زووم
ویلیام بێرنز بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا “سی ئای ئەی”، کە بە “پیاوی ئەرکە قورسەکان”یش ناسراوە، دەستی بە گەشتێک بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە، کە بڕیارە بچێتە ئیسرائیل و چەند وڵاتێکی تری عەرەبی.
ئامانجی یەکەمی سەردانەکەی بۆ دانوستانە لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردە و بەرپرسانی هەواڵگری ئەو وڵاتانە، کە سەردانەکەی هاوکاتە لەگەڵ چڕبوونەوەی شەڕی نێوان سوپای ئیسرائیل و گروپە چەکدارییەکانی فەڵەسیتن لە غەزە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی کەناڵی سکای نیوزی عەرەبی، سەردانی بەرپرسی یەکەمی هەواڵگری ئەمریکا بۆ ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی بۆ یەکلاکردنەوە سێ دۆسییەی دیارە، کە بریتین لە ئازادکردنی بارمتەکانی دەست چەکدارانی فەڵەستین و سەپاندنی ئاگربەستی مرۆیی لە کەرتی غەزە و رێگری لە هەڵگیرسانی شەڕی ناوچەیی.
هەر بە گوێرەی راپۆرتەکە، ئێستا ئەمریکا هەموو هەوڵەکانی خۆی چڕکردووەتەوە، بۆ ئەوەی ئیسرائیل ڕێگە بە وەستاندنی شەڕەکان بدات بۆ ئەوەی یارمەتییەکان بچێتە ناو غەزە، هەروەها هەوڵی زیاتریش بدات بۆ ئەوەی زیانی گیانی هاووڵاتیانی مەدەنی کەمبکرێتەوە.
لەلایەکی تر، ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی بڵاویکردەوە، بەڕێوەبەری سی ئای ئەی ڕۆژی یەکشەممە گەیشتووەتە ئیسرائیل، بەنیازە گەشت بکات بۆ وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، لەوانە قەتەر و میسر، بۆ ئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی هەواڵگری و سەرکردەکانی وڵاتان کۆببێتەوە.
لەو بارەوە کاربەدەستێکی ئەمریکی ڕایگەیاندووە، ویلیام بێرنز پەیوەندییەکی لەمێژینەی لەگەڵ سەرکردەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، کە دەیەوێت سوود لەو پەیوەندییانە وەربگرێت و ئەو ئامانجانە بەدیبهێنێت، کە بۆی هاتووە.
بەرپرسانی ئیسرائیلیش ڕایانگەیاندووە، بڕیارە بێرنزی لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، یۆاڤ گالانت، وەزیری بەرگری، دەیڤید بارنیا، بەڕێوەبەری مۆساد و بەرپرسانی باڵای بەرگری و هەواڵگری دیکە کۆببێتەوە.
هەروەها ماڵپەڕی ئەکسیۆسی بڵاویشیکردووەتەوە، چاوەڕوان دەکرێت سەردانی قەتەر بکات، کە ڕۆڵی هەیە لە دانوستانەکان و هەوڵەکان بۆ ئازادکردنی بارمتەکانی، لەگەڵ میسریش، کە ئەویش ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە هەوڵەکانی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ غەزە.
سەردانەکەی لەکاتێکدایە، چەند رۆژێکە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەو ئەویش کار دەکات بۆ راگەیاندنی ئاگربەستی مرۆیی لە غەزە، وەک ئەوەی خۆی لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتانی ناوچەکە جەختیلێدەکاتەوە.