ڤلادیمێر پوتین بڕیاری داوە خۆی بۆ هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی بەهاری ساڵی داهاتووی روسیا کاندید بکاتەوە، ئەو هەنگاوەش، رێگەی پێ دەدات تاوەکو ساڵی 2030 لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، چونکە پێی وایە روسیا بە مەترسیدارترین دۆخدا لە دەیان ساڵی رابردوودا تێپەڕدەبێت و دەبێت جڵەوی لەدەستی خۆیدا بێت، ئەوەش بەپێی راپۆرتێکی رۆیتەرز.
پوتین کە لە دواین رۆژەکانی ساڵی 1999دا سەرۆکایەتی روسیای لە بۆریس یێڵسین وەرگرت، زۆرترین ماوە لە پۆستی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە ماوەتەوە لەدوای جۆزێف ستالین، تەنانەت زۆرتر لە لیۆنید برێژنێڤ کە 18 ساڵ حکومی کرد.
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری شەش سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، هەواڵی خۆکاندیدکردنەوەی پوتین لەناو کۆشکی کریملندا بڵاوبووەتەوە و راوێژکارە باڵاکانیشی دەستیانکردووە بە خۆئامادەکردن بۆ بەڕێوەبردنی بانگەشەی هەڵبژاردن.
بۆ پوتین کە بەپێی ئەنجامی راپرسییەکان 80%ی رەزامەندی ولایەنگری لە ناوخۆی روسیادا هەیە، خۆکاندیدکردنەوە و هەڵبژاردن تەنها بۆ بەفەرمیکردنیەتی، چونکە بە پشتیوانی دەوڵەت، میدیای فەرمیی دەوڵەت و نەبوونی هیچ رکابەر و ناڕازییەکی سەرەکی، دڵنیایە کە سەردەکەوێت.
“بڕیارەکە دراوە و پوتین دەیباتەوە”، ئەوە قسەی یەکێک لە سەرچاوەکانە کە ئاگاداری پلانەکەیە، هەروەها پێنج سەرچاوەی دیکەی ئاگادار بۆ ریتەرز پشتراستیانکردووەتەوە کە پوتین خۆی کاندید دەکاتەوە و سەرقاڵی ئامادەکارییە.
هاوکات سەرچاوەیەکی سیاسیی ئەوروپی کە نەیویستووە ناوی ببرێت جەختیلەسەر زانیارییەکانکردووەتەوە و گوتوویەتی، پوتین بڕیاری خۆیداوە و بەمزوانەش رادەگەیەنرێت.
رۆیتەرز لە راپۆرتەکەیدا دەشڵێت، زۆرێک لە دیبلۆماتکارانی بیانی، سیخوڕ و بەرپرسان دەڵێن کە پوتین تاوەکو کۆتایی تەمەنی لە دەسەڵاتدا دەمێنێتەوە.
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشی کرێملین ئامادەنەبوو هیچ لێدوانێک لەوبارەیەوە بدات بۆ رۆیتەرز، بەڵام ناوبراو لە مانگی ئەیلولی ڕابردوودا گوتی، ئەگەر پوتین بڕیاری خۆی بدات بۆ کاندیدبوون، کەس ناتوانێت ڕکابەری بکات، هەروەها سەرجەم ئەو دەنگۆیانەشی رەتکردەوە کە باس لە خراپی تەندروستی دەکەن.
ڤلادیمیر پوتین لە 7ی تشرینی یەکەمی 1952 لە شاری سانت پترسبۆرگی روسیا لەدایکبووە، ئەو لە بنەماڵەی پوتین لەدایکبووە بۆیە نازناوی پوتینی بۆ خۆی ھەڵبژاردووە.