ئەمڕۆ هەینی ڤیکتۆر ئۆربان سەرۆکوەزیرانی ھەنگاریا رایگەیاند، ھیچ بەرەو پێشچوونێک بۆ بە ئەندامبوونی ئۆکراین لە یەکێتیی ئەوروپادا رووینەداوە، وەک ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە وڵاتەکەی لەمپەر لەبەردەم کیێڤ دروستدەکات و نایەوێت ببێتە ئەندامی یەکێتییەکە.
بریارە لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوودا، سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپا بڕیاری خۆیان یەکلابکەنەوە لەسەرئەوەی ئایا دانوستان لەگەڵ ئۆکراین دەستپێبکەن بۆ ئەندامبوون لە یەکێتییەکە، یاخود پرۆسەکە دوابخەن، چاوەروانیش دەکرێت ھەنگاریا کۆسپ بۆ پرۆسەکە دروست بکات.
بۆئەوەی وڵاتێک ببێتە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا (کە بیست و حەوت ئەندامن) پێویستە تەواوی ئەندامانی یەکێتییەکە داواکەی پەسەندبکەن، ئەمە پاساو دەداتە سەرۆکوەزیرانی ھەنگاریا کە ڤیتۆ دژی ھەر وڵاتێک بەکاربهێنێت نەیەوێت ببێتە ئەندام.
رۆژی چوارشەممە، کۆمسیۆنی ئەوروپا، کە لایەنی جێبەجێکاری یەکێتی ئەوروپایە، پێشنیازیکرد ڕێگا بە ئۆکراین بدرێت دەست بە دانوستانی بە ئەندامبوون بکات، بەڵام ئۆربان لە بەرنامەیەکی رادیۆی فەرمی ھەنگاریا گوتی: “وڵاتێکی گەمارۆ دراوە، بەمنزیکانە نابێتە ئەندامی گەورەترین کوتلەی بازرگانی لە جیھاندا”. ئەو دەڵێت:” ئۆکراین بە ھیچ جۆرێک لە جۆرەکان ئامادەی دانوستان نیە… ھەڵوێستی ھەنگاریاش ڕوونە، کە نابێت دانوستان دەستپێبکات”.
ھەنگاریا پێشتر دژی پێدانی چەک بوو بە ئۆکراین، کە ئێستا لەگەڵ روسیا لە جەنگێکی درێژ خایەندایە، لەوەش زیاتر ھەڕەشەی بەکارھێنانی مافی ڤیتۆی کرد لە یەکێتیی ئەوروپا دژی پێدانی چەک بە ئۆکراین.
لەلایەکی دیکەوە ھەنگاریا، ئۆکراین تۆمەتباردەکات بە پێشێلکردنی مافی کەمینەی ھەنگاریی کە لە رۆژئاوای ئۆکراین دەژین و دەڵێت، حکومەتی کیێڤ بەکارھێنانی زمانی ھەنگاری لە خوێندنگاکانی ناوچەکە سنوردارکردووە.