زووم:
دروست سی و چوار ساڵ پێش ئێستا و لە رۆژی 9ی تشرینی دووەمی 1989 دیواری بەرلین لەلایەن خەڵکی شارەکەوە رووخێنرا، کە ئەو رووداوە بووە هۆی دروستکردنی گۆڕانکاری گەورە لە ئاستی ناوخۆیی ئەڵمانیا و تەنانەت جیهانیش.
هەرچەندە پێشوەخت زەمینە بۆ رووخاندنی دیواری بەرلین هەبوو، بەڵام هیچ وادەیەک دیارینەکرابوو بۆ رووخاندەکەی، لەگەڵ ئەوەش پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراو هەموو شتێکی پێچەوانە کردەوەو وەک ئەوەی دەوترێت لە چاوترووکانێک هەموو شتێک رووداوە.
پێشهاتی رووخانی دیواری بەرلین ئەوەبوو، گۆنتەر شابۆڤسکی وتەبێژی فەرمی و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی سۆسیالیستی ئەڵمانیا بەهەڵە رایگەیاند، بەربەستەکانی هاتووچۆی نێوان هەردوو ئەڵمانیا لادەبرێت، بەبێ ئەوەی هیچ وادەیەک بۆ لابردنەکە رابگەیەنێت، بەڵام لێدوانەکەی جۆرێک لە پشێوی و قەرەباڵغی دروستکرد و ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیانی ئەڵمانیای رۆژهەڵات لە نزیک دیوارەکە گردبوونەوە، دواجار رووداوەکەش بە ڕووخانی دیوارەکە کۆتایی هات.
بۆ ئەوەی لە رووداوەکە تێبگەین دەبێت بگەڕێنەوە بۆ مێژووی دروستکردنی دیوارەکە، کە دەگەرێتەوە بۆ شوباتی 1945، ئەو کاتەی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە جەنگی دووەمی جیهانیدا سەرکەوتن و لە کۆنگرەی “یاڵتا”دا ئەڵمانیایان کرد بە چوارناوچەوە، لە 23ی تەموزی 1949شدا، ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵیان دروستکرد، کە دواتر بە “ئەڵمانیای رۆژئاوا” ناسرا، لەلایەکی دیکەشەوە یەکێتی سۆڤییەت، “ئەڵمانیای دیموکراسی”ی لە 7ی ئۆکتۆبەری 1949 دروستکرد، کە دواتر بە “ئەڵمانیای رۆژهەڵات” ناسرا.
دواتر یەکێتی سۆڤییەت لە 1952دا بریاری داخستنی سنوری نێوان بەرلینی رۆژهەڵات و رۆژئاوای دەرکرد، بەڵام ئەم کارە سەرکەوتوو نەبوو، خەڵکی هەر هاتوچۆیان دەکرد، بۆیە لە 12ی ئابی 1961 فاڵتەر ئۆڵبەریچ سەرۆکی ئەڵمانیای رۆژهەڵات بڕیاری دروستکردنی دیوارەکەی دەرکرد، کە هاتوچۆی کۆت و بەند کرد و بەم شێوەیە مایەوە تا ساڵی 1989.
رووخانی دیواری بەرلین لە ناوخۆی ئەڵمانیا کاریگەری گەورەی دروستکرد، بە شێوەیەک دوای ساڵێک لەرووخانی دیوارەکە، لە ئابی 1990 هیڵمۆت کۆڵ وەک ڕاوێژکاری ئەڵمانیای یەکگرتوو هەڵبژێردرا، دوای ئەوەی یەکگرتنەوەی هەردوو ئەڵمانیاکە راگەیەنرا.
لەبارەی لێکەوتەکانی ئەو ڕووداوەش لە ئاستی جیهانی، فرانسیس فۆکۆیاما سیاسەتمەدار لە وتارێکیدا، کە لە گۆڤاری ناشیۆناڵ ئینترست لە هاوینی ساڵی 1989 بڵاویکردووەتەوە، نووسیویەتی: ئەمە تەنیا کۆتایی جەنگی سارد، یان تێپەڕینی کاتێکی دوای جەنگ نییە، بەڵکو کۆتایی مێژووە، ئەوە خاڵی کۆتایی گەشەی ئایدۆلۆژی مرۆڤایەتی و گشتاندنی دیموکراسی و لیبراڵی رۆژئاوایە، کە دواین شێوەی فەرمانرەوایەتی مرۆڤایەتییە.
کاریگەرییەکانی رووداوەکە لە سەر ئاستی جیهان بەشێویەک بوو، لە ٢٥ی کانوونی دووەمی ١٩٩١ بە تەواوی کۆتایی بە یەکێتی سۆڤییەت هات، دوای ئەوەی چەند وڵاتێکی ناو یەکێتییەکە رایانگەیاند، چیتر نابنە بەشێک لە یەکێتی سۆڤییەت، بە کۆتایی یەکێتی سۆڤییەتیش، کۆتایی بەو جەنگە ساردە هات، کە ماوەی زیاتر لە چوار دەیە لەنێوان یەکێتییەکەو وڵاتانی رۆژئاوا بەردەوامی هەبوو، دوای ئەوەش وڵاتانی جیهان پشتگیرییان بۆ “سەردەمی نوێ” دەربڕی، لەوەش زیاتر زۆرینەیان سیستمی فەرمانرەواییان بۆ دیموکراسی لیبراڵی گۆڕی.