عمیحای ئیلیاهۆ، وەزیری کلتوری ئیسرائیل و ئەندامی پارتی (هێزی یەهودی) رایگەیاند، بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە غەزە یەکێکە لە بژاردە پێشنیارکراوەکان، دووپاتیشی دەکاتەوە کە بێتاوان لە کەرتەکەدا بوونی نییە.
ئیلیاهۆ لە لێدوانێکیدا بۆ رادیۆی (کوڵ پراما)ی ئیسرائیلی کاتێک پرسیاری لێدەکەن دەربارەی پێویستی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە وەڵامدا گوتی، “ئەوە یەکێکە لە بژاردەکانمان.”
وتیشی، ” بژاردەیەکی دیکە ئەوەیە چی بکرێت بۆ ئەوەی دانیشتوانی غەزە بترسێنین، چ شتێک دەیانترسێنێت، پێویستە تێبگەن ئەوان لە مردن ناترسن، ئەوان منداڵەکانیان بۆ مردن دەنێرن”.
دەربارەی بوونی 240 بارمتەی ئیسرائیلی لای حەماس، عمیحای ئیلیاهۆ وتیشی، “هیوادارم بگەڕێنەوە، بەڵام جەنگ باجیشی هەیە”، ئاماژەی بەوەش کرد، کە “خوێنی ئەوان لە خوێنی سەربازانی ئیسرائیل گرنگتر نییە”.
ئەم لێدوانەی زوو کاردانەوەی ناوخۆیی ئیسرائیلی لێکەوتەوە، لە یەکەم کاردانەوەدا، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەشداریپێکردنی وەزیرەکەی لە کۆبوونەوەکان تا کاتێکی نادیار هەڵپەسارد، هەروەها رایگەیاند ئەو لێدوانانە ” دابڕاوە لە واقیع”.
هەروەها یواف گالانتوەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، ئەم لێدوانانە هەستنەکردنە بە بەرپرسیارێتی و دەشڵێت، “خۆشبەختانە ئیلیاهۆ بۆ پاراستنی ئاسایش رانەسپێردراوە”.
لەلایەکی دیکەوە، کەسوکاری بە بارمتە گیراوەکان لەسەر ئەو لێدوانە بە کەناڵی (12)ی ئیسرائیلیان وتووە، “لێدوانێکی شۆکهێنەر بوو، لەگەڵ بنەماکانی رەوشت و ویژدان یەکناگرێتەوە”.
لە بەرامبەر کاردانەوەکاندا، عمیحای ئیلیاهۆ لە روونکردنەوەیەکیدا کە لە تۆری کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوی کردەوە، رایگەیاند لێدوانەکەم “بۆ ئەو مەبەستە نەبووە، بەڵکو وەک ئاماژەیەک بوو، کە ئەمەش لای هەموو کەسێکی ژیر مەبەستەکە روونە”.
هاوکات حازم قاسم، گوتەبێژی بزوتنەوەی حەماس لە راگەیەنراوێکدا گوتی، ئەو لێدوانەی وەزیری کلتوری ئیسرائیل “ڕەنگدانەوەی ئەو تیرۆرە بێ وێنەیەیە کە ئەم حکومەتە و ڕەمزەکانی لە دژی گەلی فەلەستینیمان پراکتیزەی دەکەن، و مەترسی بۆ سەر غەزە و تەواوی ناوچەکە و جیهان پێکدەهێنێت”.