زووم، ئاژانسەکان
دوای زیاتر لە مانگێک و سێ رۆژ لە هێرشەکەی چەکدارانی حەماس و بە بارمتەگرتنی زیاتر لە 240 سەرباز و هاوڵاتی ئیسرائیلی، لە ئێستادا گفتۆکان بۆ ئازادکردنی ژمارەیەکی کەم لە بارمتەکانی لای حەماس بەردەوامن، بەمەرجێک سوپای ئیسرائیل بۆماوەیەکی کاتیی ئۆپەراسیۆنەکانی لە کەرتی غەزە رابگرێت، ئەمەش بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەک کە بە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکییان راگەیاندووە.
یەکێک لە سەرچاوەکان کە لە گفتوگۆکان ئاگاداربووە بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، بەگوێرەی ئەو مەرجانەی لە گفتوگۆکاندا باسی لێوەکراوە، حەماس 15 بارمتە ئازاد دەکات و ئیسرائیلیش هێرشەکانی بۆماوەی سێ رۆژ رادەگرێت، ئەمەش رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بگاتە ناو کەرتی غەزە و دواتریش بارمتەکان دوای ئازادکردنیان، بتوانن بێنە دەرەوە.
بەرپرسانی دیکەی نزیک لە پرسەکە باسیان لە رێککەوتنەکە کردووە، بەڵام رەتیانکردووەتەوە ژمارەی ئەو بارمتانە ئاشکرابکەن کە حەماس بەنیازە ئازادیان بکات.
بەگوێرەی بەرپرسانی ئەمریکا، ویلیام بێرنز بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی ئەمریکا (CIA)، رۆڵیگێڕاوە لە نێوەدگیریی لە دانوستانەکاندا. لە ئێستاشدا دەستی بە سەردانیکردن بۆ چەندین وڵاتی کەنداوی فارس کردووە و پێسبینیش دەکرێت بەردەوامبێت لەسەر پرسی بارمتەکان.
جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا رەتیکردەوە کە لەبارەی دانوستانەکانەوە هیچ لێدوانێک بدات بەڵام رایگەیاند پێشبینی راگەیاندنی دوو ئاگربەستی مرۆیی دەکرێت کە رێگە بە خەڵکی بدرێت غەزە جێبهێڵن لە نێویشیاندا بارمتەکانی لای حەماس.
بەگوێرەی پلانەکە حەماس بەنیازە ژن و منداڵە ئسیرائیلییەکان ئازادبکات کە لەنێویشیاندا هاوڵاتی ئەمریکی هەیە. بەڵام ئاشکرا نەکراوە کە چەند هاوڵاتی ئەمریکی ئازاد دەکرێن.
بەگوێرەی سەرچاوەکان، قەتەر رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە نێوەندگیریی ئیسرائیل و حەماسدا و پێشتریش لە ئازادکردنی چوار بارمتەکەی دیکەدا رۆڵی گێڕاوە. هۆکاری ئەوەش بۆ پەیوەندی وڵاتەکە لەگەڵ هەرسێ لایەنی ئەمریکا، ئیسرائیل و حەماس دەگەڕێتەوە و بەشێک لە سەرکردەکانی حەماس لە دەوحەدا دادەنیشن.
لە ماوەی هەفتەی رابردوودا بەرپرسانی ئەمریکا و ئەنتۆنی بلینکنی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە بە سەردانێک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستبوو، رۆڵی گرنگی هەبووە لە چڕکردنەوەی فشارەکان بۆ ئازادکردنی بارمتەکان لەبەرامبەر راگەیاندنی ئاگربەستێکی مرۆیی کاتیدا.
دوێنێ چوارشەممە، ڤێدانت پاتێل وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند 10 هاوڵاتی ئەمریکی تا ئێستا بێسەروشوێن ماونەتەوە لەمانگی رابردووەوە، وتیشی، “بەردەوام لە هەوڵداین بۆ دۆزینەوەیی شوێنی ئەو بارمتانە.”