زووم:
سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ شەممە داوای چۆڵکردنی سەرجەم نەخۆشخانەکانی کەرتی غەزەی کرد، ئەوەش بە بیانووی رووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی فەڵەستین لە کەرتەکە.
سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕاشیگەیاند، لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا لانیکەم ١٥٠ هەزار کەس لە باکووری غەزەیان بەجێهێشتووە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژ بە رۆژ سوپای ئیسرائیل گەمارۆی سەر کەرتی غەزە چڕتردەکاتەوە، کە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممەشەوە، هێرشەکانی بۆ سەر نزیک کۆمەڵگەی پزیشکی شیفا لە ڕۆژئاوای شاری غەزە زیاترکردووە.
ئاژانسی هەواڵی فەلەستینی “وەفا” لە زاری سەرچاوە پزیشکییەکانەوە بڵاویکردەوە، کۆرپەیەک بەهۆی سەرماوە لە باخچەی نەخۆشخانەکە گیانی لەدەستداوە، چونکە خەڵکی وەک پەناگەیەک بەکاریدەهێنن بۆ مانەوە.
ئاژانسەکە بڵاویشیکردەوە، هەر ئەمڕۆ ٤ نەخۆش لە بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانەی شیفا بەهۆی پچڕانی کارەبا گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی وتەی شایەتحاڵەکان، تانکەکانی ئیسرائیل بە گولە تیمێکی پزیشکییان کردووە ئامانج، کە سەرقاڵی چارەسەری برینداربەکان بوون لەناو حەوشەی نەخۆشخانەکە.
“وەفا” ئاماژەی بەوەدا، بەشی چاودێری چڕی منداڵان و ئامێرەکانی ئۆکسجین لە نەخۆشخانەکە کارکردنیان وەستاندووە، هەروەها پێشتر بەشی نەشتەرگەری لە نهۆمی پێنجەم بۆردومانکراوەو لەکارکەوتووە.