زووم:
رێکخراوی تەندروستی جیهانیی (WHO) رایگەیاند، زیاتر لە 33 هەزار و 500 حاڵەتی سكچوون لەناوەڕاستی مانگی رابردووەوە لە غەزە تۆمارکراوە، زۆرینەی ئەو ژمارەیەش منداڵانی تەمەن خوار پێنج ساڵانن.
منداڵان قوربانی سەرەکی شەڕەکەن و تا دێت ناڕەحەتییەکانی خەڵکی فەلەستین بەهۆی گەمارۆ و بۆردومانە بەردەوامەکانی ئیسرائیل زیاتر دەبێت.
لە تازەترین هۆشداریشدا، دایکانی فەلەستین، کە لە نەخۆشخانە و قوتابخانەکاندا پەناگەیەکیان بۆ خۆیان و منداڵەکانیان دۆزیوەتەوە، کە دەڵێن منداڵەکانیان بەرەو وشکبوونەوە دەچن و کێشی لەشیان بەشێوەیەکی زۆر خراپ کەمیکردووە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی جەزیرە، کە لێدوانی لە چەند ژنێکی فەلەستینی وەرگرتووە، منداڵان تووشی سکچوون بوون و بەهۆیەوە توشی وشکبوونەوەیەکی سەخت بوونەتەوە.
دایکی یەکێک لە منداڵەکان دەڵێت: منداڵەکەی هاوشێوەی چەندین منداڵی دیکە، کە لە نەخۆشخانەیەکی قەرەباڵخی کامپی نوسەیراتدا ماونەتەوە، نیوەی کێشی خۆی لەدەستداوە، هۆکارەکەشی بۆ نەبوونی خۆراکی پێویست لەو ناوچەیەدا گەڕاندووەتەوە.
لەدوای هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری حەماس و دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە، سوپای ئەو وڵاتە گەمارۆکانی سەر کەرتی غەزەی هێندەی دیکە توندکردەوە، بەمەش رێگری لە هەناردەکردنی ئاو، خۆراک و پێداویستی پزیشکی کرد بۆ کەرتەکە، لە ئێستاشدا دانیشووانی غەزە بەدەست نەبوونی خواردنەوە دەناڵێنن.
خراپتربوونی دۆخی تەندروستی منداڵانی غەزە لەکاتێکدایە، هەفتەی رابردوو رێکخراوی یونسێفی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، بەهۆی بۆردوومانی فرۆکەکانی ئیسرائیلەوە غەزە بووە بە “گۆڕستانی منداڵان.”
تا ئێستا بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە لەکۆی ئەو 10 هەزار و 500 کەسە، زیاتر لە چوار هەزار و 300 منداڵ گیانیان لەدەستداوە.
رێکخراوی یونسێفی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەکردووە زیاتر لە یەک ملیۆن منداڵ لە غەزە روبەڕووی قەیرانی بێئاویی بوونەتەوە، چونکە توانای پاککردنەوەی ئاوی سوێری ئەو ناوچەیە بۆ تەنیا 5% کەمیکردووە، هەروەها راشیگەیاندووە، مەترسی مردنی منداڵان، بەتایبەت تازە لەدایکبووان بەهۆی وشکبوونەوەوە تا دێت بەرزتردەبێتەوە.
نەبوونی ئاوی پاکی خواردنەوە وایکردووە خەڵکی ناوچەکە پەنا ببەنە بەر خواردنەوەی ئاوی سوێر، ئەو ئاوەش هێندە زیانبەخشە، خەڵکی ناوچەکە دەڵێن، منداڵییش پێی نەخۆشدەکەوێت و تووشی سکچوون دەبێت.
بەرپرسانی نەتەوەیەکگرتووەکان بەردەوام هۆشداریی دەدەن ئەگەر ئاگربەست رانەگەیەندرێت، هیچ ئاو، خۆراک و دەرمانێک بەردەست نابێت و ئەگەر لەگەڵ ئەوەشدا منداڵانی رفێندراوی دەستی حەماس ئازاد نەکرێت ئەوە روبەرووی چەندین مەترسیی گەورە بۆ منداڵانی بێتاوان دەبینەوە.