ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە رایگەیاند، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوو چوار جار هێرشکراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا
دەشڵێت لە ئەنجامی هێرشەکان سێ سەرباز بە سوکی برینداربوون و گەڕاونەتەوە سەر ئەرکەکانیان.
رۆیتەرز ئاماژەی بە سێ هێرشی ئەمشەو کردووە بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا کە لە عێراق ئەنجامدراون.
هێرشی یەکەمیان بۆمبێکی چێنراو بووە کە کاروانی هێزێکی هاوبەشی ئەمریکاو دەزگای دژەتیرۆری عێراقی لە نزیک موسڵ بەئامانج گرتووە پیایاندا تەقیوەتەوە
هێرشی دووەم، خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو بووە کە لە نزیک بنکەی عەین ئەسەد لە عێراق خراوەتە خوارەوە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێبکەوێتەوە
هێرشی سێیەمیش هێرشێکی درۆنی بووە بۆ سەر بنکەی سەربازی هەریر لە نزیک هەولێر، بەڵام هێرشەکە پووچەڵکراوەتەوە
دەربارەی هێرشەکەی سەر بنکە سەربازییەکەی هەریر، مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بەرپرسیارێتی هێرشەکەی گرتەئەستۆ و رایگەیاند، بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشمان کردە سەر بنکەی سەربازی هەریر و ئامانجەکەمان پێکا
دژەتیرۆری کوردستان/پارتی دواتر هاتە سەر خەت و زانیارییەکانی دەربارەی هێرشەکە راگەیاند و گوتی، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە کاتژمێر 19:15، لە ڕێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر فڕۆکەخانەی هەریر لە پارێزگای هەولێر
دژەتیرۆر دەشڵێت، بەهۆی هێرشەکەوە ئاگر لە کۆگەی سووتەمەنی بنکەکە کەوتووەتەوە
دژەتیرۆری کوردستان/پارتی راشیگەیاند، فڕۆکەخانەی هەریر پێشتر وەک بنکەیەکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بەکار دەهات، بەڵام لە 20-10-2023 چۆڵ کراوە