زووم:
ئەو تونێلانەی چەکدارانی فەڵەستینی لە ناو کەرتی غەزە هەڵیکەندوون، کە بە “شارێکی ژێرزەمینی” وەسف دەکرێن، بووەتە “کابووس”ێک بۆ سوپای ئیسرائیل، کە ئێستا شەڕکردن گەیشتووەتە ناویان.
لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڤیدیۆی چەکدارەکانی فەڵەستینی بڵاودەبێتەوە، کە لە تونێلەکانی غەزەوە هێرش دەکەنە سەر هێزە زەمینییەکانی سوپای ئیسرائیل، کە چەند رۆژێکە دەستیان بە هێرش بۆ ناو کەرتەکە کردووە.
بە گوێرەی راپۆرتێکی کەناڵی سکای نیوز، کە ئەمڕۆ چوار شەممە بڵاویکردووەتەوە، ئامانجی یەکەمی ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکەی سوپای ئیسرائیل بۆ کەرتی غەزە، بۆ تێکدانی ئەو تونێلانەیە، کە ساڵانێکە بۆ چەکدارانی فەڵەستین دروستکراوە.
هەر بە گوێرەی راپۆرتەکە، ئامانجی دووەمی سوپای ئیسرائیل، ئازادکردنی بارمتەکانە، کە زۆربەی سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، بارمتەکان لەناو ئەو تونێلانە حەشاردراون، کە ژمارەی بارمتەکان٢٤٢ کەسن.
سوپای ئیسرائیل دووشەممەی ڕابردوو دەستی بە “قۆناغی دووەم”ی ئۆپەراسیۆنی زەمینییەکانی لە کەرتی غەزە کرد، ئەوەش بۆ کۆنترۆڵکردنی چەند ناوچەیەکی کەرتەکە وەک ئەوەی خۆیان رایانگەیاندووە.
لەلایەکی تر بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس، ئەو تونێلانەی چەکدارانی فەڵەستینی لە ژێر غەزە دروستیانکردووە، “گەورەترین هەڕەشە”یە بۆ سەر سوپای ئیسرائیل.
هەر بە گوێرەی راپۆرتەکە، تونێلەکانی کەرتی غەزە وەک تۆڕێکی فراوان وان، کە بەناو گەڕەکەکانی شاری غەزەدا درێژدەبنەوە، دەیان جبەخانەو حەشارگەیان تێدایە، کە گەیشتن پێیان زۆر سەخت و ئاڵۆزە.
ئەمە لەکاتێکدایە سوپای ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە دەکات، نەخشەی وردی تونێلەکانی لەبەردەستدایە، هەروەها پلانی گونجاو ئامادەدەکات بۆ ئەوەی بیانکاتە گۆڕستانێک بۆ چەکدارانی فەڵەستینی، لە کاتێکدا ئەو چەکدارانە دووپاتیدەکەنەوە، تونێلەکان نیشانەی توانای بەرزی ئەوانن و ئیسرائیل تووشی شۆک دەکات و دەبێتە تەڵە و گۆڕستانێکی گەورە بۆ سەربازەکانی.