زووم:
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی بڵاویکردەوە، حکومەتی ئیسرائیل داوای ٢٤ هەزار تفەنگی هێرشبەری لە ئەمریکا کردووە، کە ئەو داواکارییە نیگەرانی یاسادانەرانی ئەمریکا و بەشێک لە بەرپرسانی ئەو وڵاتەی لێکەوتووەتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەگەری گەیشتنی ئەو چەکانە بە دەستی دانیشتووان و میلیشیا مەدەنییەکان، کە هەوڵدەدەن فەلەستینییەکان ناچار بکەن زەوییەکانیان بەجێبهێڵن.
بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، بەهای ئەو گرێبەستە 34 ملیۆن دۆلارە و ڕاستەوخۆ ئاراستەی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی چەکی ئەمریکی کراوە، بەڵام پێویستی بە ڕەزامەندی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و ئاگادارکردنەوەی کۆنگرێسیش هەیە.
هەر بە گوێرەی رۆژنامەکە، گومانی بەرپرسانی ئەمریکی و یاسادانەرانی ئەوەیە، کە ئیتامار بن گڤیر وەزیری ناوخۆی ئیسرائیل، کە یەکێکە لە راستڕەوە توندڕەوەکان، ئەو تفەنگانە بەسەر دانیشتووانی کەناری ڕۆژئاوا دابەش بکات و میلیشیای تایبەتی لە ژێر ناوی “تیمی ئەمنی” پێدروست بکات.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاویشیکردووەتەوە، ئیسرائیل پشتڕاستیکردووەتەوە ئەو تفەنگانە لەلایەن پۆلیسەوە بەکاردەهێنرێن، بەڵام ئاماژەی بە ئەگەری پێدانی ئەو تفەنگانە شبە خەڵکی مەدەنیش کردووە.
لەو چوارچێوەیەدا ئەو بەرپرسانەی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کار لەسەر پرسەکانی مافی مرۆڤ دەکەن، نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە، لە کاتێکدا ئەوانەی سەرپەرشتی فرۆشتنی چەک دەکەن بە نیازن لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پەسەندی بکەن.
ئیسرائیل زیاتر لە سێ لەسەر چواری ئەو تفەنگانە لە کۆمپانیای کۆڵت مانوفاکچەرینگ دەکڕێت و داواکارییەکانیش بریتین لە تفەنگی M4s و MK18s ، کە هەندێکیان ئامادەن بۆ ناردن لە کاتێکدا هەندێکی دیکەیان هێشتا پێویستیان بە دروستکردن هەیە.