زووم:
لە 72 کاتژمێری رابردوودا محەمەد شەیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەستی بە هەوڵێک کردووە، بۆ وەستاندنی هێرشی گروپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران بۆ سەر بارەگاکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا، بەڵام ئەگەر هەوڵەکەی شکست بهێنێت چی روودەدات؟
درەنگانێکی شەوی دووشەممەی رابردوو، سودانی، کۆبوونەوەیەکی داخراوی لەگەڵ سەرکردەکانی “چوارچێوەی هەماهەنگی” ئەنجامداوە، کە تێدا ژمارەیەک سەرکردەی هێزە چەکدارەکانی هاوپەیمانی ئێرانیش بەشدارییان کردووە.
دیارترین ئەو سەرکردانەی بەشداری کۆبوونەوەکەیان کردووە ئەمینداری “ئەسائیب ئەهلی حەق”، قەیس خەزعەلی و سەرکردەی “لیواکانی سەیدو شوهەدا” ئەبو ئالا وەلائی بەشداری کۆبوونەوەکەیان کردووە.
ئەو کۆبوونەوەیە دوای چەند کاتژمێرێک لە گەڕانەوەی سودانی بووە لە تارانی پایتەختی ئێران، کە لە سەردانەکەی لەگەڵ ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران و عەلی خامنەیی ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
هەرچەندە “چوارچێوەی هەماهەنگی”، یان نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق هیچ لێدوان و بەیاننامەیەکیان سەبارەت بەو کۆبوونەوەیە بڵاونەکردەوە، بەڵام سەرکردەیەکی دیاری چوارچێوەکە بۆ رۆژنامەی “عەرەبی جەدید” ئاشکرایکردووە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە هۆشدارییەکانی ئەمریکا سەبارەت بە بەردەوامی هێرشی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا کراوە.
ئەو سەرکردەیە، ئاماژەی بەوەشداوە، سودانی جەختی لە جددیەتی هۆشدارییەکانی ئەمریکا کردووەتەوە، کە لەلایەن بلینکن پێیدراوە، کاتێک شەوی یەک شەممەی رابردوو سەردانی بەغدای کردو لەگەڵی کۆبووەوە.
ئەو سەرکردەیە ئاشکراشیکردووە، سودانی دڵنیایی داوە بە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەگەر هێرشەکان رانەگرن، ئەوە ئەمریکا وەڵامی توندی بۆ هێرشەکان دەبێت، هەروەها جەختی لەوەش کردووەتەوە، ئەم بابەتەی لە سەردانەکەیدا بۆ تاران بە وردی لەگەڵ لایەنی ئێرانیش تاوتوێکردووەو داوای لەبەرپرسانی ئەو وڵاتەش کردووە، دەستوەردان بکەن بۆ ئەوەی فشار بخەنە سەر گروپە چەکدارییەکان بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانیان، ئەوەش لە پێناوی ڕێگریکردن لەخراپبوونی دۆخی ناوخۆیی عێراق.
سەرکردەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی باسی لەوەش کردووە، لە کۆبوونەوەکە سودانی هەمان داوای لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیش کردووە، بەوەی فشار بخەنە سەر گروپە چەکدارەکان بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان دژی ئەمریکییەکان لە عێراق و سوریاش.
ماوەیەکە گروپێک بەناوی بەرەی “بەرخۆدانی ئیسلامی لە عێراق” چالاکی لە دژی بنکەو بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکا لەعێراق و سوریا ئەنجامدەدەن و ئەوەش نیگەرانی واشنۆتنی لێکەوتووەتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە دوو هەفتەی رابردوو ئەو بەرەیە چەندین هێرشیان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا ئەنجامدا.
لای خۆیەوە، ئەحمەد شەریفی توێژەر لە کاروباری ئەمنی و سیاسی، لە بارەی ترسی سودانی لە هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ رۆژنامەکە دەڵێت: سەرۆک وەزیرانی عێراق دوای ئەو هۆشداری و هەڕەشەیانەی لە وەزیری ئەمەریکا پێگەیشتووە، درک بە جددیەتی واشنتۆن دەکات، بۆیە دەیەوێت بە خێرایی کاربکات بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، بۆ ئەوەی لە کۆنتڕۆڵ دەرنەچێت.
ئەحمەد شەریفی دەشڵێت: سەردانی خێرای سودانی بۆ ئێران دوای چەند کاتژمێرێک لە کۆتایی دیدارەکەی لەگەڵ بلینکن و ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکیش دوای گەڕانەوەی لە تاران، پشتڕاستی دەکەنەوە عێراق بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت، کە هەستیارییەکەش ئەوەیە، زەمینە بۆ پێکدادانی ڕاستەوخۆی نێوان هێزەکانی ئەمریکا و هەندێک لە گروپە چەکدارەکانی عێراق هەیە.
ئەو توێژەرە هۆشداریشیدا، لە ئەگەری شکستی هەوڵەکانی سودانی لە وەستاندنی هێرشەکانی دژی هێزەکانی ئەمریکا، چونکە ئەمە پاڵ بە ئیدارەی ئەمریکاوە دەنێت بۆ جێبەجێکردنی هەڕەشە و هۆشدارییەکان، ئەمەش عێراق دەخاتە ناو کێشەی ئەمنی و ئابووری گەورەوە.