زووم، ئاژانسەکان
بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی کاری نەتەوەیەکگرتووەکان بەهۆی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسەوە هەلیکار لە غەزە بەڕێژەی 61% کەمیکردووە، هۆشداریدا لەوەی کە پاشەکشەی ئابووری بۆماوەی چەندین ساڵە لە ناوچەکەدا رەنگبداتەوە.
رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی لە راپۆرتێکیدا لەبارەی کاریگەرییەک ئابورییەکانی شەڕەکەوە رایگەیاند، لە فەلەستین تائێستا 182 هەزار هەلیکار لەسەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکەوە لەدەستچوون.
رووبا جەرادات، بەرپرسی ناوچەیی ئەو رێکخراوە بۆ وڵاتە عەرەبییەکان، رایگەیاند، “ئەنجامەکانی هەڵسەنگاندنی ئێمە بۆ ئەو دۆخە قەیراناوییە تراژیدییەی ئێستا مایەی نیگەرانییەکی زۆرن و لەگەڵ بەردەوامیی شەڕەکە دۆخەکە خراپتر دەبێت.”
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو شەڕ و پێکدادانە تەنها کاریگەریی لەسەر دروستکردنی قەیرانی مرۆیی کوژرانی خەڵکی و لەناوچوونی پێداویستییە سەرەتاییەکان نابێت، بەڵکو کاریگەریی لەسەر قەیرانی ئابوری و کۆمەڵایەتیش دەبێت، کە زیانی گەورەی لە کەرتی کار و بازرگانی داوە، ئەمەش رەنگدانەوەی لەسەر ساڵانی داهاتووش دەبێت.
سەرەڕای کەرتی غەزە، کەرتی رۆژئاواش بەرێژەی 24% دەرفەتی کارکردنی کەمبووەتەوە کە خۆی لە 208 هەزار هەلیکاردا دەبینێتەوە.
جەرادات داواشیکرد، کە دانیشتووانی غەزە بەتەواوی، بەخێرایی، بە سەلامەتی و بێ وەستان دەستیان بە هاوکارییە مرۆییەکان بگات.
ئەو گوتیشی، “بەبێ ماندووبوون ئێمە لەگەڵ حکومەت، کارمەند و دامەزراوەکان و ئاژانسەکانی دیکەی نەتەوەیەکگرتووەکاندا کاردەکەین بۆ ئەوەی هاوکاری بەپەلە بۆ ئەوکەس و بازرگانانە دابینبکەین، کە زیانیان بەرکەوتووە”.
غەزە، کە لەساڵی 2005ـەوە لەژێر گەمارۆی ئیسرائیلدایە، روبەڕووی چەندین ئاستەنگی ئابوری بووەتەوە، تەنانەت پێش سەرهەڵدانی ئەم شەڕەش.
لە چارەکی دووەمی ئەم ساڵدا رێژەی بێکاریی لە فەلەستین 46.6% بووە، کە یەکێکە لە بەرزترین رێژەکانی بێکاری لە جیهاندا. لەگەڵ ئەوەشدا بەگوێرەی نەتەوەیەکگرتووەکان، 80%ی دانیشتووانی ناوچەکە لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.
کەمی خۆراک، ئاو و پێداویستی پزیشکی لەدوای توندکردنی گەمارۆکانی ئیسرائیل بۆسەر غەزە بەشێوەیەکی بەرچاو دۆخەکەی خراپترکردووە. ئەمەش لەکاتێکدایە تائێستا زیاتر لە 10 هەزار کەس بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە بۆسەر کەرتی غەزە کوژراون.