زووم، بی بی سی
ساڵانی رابردوو شرۆڤەکارانی بواری بازاڕگەریی ئۆتۆمبێل پێشبینییان دەکرد، ئۆتۆمبێلی کارەبایی ببێتە هۆکارى یەکەمی گواستنەوە لە جیهاندا. هەرچەندە لە ئێستادا بازاڕی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە جیهاندا رووی لە فراوانبووندایە، بەڵام شۆڕشی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلە لە ئەمریکا روو لە کەمبوونەوەیە.
کەناڵى بی بی سی لە راپۆرتێکدا باس لە چەند هۆکارێکی سەرەکی کەمبوونەوەى خواست لەسەر ئۆتۆمبێلى کارەبایی لە بازاڕەکانی ئەمریکادا دەکات، کە لە ئاست پێشبینییەکاندا نییە و رووی لە کەمبوونە بەراورد بە ساڵانی رابردوو .
بەگوێرەى راپۆرتەکە لە ساڵی 2017 بۆ 2022 فرۆشی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە ئەمریکا لەزیادبووندا بوو، بەشێوەیەک لە 65 هەزارەوە بۆ 800 هەزار زیادیکرد بوو. فرۆشی ئۆتۆمبێلەکە لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا بەرێژەی 51% بەراورد بە ساڵی 2016 زیادیکردبوو، ئەمەش لەکاتێکدایە ساڵی رابردوو ئەو رێژەیە 71% بووە، واتا ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو 20% کەمیکردووە.
کۆمپانیای تێسلا کە لە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەباییدا لە پێشەنگدایە و نیوەی فرۆشەکانی بازاڕ هی ئەون، بەمدواییانە رایگەیاند، لەماوەی دووساڵی رابردوودا، چارەکی سێیەمی ئەمساڵ کەمترین داهاتی هەبووە.
بەهۆی مەترسییەکانی بازاڕەوە بەشێک لە کۆمپانیاکان لەسەر ئەو داتا و ژمارانە بڕیارە بازرگانییەکانیان دەدەن، بۆنمونە کۆمپانیای جەنەڕاڵ مۆتۆرز، کە دووساڵ لەمەوبەر رایگەیاندبوو تا ساڵی 2035 کۆتایی بە بەرهەمهێنانی مەکینەی ئۆتۆمبێلی سوتەمەنی دەهێنن، بەڵام لە تازەترین پلانیدا بەنیازە لە بەرهەمهێنانی 400 هەزار ئۆتۆمبێلی کارەبایی بکشێتەوە کە بڕیاربوو تا ناوەڕاستی ساڵی 2024 دروستیان بکات. هاوکات کۆمپانیای فۆردیش بەهەمانشێوە بەڕێوەبەرانی ئەو وەبەرهێنانی چەندین ملیار دۆلاریان لەو پیشەسازییەدا دواخستووە.
راپۆرتەکە ئاماژە بەچەند هۆکارێک دەکات، کە بۆچی خواست لەسەر ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە ئەوەندە بەرزنییە، کە پێشبینی کرابوو.
یەکێک لە هەرە کێشە سەرەکییەکانی بەردەم ئۆتۆمبێلی کارەبایی، گرانییەکەیەتی. هەرچەندە نرخەکەی بەراورد بە سەرەتا کەمێک دابەزیوە، بەڵام بەراورد بە ئۆتۆمبێلێکی سوتەمەنی هاوشێوە چەند هێندە گرانترە، بەشێوەیەک نرخی کەمترینیان لە 35 هەزار دۆلارەوە دەستپێدەکات. گرانی ئەمجۆرە ئۆتۆمبێلانە بەشێوەیەکە تەنها ئەو کەسانە دەتوانن بیکڕن کە داهاتەکانیان زۆر بەرزە و بۆ چینی مامناوەند دەستنادات.
کێشەیەکی دیکەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی، بارگاویکردنەوەکەیەتی. ئەگەر هاوڵاتییانی ئەمریکی بیانەوێت لە ماڵەکەی خۆیاندا بارگاوی بکەنەوە دەبێت خەرجییەکی دیکە بکەن بۆ دروستکردنی بکەیەکی بارگاویکردنەوە لە ماڵەکانیاندا. لە دەرەوەش لە هەموو شوێنێکدا بنکەی بارگاویکردنەوە بەردەست نییە و تەنات ئەگەریش هەبێت کاتێکی زۆری پێویستە تا پاتری ئۆتۆمبێلەکە بەتەواوی بارگاویی دەبێتەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە لە ئۆتۆمبێلی ئاساییدا ئەوکێشانە بوونی نییە.
هۆکارێکی دیکەی کەمبوونەوەی خواست لەسەر ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە ئەوەیە کە ئەو کەسانەی حەز و خولیایان کڕینی ئەو ئۆتۆمبێلە کارەباییانە بووە پێشتر کڕیویانە و لە ئێستادا کۆمپانیاکان نەیانتوانیوە سەرنجی چینی مامناوەندی خەڵکی رابکێشن بۆ کڕینیان.
بەگوێرەى راپۆرتەکە ئەو کەسانەى ئۆتۆمبێلی کارەباییان هەیە، لەپاڵ ئەوەشدا ئۆتۆمبێلى سوتەمەنیشیان هەیە، واتە نەبووە بە شوێنگرەوەیان.
لەگەڵ ئەوەشدا شارەزایانی ئەو بوارە دەڵێن، بە تێپەڕبوونی چەند ساڵێکی دیکە ئەم کێشانە روو لە کەمبوونەوە دەکەن و بەهۆی زۆربوونی ژمارەی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان و ژمارەی بنکەکانی بارگاویکردنەوە، خواست لەسەری زیاد دەکات.