سەرۆکی رێکخراوە مرۆییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوە خێرخوازییەکانی جیهان لە راگەیەندراوێکدا داوای ئاگربەستێکی مرۆیی دەستبەجێ لە کەرتی غەزە دەکەن و دۆخەکە بە “ترسناک” و قبوڵنەکراوە” وەسفدەکەن.
راگەیەندراوەکە لەلایەن سەرۆکی 18 رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان واژۆکراوە و بەدەگمەن راگەیەندراوى هاوشێوە هەموویان کۆدەکاتەوە. دیارترینیان، رێکخەری فریاگوزاری و یاریدەدەری سکرتێری گشتی بۆ کاروباری مرۆیی OCHA، یونسێف، بەرنامەی خۆراکی جیهانیی، رێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO و منداڵپارێزی جیهانییە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “بۆ ماوەی مانگێکە، جیهان سەیری دۆخی پەرەسەندووی ئیسرائیل و خاکی داگیرکراوی فەلەستین دەکات، کە دۆخێکی شۆکهێنەر و ترسناکە و بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆری خەڵکی کوژراون و لەیەکتریی جیابوونەتەوە”.
راگەیەندراوەکە باس لە قوربانیانی هەردولادەکات، کە لە ئیسرائیل نزیکەی 1400 کەس کوژراون و زیاتر لە 200 کەسیش لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیراون، کە لەنێویاندا منداڵیش هەیە، ئاماژەی بەوەشکردووە تا ئێستاش موشەکەکان بەردەوامن لەوەی زیان بە خێزانە ئسرائیلییەکان بگەیەنن.
لەبارەی غەزەوە دەڵێن، زیاتر لە 9500 کەس لەو ناوچە گەمارۆدراوەدا کوژراون و زیاتر لە دوو ملیۆن و 200 هەزار کەسی دیکەش لە خۆراک، ئاو، دەرمان، سوتەمەنی و کارەبا بێبەشکراون.
بەرپرسانی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژە بەوەشدەکەن، سەرەڕای ئەوەی گەمارۆدراون، دانیشتووانی غەزە بەردەوام لەژێر هێرشدان و رێگەیان لێگیراوە بتوانن لە ژیاندا بمێننەوە و دەستیان بە ماڵ، پەناگە، نەخۆشخانە و شوێنی پەرستشەکانیان ناگات و ئەمەش “قبوڵکراو نییە.”
لەبارەی دۆخی تەندروستییەوە دەڵێن، زیاتر لە 100 ناوەندی تەندروستی هێرشیانکراوەتەسەر و دەیان کەس لە کارمەندانی رێکخراوە کۆمەکییەکان کوژراون کە 88 کەسیان هی دەزگای فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانن بۆ پەنابەرانی فەلەستین. ئەم ژمارەیەش وەک زۆرترین قوربانیی نەتەوەیەکگرتووەکان تۆمارکراوە لە یەک شەڕ و پێكداداندا.
لەکۆتایی راگەیەندراوەکەدا، بەرپرسی رێکخراوەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان داوادەکەن هەموولایەک رێز لە پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییە مرۆییەکان و مافەکانی مرۆڤ بگرن.
داواشیانکردووە حەماس دەستبەجێ و بێمەرج بارمتەکان ئازادبکات و لەبەرامبەردا ئیسرائیل دەستبەجێ ئاگربەستی مرۆیی رابگەیەنێت. دەشڵێن، شەڕەکە پێیناوەتە 30یەمین رۆژ و “ئیتر بەسە با ئەمە بوەستێت”.