رۆژنامەی “کالکالیست”ی ئیسرائیلی ئابووری ئاماژەی بە داتا سەرەتاییەکانی وەزارەتی دارایی ئیسرائیل داوە کە پێشبینی دەکات تێچووی جەنگی غەزە بگاتە 200 ملیار شیکل واتە “51 ملیار دۆلار”.
رۆژنامەکە دەڵێت، پێشبینیەکانی وەزارەتەکە بەگوێرەى ئەگەری بەردەوامی جەنگە بۆ ماوەی 8-12 مانگ، هەروەها پەیوەستە بە دۆخی غەزە بەبێ بەشداریکردنێکی سەرەکی حیزبوڵڵا یان ئێران یان یەمەن، هەروەها بە پشت بەستن بە گەڕانەوەی نزیکەی 350 هەزار سەربازی ئیسرائیلی بۆ سەر کار کە لە هێزی یەدەگدا دانراون.
کالکالیست دەڵێت، نیوەی تێچووەکە لە خەرجیەکانی بەرگریدا دەبێت، کە دەگاتە ملیارێک شیکڵی رۆژانە، ئەو زیانانەی بەر داهاتی وڵات دەکەون لە نێوان 40 بۆ 60 ملیار شیکڵ دەبێت، هەروەها 17 بۆ 20 ملیار شیکڵی دیکە بۆ قەرەبووی کۆمپانیاکان و 20 ملیار شیکڵی دیکە بۆ نۆژەندکردنەوەی شوێنە زیانلێکەوتووەکان.
بیزالیل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل پێشتر رایگەیاندبوو، کە حکومەت هاوکاری پێشکەش بە هەموو ئەو هاوڵاتیانە دەکات کە بەهۆی هێرشی فەڵەستینەوە زیانیان پێگەیشتووە، بڕی هاوکاریەکە لەو بڕە زیاتر دەبێت کە سەردەمی کۆرۆنا حکومەت بەخشی.
بێنیامین نەناتیاهۆی سەرۆکوەزیرانیش رۆژی پێنجشەمە رایگەیاند، پابەندین بە هاوکاریکردنی هەموو زیانلێکەوتووان.
گوتیشی، ئاراستەی قسەکانم روونە، سندووقەکان بکەنەوە و پارە بدەن بە هەر کەسێک کە پێویستی پێیەتی، ئابورییەکی بەهێزمان بنیاتناوە، زیانە ئابورییەکانی جەنگ چەند زۆربێت دوو دڵ نابین لێی.