زووم:
لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا، ئەمریکا گەورەترین ژێردەریایی ئەتۆمی خۆی رەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد، کە بڕیارە لە ئاوەکانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لە نزیک ئیسرائیل ئەرکرداربکرێت.
ژێردەریاییەکە، ڕۆژی دووشەممە، کەناڵی سوێسی میسری تێپەڕاند و بەرەو نزیک ئاوەکانی ئیسرائیل لە دەریای ناوەڕاست رۆیشت، ئەوەش لەکاتێکدایە رۆژ بە رۆژ شەڕی نێوان سوپای ئیسرائیل و گروپە چەکدارییەکانی فەڵەستین گەرمتر دەبێت.
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا ڕایگەیاند، ژێردەریایی ئەتۆمی “یو ئێس ئەی ئۆهایۆ” ئەمڕۆ گەیشتووەتە ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەیوەندی بە کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی ئەمریکا جیراڵد فۆرد و دوایت ئایزنهاوەر کردووە، کە ئەوانیش لە دوای سەرهەڵدانی شەڕ لە غەزە لە ٧ی ئۆکتۆبەر ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کران.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل و سی ئێن ئێن، ئەم هەنگاوەی ئەمریکا هەنگاوێکی دەگمەنە، چونکە ئەو ژێردەریاییە نوێنەرایەتی بەشێک لە سیستمی چەکی ئەتۆمی ئەمریکا دەکات، کە هەڵگری مووشەکی بالیستیکی و کرۆزن و ئەوانیش توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمیان هەیە.
سی ئێن ئێن، پێیوایە ئەم هەنگاوە دەگمەنەی ئەمریکا، پەیامێکی واشنتۆنە ئاراستەی نەیارانی لەناوچەکە دەکرێت، کە زیاتر بۆ ئێران و گروپە چەکدارییەکانی سەر بەو وڵاتەیە.
ژێردەریاییەکانی ئۆهایۆ، کۆمەڵێک ژێردەریایی ئەمریکان، توانای سڕینەوەی ٢٤ شاریان لەسەر نەخشەی جیهان لە ماوەی کەمتر لە خولەکێکدا هەیە، کە ئەمەی رەوانەی دەریای ناوەڕاستکراوە، لەکاتی جەنگی سارد دروستکراوەو ئەمریکاش خاوەنی ١٨ ژێردەریایی لەو جۆرەیەو لە نێوان ساڵانی ١٩٧٦ بۆ ١٩٩٧ دروستکراون و نزیکەی ١٤یان لە ئێستادا لە خزمەتی سەربازیدان.
ژێردەریاییەکە مووشەکی ڕێنماییکراوی بەهێزی ئەتۆمی هەڵدەگرێت، کە یەکێکە لە ژێردەریاییە پێشەنگەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا، سەرەتا بەجۆرێک دیزاین کرابوو، ژێردەریایی مووشەکی بالیستیکی بێت، بەڵام دواتر گۆڕدرا بۆ ئەوەی ببێتە ژێردەریایی مووشەکی کروزیش.
ئەم ژێردەریاییە، دەتوانێت بە یەک لێدان زیاتر لە ٦ شاری گەورە لەناو ببات، جگە لەوەش ئەم جۆرە ژێردەریاییە وەک ڕێگری ئەتۆمی گەڕۆک کاردەکات، کە جبەخانە ئەتۆمییەکەی بەسە بۆ ئەوەی بتوانێت زیان بە کیشوەرێک بگەیەنێت.
بە گوێرەی راپۆرتێکی سی ئێن ئێن، قەبارەی گەورەیی ژێردەریایی “ئۆهایۆ” وایکردووە، توانای هەڵگرتنی 154 مووشەکی ڕێنماییکراوی هەیە، کە هەر مووشەکێک توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمی 1000 پاوندی هەیە.
درێژی ژێردەریاییەکە ١٧٠ مەترەو پانییەکەشی ١٠ مەتر، کە کێشەکەی لەکاتی سەرئاوکەوتندا نزیکەی ١٦ تۆنە، لەکاتی نوقمبووندا، نزیکەی ١٨ تۆن، خێراییەکەی ٣٦ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، توانای هەیە تا قووڵایی ٣٥٠ مەتر بچێتە ژێر ئاو.
بە ڕیاکتۆرێکی ئەتۆمی S 8 G کاردەکات، کە دوو بزوێنەری تۆرباینی هەڵمی هەیە و توانای هەر یەکێکیان ٦٠ هەزار ئەسپە.