکا تێیدا جێگیرن.
گروپی “بەرخۆدانی ئیسلامی لەعێراق” بەرپرسیارییان لە هێرشەکە راگەیاندووە، بەڵام تائێستا وردەکاری زیانەکانی هێرشەکە نەخراوەتەڕوو، ئەوەش بەگوێرەی هەواڵی کەناڵی عەرەبییە.
هێرشەکە لەکاتێکدایە، لەماوەی هەفتەی رابردوو لە عێراق و سوریا چەند هێرشێک کرایە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا، کە ئەوەش کاردانەوەی واشنتۆنی بەدواوە هات.
ئەو هێرشەی ئەمڕۆ کراوەتە سەر بنکە سەربازییەکەی ئەمریکا لە سوریا، کە بنکەی سەربازی رمێلانە، پێشینەی نەبووەو یەکەم جارە ئەو گروپە چەکدارییانە هێرش دەکەنە سەر ئەو بنکە سەربازییە.
بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شاری رمێلان دەکەوێتە باکووری شاری حەسەکە، ژمارەیەک سەربازی ئەمریکی و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تێیدا جێگیرن.
هاوکات هەر ئەمڕۆ هێرش کرایە سەر بنکەی سەربازی هەریر لە نزیک هەولێر، کە تائێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیاری لە هێرشەکە رانەگەیاندووەو هێرشەکەش بە فرۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامدراوە، وەک ئەوەی سەرچاوە ئەمنییەکان رایانگەیاندووە.
سەرچاوەکان راشیانگەیاندووە، هێرشەکە هۆڵەکانی فڕۆکەخانەکەی کردووەتە ئامانج و بەهۆی هێرشەکەشەوە تەقینەوەیەکی گەورە روویداوە، بەڵام وردەکاری زیانەکان ئاشکرانەکراوە.