زووم:
ئەو وشکەساڵی و کەمبارانییەی سێ ساڵی رابردوو ناوچە جیاوازەکانی عێراق و سوریا و ئێرانی گرتووەتەوە، مەترسی لەسەر ژیانی ملیۆنان کەس دروستکردووە، ئەوەش بەهۆی کەمبوونەوەی رێژەی ئاو لەو ناوچانە.
کۆمەڵێک زانا لە تیمێکی نێودەوڵەتی کەشوهەوا، توێژینەوەیەکیان لەسەر وشکەساڵی ڕۆژئاوای ئاسیا ئەنجامداوە، کە بە گوێرەی توێژینەوەکە، لەو وڵاتانە وشکەساڵی لە مانگی تەمموزی ٢٠٢٠ دەستیپێکردووە، زیاتر بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی ئاساییەوە بووە، کە ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی بارانێکی کەم لەو ناوچانە لە وەزی بارانبارین ببارێت .
توێژینەوەکە لە گۆڤاری وێڵد وێزە ئەسێسمێنت بڵاوکراواتەوە، کە بە قسەی فرێدریک ئۆتۆ، زانای کەشوهەوا لە کۆلێژی ئیمپریال لەندەن و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، ئەگەر لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمەوە پلەی گەرمی جیهان بە پلەی 1.2 پلەی سەدی بەرزنەبووایەتەوە، هەرگیز وشکەساڵی وا ڕووینەدەدا.
ئەو تیمەی توێژینەوەکەیان کردووە، بەدواداچوونیان بۆ پلەی گەرمی و بارانبارین و ئاستی شێداری کەشوهەوای ئەو وڵاتانە کردووە، کە بۆیان دەرکەوتووە، ئەوەی لە سێ ساڵی ڕابردوودا ڕوویداوە، بەراوردیان کردووە بە چەندین دۆخێکی هاوشێوە لە رابردوودا، ئەوەش لە رێگەی داتا تۆمارکراوەکان، بەڵام هاوشێوەی نەبووە.
ساڵانێکە لە چەند ناوچەیەکی جیهان، بەهۆی گۆڕانی دۆخی کەشوهەوا خەڵکی تینوو و برسی و ئاوارە بن، کە ئەمەش وەک قەیرانی مرۆیی سەیر دەکریت و بەگوێرەی توێژینەوەکەش، ئەوەی لە عێراق و سوریا و ئێران روودەدات، هەر پەیوەندی بە گۆڕانی کەشوهەواوە هەیە.
محەمەد ڕەحیمی، مامۆستای کەشوهەواناسی لە زانکۆی سێمنان لە ئێران، کە یەکێکە لە ئامادەکارانی توێژینەوەکە دەڵێت: گۆڕانکاریی کەشوهەوای جیهانی بەهۆی مرۆڤەوە ژیانی دەیان ملیۆن کەس لە ڕۆژئاوای ئاسیا بە شێوەیەکی بەرچاو قورستر دەکات.
ئەو دەشڵێت: بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لە سوریا، عێراق و ئێرانیش تادێت ژیانی خەڵکی ئەو وڵاتانە قورستر دەبێت، کە ساڵ بە ساڵیش مەترسییەکان لەو بارەوە زیاتر دەبن.
نووسەرانی توێژینەوەکە مەزەندەیان کردووە، ، کە ئەگەر هەیە لە ماوەیەکی نزیک وشکەساڵی لە سوریا و عێراق ٢٥ هێندە زیاتر بێت بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا، هەروەها لە ئێرانیش ١٦ هێندەی ئێستا وشکەساڵی زیاتر دەبێت.