ئامارى خۆكوشتن له عێراق روو لە زیادبوونە، به‌تایبه‌تی له‌نێو چینی گه‌نجاندا، لەماوەى یەک ساڵى رابردوودا 700 حاڵەت تۆمارکراون. پسپۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌رونی، بێكاری و قەیرانى دارایی، كێشه‌ی خێزانی و كۆمه‌ڵایه‌تی، ناسه‌قامگیری ئه‌منی و سیاسی بەهۆکار دەزانن.
رۆژنامه‌ی عه‌ره‌بی جه‌دید راپۆرتێكی بڵاوكرده‌وه‌ته‌وه، تێیدا ئاماژه به‌هۆكاره سه‌ره‌كیه‌كانی به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی خۆكوشتن ده‌كات؛ كێشه‌ی ئابوری و بێكاریی، کێشەى كۆمه‌ڵایه‌تی، بێئومێدبوون لە گۆڕانكاری، به‌رده‌وامی قه‌یرانی سیاسی، وەک دیارترین هۆكاره سه‌ره‌كیه‌كانی حاڵه‌ته‌كانی خۆكشتنن له عێراقدا دیاریکردووە.
سه‌رمه‌د به‌دری، گوته‌بێژی كۆمیسیاری مافه‌كانی مرۆڤی عێراق بە رۆژنامەکەى گوتووە، له‌ماوه‌ی رابردوودا رێژه‌ی خۆكوشتن به‌شێوه‌یه‌كی “به‌رچاو” به‌رزبووه‌ته‌وه. بەگوێرەى ئامارەکانى وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق ته‌نها له ساڵی 2021دا زیاتر له 700 حاڵه‌تی خۆكوشتن تۆماركراوه، ئه‌مه جگه له‌و حاڵه‌تانه‌ی دیکە، كه تۆمارنه‌كراون.
سه‌رمه‌د بەدرى دەڵێت، تێبینی ده‌كرێت له‌نێو ئاماره‌كانی خۆكوشتندا توێژی گه‌نجان به‌ڕێژه‌یه‌كی “به‌رچاو” به‌دیده‌كرێت، ئه‌وه‌ش به‌هۆی پێشێلكاری مافی مرۆڤ و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری و ئه‌و قه‌یرانه كۆمه‌ڵایه‌تی و داراییه‌ی، كه كۆمه‌ڵگه‌ی گرتووه‌ته‌وه.
به‌رپرسیارێتی به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی خۆكوشتنیش ده‌خاته ئه‌ستۆی ده‌وڵه‌ت، ئه‌و به‌پێویستی ده‌زانێت ده‌وڵه‌ت ئاوڕ له وزه و تواناكانی گه‌نجان بداته‌وه‌و هه‌لی كار و پێداویستیه‌كانی ژیانیان بۆ فه‌راهه‌م بكات له‌پێناو بنیاتنان و پێشخستنی كۆمه‌ڵگا.
تەها حسێن، پسپۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی قسەى بۆ رۆژنامەکە کردووە، به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی خۆكوشتن بە كه‌یسێكی مه‌ترسیدار وەسف دەکات.
ئەو باس لە چەندین حاڵەتى رزگارکردنى ئەو کەسانە دەکات، کە هەوڵى خۆکوشت دەدەن و لەلایەن کەسوکارەکانیانەوە رێگریان لێدەکرێت.
دەڵێت، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە هەندێک لەوانەى خۆیان کوشتووە، کەسانى بەساڵاچوو بوون، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی لە کۆتایی تەمەنیاندا بوون، بەڵام له دۆخی ئاڵوز و ته‌مومژاویدا كۆتاییان به ژیانی خۆیان هێناوه.
هاوکات موسته‌فا فازڵ، چالاكی بواری مافی مرۆڤ، ره‌خنە له لایه‌نه حكومیه‌كان ده‌گرێت و به كه‌مته‌رخه‌میان دەزانێت لە رێگرى لە بەرزبوونەوەى ئامارەکانى خۆکوشتن.
ئەو دەڵێت، لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان ته‌نها ئاماره‌كانی خۆكوشتن تۆمارده‌كه‌ن و بڵاویده‌كه‌نه‌وه، به‌دوای چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه مه‌ترسیداره‌دا ناگه‌ڕێن، كه بووه به‌دیارده و هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره له كۆمه‌ڵگە ده‌كات.
دەڵێت، وه‌زاره‌تی ناوخۆ و رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ و په‌رله‌مان پشكی شێریان له به‌رپرسیارییه‌تی بۆ چاره‌سه‌ری دیاردهکە دەکەوێتە ئەستۆ.