بەگوێرەى ئامارى تەندروستى فەڵەستین، تاوەکو ئێستا لانیکەم 11,000 کەس لە غەزە کوژراون، لەنێویاندا 4,500 منداڵ هەن. 36 رۆژە شەڕەکە بەردەوامە، بۆدومانەکانى ئیسرائیل و کوژرانى خەڵکى مەدەنى، بەتایبەتى منداڵان رۆژ لەدواى رۆژ ئیسرائیل لە دۆستەکانى دوردەخاتەوە. ماکرۆن دەڵێت،”پێویستە ئیسرائیل واز لە کوشتنى ژن و منداڵى غەزە بهێنێت.
ئێمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، وەک تازەترین دەنگی دژی بۆردومانەکانی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بی بی سی رایگەیاند، هیچ بیانوویەک بۆ ئەو بوردومانانەی ئیسرائیل نییە، کە ژن و منداڵان لە غەزە دەکوژێت و ئیسرائیل دەبێت ئەمە بوەستێنێت.
دۆخى غەزە گەیشتووە بە ئاستێک تەنانەت ئیسرائیلیش نکۆڵى لە کوژرانى مەدەنییەکان ناکات، بەڵام تاوانەکە دەخاتە ئەستۆى حەماس، ئەنتۆنى بلینکن، وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا و هاودەنگى ئیسرائیل لە تازەترین لێدوانیدا دەڵێت، ” فەڵەستینى زۆر کوژران”.
کۆبوونەوەى رۆژى هەینى ئەنجومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى، تایبەت بوو بە شەڕى غەزە. تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەرى گشتى رێکخراوی تەندروستی جیهانی بە نوێنەرانى 15 وڵاتەکەى ئەنجومەنەکەى گوت، لە غەزە هیچ شوێنێکى سەلامەت بوونى نییە، لە هەر 10 خولەکێکدا منداڵێک دەکوژرێت”.
باسی دۆخى نەخۆشخانەکان و بریندارانى بۆ کردن و گوتى، 250 دامەزراوەى تەندروستى لە غەزە هێرشیان کراوەتەسەر، دەرمان و پێداویستى کەمە، نەشتەرگەرى بەبێ بێهۆشکردن دەکرێت.
ئەو گوتى، زیاتر 1,500,000 هاوڵاتی ئاوارەبوون و بەدوای شوێنی مانەوەدا دەگەڕێن، بەڵام هیچ شوێنێک و هیچ کەسێک لە غەزەدا سەلامەت نییە، دەیان هەزار کەس نەخۆشخانەکانیان کردووە بە پەناگە.
لە لایەکى دیکەوە رێکخراوی یونسێفی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا باس لە نەهامەتییەکانی منداڵانی غەزە دەکات، کە لەلایەک روبەڕوی برسێتی، نەخۆشی و بێ چارەسەری بەهۆی گەمارۆ بوونەتەوە لەلایەکی دیکەش روبەڕوی بۆردوومانە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بوونەتەوە.
عەدلە خۆدر، بەڕێوەبەری ناوچەیی یونسێف لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا رایگەیاند، مافی منداڵان بۆ ژیان و تەندروستییەکی باش لە غەزەدا بەڕەوا نابینرێت و ژیانی ملیۆنێک منداڵ لەو کەرتەدا وەک ئەوە وایە بە تەنافێکەوە هەڵواسرابێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، نەخۆشخانەکانی منداڵان پێش دەستپێکردنی شەڕەکە لەوپەڕی خراپیدابوو بەهۆی کەمی باڵەخانەی تەندروستی و کەمیی پێداویستی پزیشکی. لە ئێستاشدا نەبوونی ئاوی پاک و کارەبا دۆخەکەی بەرەو لێواری مەرگ بردووە.
بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی یونسێف، زیاتر لە 700 هەزار منداڵ ئاوارەبوون، دۆخی ژیانیان هێندە لە مەترسیدایە ئاوی خواردنەوەیان بە ئاسانی دەستناکەوێت و بەهۆی نەبوونی توالێتەوە لە دۆخێکی خراپدا دەژین. لەبەر ئەمەشە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەڵێن، رۆژبەڕۆژ مەترسی بڵابوونەوەی نەخۆشییەکان لەو ناوچەیەدا بەرزدەبێتەوە.