زووم:
بە پێچەوانەی ئەوەی پارتی دیموکرات و یەکێتی نیشتمانی لە راگەیەنراوێکی هاوبەش رایانگەیاند، کۆبوونەوەکەی نێوان پارتی و یەكێتی “باش نەبووە”، ئەوەش بە گوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ زووم.
هەر بە گوێرەی سەرچاوەکە، “کۆبوونەوەکە کەشێكی ئاسایی نەبووە و مەسرور بارزانی توند قسەی کردووە”، هاوکات سەرچاوەکە ئاشکرایکرد، شاندی یەکێتی “نیگەرانییەکانی خۆیان بە شاندەکەی پارتی گەیاندووە”.
ئەمڕۆ سێ شەممە شاندی باڵای هەردوو پارتی و یەکێتی لە پیرمام کۆبوونەوە، کە پێشتر زووم لە سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرایکردبوو، “هەردوولا تەنها لەسەر ئەوە هاوڕابوون کۆبوونەوەی دیکە ئەنجامبدەن”.
کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی، یەکەم کۆبوونەوەی نێوان هەردوو حزب بوو، دوای ئەنجامدانی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی لە مانگی ئەیلوولی رابردوو، کە تێیدا بافڵ تاڵەبانی بە سەرۆکی حزبەکە هەڵبژێرا.
ئەوەی ئەم کۆبوونەوەیە لەسێ کۆبوونەوەی پێشووتری نێوان هەردوولا جیادەکردەوە، بەشداریکردنی بەرپرسە باڵاکانی پارتییە لە کۆبوونەوەکە، کە بریتیبوون لە هەریەکە لە نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی جێگرانی سەرۆکی پارتەکە، چونکە پێشتر بەشداری کۆبوونەوەکانیان نەدەکرد، لای یەکێتیشەوە هەریەکە لە بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بەشداری کۆبوونەوەکەیان کرد.
بەگوێرەی قسەی زوومی هەولێر، کۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی، نزیکەی چوار کاتژمێری خایاندووە، دوای ئەو کۆبوونەوەیەش، کۆبوونەوەیەکی بچووکراوە، لەنێوان هەردوو بارزانی و تاڵەبانییەکە ئەنجامدراوەو ئەو کۆبوونەوەیەش نزیکەی کاتژمێرێکی خایاندووە.
لەدوای کۆبوونەوە چوار قۆڵییەکەش، رێبین سەردار زوومی هەولێر لە بەردەم دەرگای مەکتەبی سیاسی پارتی پرسیاری لە قوباد تاڵەبانی لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکە کردو ناوبراو تەنیا وتی: کۆبوونەوەکە باش بوو.
هاوکات نێچیرڤان بارزانی لەمیانی لێدوانێکی رۆژنامەوانی وتی: لەگەڵ یەکێتی کۆبوونەوەیەکی باشمان ئەنجامدا، بۆ تێگەیشتنێکی هاوبەش پێویستمان بە کۆبوونەویەکی دیکە لەگەڵ یەکێتی هەیە.
لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش ناوبراو وتی: هیوادارم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت.
لە لایەکی ترو بەگوێرەی راگەیەنراوی کۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی هەردوولا، بڕیاریانداوە کۆبوونەوەکان بەردەوامیان هەبێت.
هەر بە گوێرەی راگەیەنراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق بەتایبەتی و ڕەوشی هەستیاری ناوچەکە بەگشتی گفتوگۆیان له بارهوه كرا، کە جەختیانکردووەتەوە، لەسەر هەماهەنگی و پێکەوەکارکردن و پێویستی كۆكردنهوهی هێز و توانای سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان، بۆ پاراستنی قهوارهی ههرێم و داڕشتنی ستراتیژیەتێکی هاوبەش، کە گونجاوبێت لەگەڵ ڕەوتی ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی قۆناغهكه و ڕوبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان.
هەروەها جهخت له پاڵپشتیكردنی هەنگاوەکانی حكومهتی ههرێمی كوردستان کراوەتەوە بۆدابینكردنی شایسته داراییهكان و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەی عێراقدا.