زووم:
لە 7ی ئۆکتۆبەری رابردوو، کە “تۆفانی ئەقسا”ی بەخۆیەوە بینی، دواتریش شەڕی غەزەی بەدوا هات، کە تا ئێستا زیاتر لە 10 هەزار کەس کوژراون و زیاتر لە 30 هەزار کەسیش برینداربوون، ئەم ژمارەیەش وای لە بەشێک لە خەڵکی کردووە بە کۆمەڵکوژی بشوبهێنن، کە ئیسرائیل دژ بە دانیشتوانی شارەکە ئەنجامی داوە.
ئەو هێرشە، کە زۆرێک وەک “راپەڕین” وەسفی دەکەن، یەکەم راپەرین نییە لە مێژووی فەلەستیندا، چونکە لە ساڵی 1929دا یەکەم خۆپیشاندان دژی جووەکان لە شاری قودس بەرێوەچوو، کە ئەوکات بە “راپەڕینی سێ شەهیدەکە” یان “شۆڕشی بوراق” ناونرا.
“شۆڕشی بوراق” بە یەکەم شۆرشی فەلەستینییەکان دادەنرێت، کە دژی بە جووکردنی قودس بوو لەسەردەمی ئینتیدابی بەریتانی، کە لە رۆژی 15ی ئابی 1929 پێکدادانی فراوان لەنێوان عەرەب و جووەکان لە نزیک دیواری بوراق روویدا، هەروەها لە 23ی ئابی هەمان ساڵ فراوانتر بوو، کە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی دەیان کەس.
لە سەرەتای سەدەی رابردوو، ئینتیدابی بەریتانی تیشکی خستبووە سەر گۆڕینی دیمۆگرافیای قودس، بۆ ئەوەی نیشتمانێک بۆ جووەکان لە فەلەستین دروستبکات و پایتەختەکەشی قودس بێت، بۆ ئەمەش پشتی بە “بەڵێنی بەلفۆر”ی ساڵی 1917 بەستبوو.
دوای 10 ساڵ لە فەرمانڕەوایەتی بەریتانییەکان، جووەکان لە نزیک “دیواری بوراق” خۆپیشاندانێکی گەورەیان سازکرد و بانگەشەی ئەوەیان دەکرد، ئەو شوێنە بە تەنیا تایبەتە بەجووەکان، کە ئەوەش بووە هۆی هەڵگیرسانی شۆرشی فەلەستینییەکان دژ بە بەریتانی و بزووتنەوەی زایۆنی.
نوێژخوێنانی جوو لە 23ی ئەیلولی 1928، لە نزیک دیواری بوراق دەستیان کرد بە دانانی کورسی و ئەو کەرەستانەی لە سروتەکانی خۆیان بەکاریدەهێنن، ئەم کارەشیان بەبۆنەی رۆژی ” لێخۆشبوون”ەوە بوو، ئەم هەڵسوکەوتەش دژ بە دۆخی ئەو کاتی قودس بوو.
هەروەها لە نۆڤەمبەری 1928دا کۆنگرەیەکی تایبەت لە قودس بە سەرۆکایەتی محەمەد ئەمین حوسێنی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی بەسترا، کە تێیدا زیاتر لە 800 کەسایەتی ئیسلامی لە فەلەستین و سوریا و لوبنان و رۆژهەڵاتی ئوردن بەشداربوون.
کۆنگرەکە داوای لە مسوڵمانانی جیهان کرد، کە یاداشتنامە بۆ بەریتانیا و نەتەوەیەکگرتووەکان بنێرن و داوای پاراستنی دیواری بوراق و شوێنە پیرۆزەکانی قودس بکەن، هەروەها لە کۆنگرەکەدا کۆمەڵەی پارێزگاری مزگەوتی ئەقسا و شوێنە پیرۆزەکان پێکهێنرا.
لەو مانگەدا کۆلۆنێل لیوبۆڵد وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری داگیرکاری، کتێبێکی بەناوی ” کتێبی سپی” دەرکرد، کە تێیدا دووپاتیکردەوە، هەڵسوکەوتی جووەکان لەلای دیواری بوراق دژی ئەو دۆخەیە، کە لە سەردەمی عوسمانییەکانەوە بوونی هەیە.
دەسەڵاتدارانی بەریتانیا پابەندی خۆیان بۆ هێشتنەوەی دۆخەکە وەک خۆی دەربڕی، هەروەها محەمەد ئەمین حوسێنی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی، نامەیەکی بۆ حاکمی کەرتی قودس نارد و داوای جێبەجێکردنی ئەو خاڵانەی دەکرد، کە لە “کتێبی سپی”دا هاتووە.
شۆڕشی بوراق ئەو کاتە هەڵگیرسا، کە جووەکان لە 14ی ئابی 1929 خۆپیشاندانێکیان بەبۆنەی “تێکدانی پەیکەری سولەیمان” ڕیکخست، کە تێیدا دروشمی نەتەوەیی جوویان دەوتەوە، دوو رۆژ دوای ئەوەش، کە هاوکات بوو لەگەڵ یادی لە دایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام محەمەد (د. خ) مسوڵمانان دەستە دەستە روویان لە دیوارەکە کرد بۆ ئەوەی بیپارێزن، بۆیە پێکدادان لە نێوان هەردوولا روویدا، دواتریش زۆرینەی شارەکانی فەلەستینی گرتەوە، کە بەهۆیەوە 133 جوو کوژران و 339ی دیکەش برینداربوون، ئەمە لەکاتێکدابوو کە 116 فەلەستینی کوژراون و 232ی دیکەش برینداربوون.
بەریتانیا بە بەکارهێنانی هێز خۆپیشاندانەکەی دامرکاندەوە، هەروەها زیاتر لە هەزار فەلەستینی لەسەر ڕووداوەکە دادگایی کرد، کە حوکمی لەسێدارەدانی بۆ 27 کەسیان دەکرد، هەروەها بۆ ئەوەی شۆڕش دووبارەنەبێتەوە، بەریتانیا لە 25ی ئۆکتۆبەری 1929 مەرسومێکی بەناوی ” یاسای سزادانی” دەرکرد.
دوای رووداوەکانی شۆڕشی بوراق، ئەنجوومەنی نەتەوە یەکگرتوەکان لە 14ی کانوونی دووەمی 1930 لیژنەیەکی لەسەر داوای حکومەتی بەریتانیا پێکهێنا، لیژنەکە رایگەیاند، خاوەنداری دیوارەکە بۆ مسوڵمانان دەگەڕێتەوە، دەشڵێت: جووەکان مافی ئەوەیان هەیە، کە بچنە لای دیوارەکە.