زووم، ئاژانسەکان
حکومەتی عێراق بۆ یەکەمجار لەگەڵ نوێنەری کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی هەرێمی کوردستان (ئاپیکور) کۆبووەوە و لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی بۆری عێراق-تورکیاوە گفتوگۆیان کرد.
هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رۆژى 25ـى ئازارى 2023 راگیرا، دواى بڕیارێکى دادگاى ناوبژیوانى نێودەوڵەتى لە پاریس، تورکیا بەمدواییە ئامادەى بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتەکە دەربڕیوە، ئەم کۆبوونەوەى دوێنێی حکومەتى عێراق و لەگەڵ ئاپیکو گفتوگۆیانە لەبارەى دەستپێکردنى هەناردەى نەوتەکە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێک کە لەدوای کۆبوونەوەکە کە دەست ماڵپەڕی رۆیتەرز کەوتووە، کۆبوونەوەکە لە دوبەی بەڕێوەچووە و نوێنەرانی هەریەک لە ئاپیکور، وەزارەتی نەوتی عێراق، کۆمپانیای سۆمۆ و کۆمپانیای نەوتی باکور ئامادەی بوون.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، هەریەک لە نوێنەرانی ئاپیکور و بەرپرسانی حکومەتی عێراق جەختیان لەوە کردووەتەوە، کە دەبێت بەزوترین کات بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتی هەرێم بەتەواوی توانای گواستنەوەی بۆرییەکە دەستپێبکاتەوە، ئەمەش دەبێت لەسەر بنەمای چەند رێککەوتنێکی هاوبەشی بازرگانی هەردوولا بێت.
سەرچاوەیەکى ئاگادار لە پرسەکە بە رۆیتەرزى گوتووە، لە کۆبوونەوەکەدا هیچ رێککەوتنێک نەکراوە.
لەبارەیەوە مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی ئاپیکور بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، “ئەمە یەکەمین هەنگاوە و پێشبینی دەکەین لە داهاتوودا کۆبوونەوەی دیکەمان لەگەڵ کاربەدەستاندا هەبێت.”
ئاپیکور کۆمەڵەیەکە لە چەندین کۆمپانیای گاز و نەوتی جیهانیی پێکدێت، کە لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان کاری وەبەرهێنان و هەناردەکردنی نەوت و گازی سروشتیی دەکەن. لەدوای داخستنی بۆرییەکە بەشێکی زۆریان کارەکانیان راگرتووە و نەوت بەرهەمناهێنن.
زیانەکانى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لەماوەى هەشت مانگى رابردوودا نزیک دەبێتەوە لە نۆ تریلیۆن دینار.