زووم
کاتژمێر 11:15 خولەکى پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ، لە گوندى بۆسکێنى سەر بە قەزاى رانیە هێرشێکى درۆنیی کرایە سەر چەند کەسێک، دژە تیرۆرى کوردستان/پارتى دەڵێت، “ئەوانەى بەرکەوتوون چەکدارى پەکەکەن”
لە دواى رووداوەکە دژەتیرۆرى کوردستان/ پارتى راگەیەندراوێکى لەبارەى هێرشەکە بڵاوکردەوە، دەڵێت، “درۆنى تورکیا گروپێکی چەکدارانی پەکەکەى لە رانیە کردە ئامانج، دوو چەکدار کوژران و دووانی دیکەش برینداربوون”.
دژەتیرۆرى کوردستان/ پارتى، لە دواى هەموو هێرشە درۆنییەکانى تورکیا، کە بەمدواییە لە سنورى پارێزگاى سلێمانى و دەوروبەرى زیادیان کردووە، زانیارى بڵاودەکاتەوە، زووم بۆ پشتڕاستنەوەى زانیارییەکە پەیوەندى بە د. دیار ئیبراهیم، بەڕێوەبەرى تەندروستى راپەڕینەوە کرد، زانیارییەکانى تەندروستى لەگەڵ زانیارییەکانى دژەتیرۆرى کوردستان/پارتى جیاوازن.
د. دیار ئیبراهیم رایگەیاند، لە هێرشەکەدا چوار بریندار گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکەیان، هەرچوار بریندارەکە لە ژیاندان، بەڵام تەندروستیان ناجێگیرە.