زووم:
نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکومی لە غەزە ئاشکرایکرد، بەهۆی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیلەوە لە سەدا 70ی دانیشتوانی غەزە بە زۆرەملێی ئاوارە بوون.
نووسینگەکە ئەمڕۆ سێ شەممە لە بەیاننامەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاشکراشیکرد، ئەو لەسەدا 70ی دانیشتوانەی غەزە بەهۆی هێرش و بۆردومانەکانەوە و بەزۆرەملێیی ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە و ئاوارەبوون، هەروەها رایگەیاند، لە سەدا 2ی دانیشتوانی غەزەش بوونەتە قوربانی، واتە یان کوژراون یان بریندارن.
دەربارەی ئاماری کوژراو و بریندارەکان لە هەر خولەکێکدا، نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکومی ئاشکرایکردووە، لە هەر خولەکێکدا نەخۆشخانەکانی غەزە پێشوازی لە بریندارێک دەکەن (هەر کاتژمێرێک 60 بریندار)، هەروەها لە هەر کاتژمێرێکدا بە تێکڕایی 15 کەس دەکوژرێن، هاوکات بە تێکڕایی 6 منداڵ دەکوژرێن، ژمارەی رەگەزی مێ-یش 5 کەسە لە هەر کاتژمێرێکدا.
نووسینگەکە دووپاتیدەکاتەوە، بەهۆی بۆردومانەکانەوە 30 هەزار تۆن لە مادەی تەقینەوە بەسەر کەرتی غەزەدا فڕێدراوەتە خوارەوە، کە دەکاتە 82 تۆن بۆ هەر کیلۆمەترێکی چوارگۆشە.
پەیوەست بە نەخۆشخانەکانیش نووسینگەکە رایگەیاند، نیوەی نەخۆشخانەکان و لە سەدا 62 بنکە تەندروستییەکان لە خزمەتکردن راگیراون.
ئاماژەی بەوەش کردووە، لەسەدا 50ی یەکە نیشتەجێبووەکان لە غەزە بەهۆی بۆردومانەکانەوە زیانیان پێگەیشتووە، کە لە سەدا 10، یان بەتەواوی داڕماون یان کەڵکی نیشتەجێبوونیان نەماوە، هاوکات لەسەدا 33ی قوتابخانەکان زیانیان پێگەیشتووە و نزیکەی لە سەدا 9یشیان کەڵکی دەوامیان نەماوە، هەروەها لە سەدا 14ی مزگەوتەکان زیانیان پێگەیشتووە و لە سەدا 5یشیان بەتەواوی داڕماون.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکومی لە غەزە ئەوەشی راگەیاندووە، 192 مزگەوت زیانیان پێگەیشتووە و 56 مزگەوتیش بە تەواوی داڕماون، ئاماژەی بەوەش کردووە، تائێستا 3 کەنیسە بە ئامانج گیراون و 32 ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری تێکشکیندراون و 113 دامەزراوەی تەندروستی زیانی زۆریان بەرکەوتووە و لە کارکردن ڕاگیراون.
رۆژی 7ی ئۆکتۆبەری رابردوو، چەکدارانی فەڵەستین هێرشیان کردە سەر باشووری ئیسرائیل و زیانێکی زۆریان بەو ناوچانە گەیاند، کە هێرشیان کردە سەر، لە کاردانەوەدا لەو رۆژەوە تائێستا سوپای ئیسرائیل بە بەردەوامی هێرش دەکاتە سەر کەرتی غەزە.