زووم:
بەهۆی شەڕەکانی کەرتی غەزە، داهاتی ئیسرائیل لە مانگی تشرینی یەکەمدا، ٢٢.٩ ملیار شیکڵ (٦ ملیار دۆلار) کورتهێنانی هەبووە، ئەوەش بە گوێرەی داتا فەرمییەکانی وەزارەتی دارایی ئەو وڵاتە.
وەزارەتەکە هۆکاری ئەم کورتهێنانەی بۆ خەرجییە زۆرەکانی دارایی شەڕ لەگەڵ چەکدارانی فەلەستینی لە کەرتی غەزە گەڕاندووەتەوەو ئاماژەی بەوەشکردووە، کورتهێنان لەبەرهەمی گشتی ناوخۆیی لە مانگی تشرینی یەکەم بەرزبووەتەوە بۆ لەسەدا 2.6%، لەکاتێکدا لە مانگی ئەیلولدا لەسەدا 1.5% بووە.
هەر بە گوێرەی داتاکانی وەزارەتی دارایی ئیسرائیل، بە گشتی داهاتەکانی ناوخۆی وڵات لە مانگی ڕابردوودا بە ڕێژەی لەسەدا 15.2% دابەزینیان بەخۆوە بینیوە بەهۆی دواخستنی باج و کەمبوونەوەی داهاتی ئاسایشی کۆمەڵایەتی لە ئەنجامی ئەو شەڕەی لە 7ی ئۆکتۆبەردا سەریهەڵدا.
داتاکانی وەزارەتی دارایی ئیسرائیل ئەوەشیان ئاشکراکردووە، کورتهێنان لە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوودا 4.6 ملیار شیکل بووە، هەروەها لە مانگی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵ 3.1 ملیار شیکل بووە، کە بە بەراورد بەو دوو مانگە لەمساڵدا کورتهێنان زیاتر لە 7 هێندە زیادیکردووە.
لە لایەکی دیکەوە بەهۆی شەڕی غەزەوە، ژمارەی گەشتیاران لە ئیسرائیل لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا بە ڕێژەی لەسەدا ٧٣ کەمیکردووە، کە بەپێی داتاکانی نووسینگەی ئاماری ئیسرائیل، لە مانگی تشرینی یەکەمدا نزیکەی ٩٩ هەزار سەردانکەر، کە زۆربەیان وەک گەشتیار پۆلێنکراون، سەردانی ئیسرائیلیان کردووە، لە کاتێکدا لە هەمان مانگی ساڵی ڕابردوودا ٣٦٩ هەزار سەردانکەر و لە هەمان ماوەی ساڵی ٢٠١٩ پێش پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا نزیکەی ٤٨٥ هەزار سەردانکەر بوون .
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئاشکراکراوە، مانگی ڕابردوو 454 هەزار ئیسرائیلی وڵاتەکەیان بەجێهێشتووە، هاوکات رێژەی گەشتیاری لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بن گوریۆنەوە بە تێکڕا لە دوای سەرهەڵدانی جەنگەوە لەسەدا 80% کەمیکردووە.
لەلایەکی دیکەوە ڕۆژنامەی ئابوری ئیسرائیلی کالکالیست بە پشتبەستن بە ئامارە سەرەتاییەکانی وەزارەتی دارایی بڵاویکردەوە، تێچووی ئەو شەڕەی ئیسرائیل دژی چەکدارانی فەڵەستین لە کەرتی غەزە بەڕێوەی دەبات، دەگاتە ٢٠٠ ملیار شیکڵ، کە دەکاتە ٥١ ملیار دۆلار.
ڕۆژنامەکە ڕوونیشیکردووەتەوە، خەمڵاندنی تێچوونەکان، کە یەکسانە بە لەسەدا 10%ی کۆی گشتی داهاتی ناوخۆیی، لەسەر بنەمای ئەگەری بەردەوامبوونی شەڕەکەیە لە 8 بۆ 12 مانگ، لەگەڵ ئەوەی بابەتەکە سنووردارە بە غەزە بەبێ بەشداریکردنی حزبوڵای لوبنان ، یان ئێران، یان یەمەن لە شەڕەکەو فراوانبوونی جەنگەکە.
بیزالیل سمۆتریچ وەزیری دارایی پێشتر ڕایگەیاندبوو، حکومەتی ئیسرائیل پاکێجێکی هاوکاری ئابووری بۆ ئەو کەسانە ئامادەدەکات، کە بەهۆی هێرشەکانی فەڵەستینەوە زیانیان بەرکەوتووە، کە “گەورەتر و فراوانتر” دەبێت لەوەی لە سەردەمی پەتای کۆڤید-19دا هەبوو، ئەمەش خەرجییەکانی ئەو وڵاتە زیاتر دەکات.
هاوکات بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممەی رابردوو ڕایگەیاند، دەوڵەت پابەندە بە یارمەتیدانی هەموو ئەو کەسانەی زیانیان بەرکەوتووە، تێچووەکەی هەرچەند بێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەروەک چۆن لە کاتی قەیرانی کۆڤیددا کردمان ئێستاش دەیکەین، چونکە لە دەیەی ڕابردوودا ئابورییەکی زۆر بەهێزمان بنیاتناوە.