بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراوانی مەدەنی بۆردومانەکانی ئیسرائیل لە غەزە و نیگەرانییەکانی پەرەسەندنی شەڕەکە گەیشتووەتە ئەو ئاستەی هەریەک لە وڵاتانی کەنەدا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، بەریتانیا و ئەمریکا کە ئەندامن لە گروپی جی حەوت (G7)، بەپەلە کۆببنەوە، بەڵام دۆخەکە درز و ڕاجیایی خستووەتەناو ناویانەوە.
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ و سبەینێ لە ژاپۆن بەردەوام دەبێت، بڕیارە وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتانە بۆ ماوەی دوو رۆژ گفتوگۆی پرسی غەزە و چەند پرسێکی دیکە بکەن، یەکێتی ئەوروپاش بەشداری کۆبوونەوەکە دەبێت.
هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەمی حەماس و کوشتنی زیاتر لە هەزار و 400 هاوڵاتی و سەربازیی ئیسرائیل و لە وەڵامدا کوشتنی زیاتر لە 10 هەزار کەس لەلایەن ئیسرائیلەوە لە غەزە، وڵاتانی ئەوروپا بەسەر دووبەرەدا دابەشکردووە و بەشێکیان لەگەڵ ئاگربەستدان و بەشێکیشیان لە دژی ئەوەن.
لەوبارەیەوە تۆماس گۆمارت، بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی پەیمانگای فەرەنسی رایگەیاند، “وەک چۆن وڵاتانی ئەوروپا دابەشبوون، ئەم دابەشبوونەش لە گروپی G7دا رەنگدەداتەوە.”
سەرەڕای دۆخی غەزە، بڕیاریش وایە دۆخی ئۆکراین، پەیوەندییەکان لەگەڵ چین و ئاسیای ناوەڕاست ببنە بەشێکی دیکەی تەوەری گفتوگۆکان.
بەڕای بەرپرسانی ئەمریکا و شرۆڤەکاران، ژاپۆن کە میوانداریی کۆبوونەوەکەی کردووە، زۆر وریایانە مامەڵەی لەگەڵ ئەو قەیرانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کردووە بەشێوەیەک توانیویەتی بەرگەی ئەو فشارانە بگرێت کە دەیانەوێت بیخەنە بەرەی لایەنگرانی ئیسرائیل کە یەکێکە لە هاوپەیمانە نزیکەکانی ئەو وڵاتە.
بەپێچەوانەوە، ئەمریکا زۆر بە توندی پشتیوانی ئیسرائیلی کردووە و بڕی 14 ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری وەک هاوکاریی سەربازیی بۆ ئیسرائیل دابینکردووە و لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لەژی راگەیاندنی ئاگربەستی مرۆیی دەنگیداوە.
سەبارەت بە فەرەنسا، لە بەرژەوەندیی راگەیاندنی ئاگربەست دەنگیدا، بەڵام سەرجەم وڵاتانی دیکەی ئەندام لە گروپی G7 بەشدارییان لە دەنگدانەکەی مانگی رابردووی نەتەوەیەکگرتووەکاندا نەکرد.
بەرپرسان دەڵێن، قورسە وڵاتانی ئەندام لە گروپەکە بتوانن لەسەر دەستەواژەی “ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگریی لەخۆی بکات” کۆدەنگبن.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەدوای سەردانەکەی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەیشتە تۆکیۆی پایتەختی ژاپۆن و رایگەیاند، واشنتن زۆر بە چڕی هەوڵدەدات هاوکارییەکانی فراوانتربکات بۆ ئەو هاوڵاتییانەی کە لە کەرتی غەزەدا گیریان خواردووە.
لەبارەی ئۆکراینەوە کە بەهۆی شەڕی غەزەوە سەرنجەکانی جیهان لەسەری لاچوون، گروپی جی حەوت بەنیازە پشتیوانییەکانی بۆ ئەو وڵاتە دووپاتبکاتەوە، بڕیاریشە لە کۆبوونەوەکەدا بڕیارە وەزیری دەرەوەی ئۆکراینیش بەشداریی بکات.
لەوبارەیەوە، یۆکۆ کامیکاوا، وەزیری دەرەوەی ژاپۆن رایگەیاند، “پابەندبوونمان بۆ بەردەوامیی سزا قورسەکانی سەر روسیا و پشتیوانی بەهێزمان لە ئۆکراین بەهیچ شێوەیەک کەمی نەکردووە، سەرەرای ئەوەی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا دێت چڕتر دەبێت.”
وەک یەكێک لە بەرنامەکانی ئەو گروپەش، بڕیار وایە چەندین سزای دیکە بەسە روسیادا بسەپێندریت، بەتایبەت ئەو ئەڵماسانەی روسیا دەیەوێت هەناردەی بکات.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بریتی دەبێت لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی گروپەکە لەگەڵ وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و بڕیارە وەزیرانی دەرەوەی هەریەک لە وڵاتانی پێشووی سۆڤیەت کازاخستان، ئوزبەکستان، تورکمانستان، تاجیکستان و قیرقیزستان بەشداریی لە کۆبوونەکەی رۆژی چوارشەممەدا بکەن. ئەمەش وەک بەشێکی دیکە لە هەوڵەکانی ئەو گروپە دەبینرێت بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی بە سامانی سروشتی دەوڵەمەندن.