بەرهەمهێنانی تلیاک لە ئەفغانستان کە پێشتر یەکەم بەرهەمهێنەر و هەناردەکار بوو لە جیهاندا، لەدوای هاتنی تاڵیبان بۆسەر حوکم و قەدەغەکردنی چاندنی رووەکەکەی، بەرێژەی 95% کەمیکردووە، ئەوەش بەپێی راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان.
نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکانی تایبەت بە ماددە هۆشبەرەکان و تاوانەکان رایگەیاند، لە ساڵی 2023دا، روبەڕوی زەوی چێنراو بە تلیاک لە سەرتاسەری ئەفغانستان کەمیکردووە بۆ 10 هەزار و 800 هێکتار، واتە 26 هەزار و 700 دۆنم، لەکاتێکدا ساڵی ڕابردوو 233 هەزار هێکتار بوو، واتە رێژەکە 95% کەمیکردووە و بووەتە 333 تۆن.
هەڵمەتەکەی تاڵیبان فشارێکی زۆری خستووەتەسەر ئەو جوتیارانەی خەریکی چاندنی تلیاک بوون بە تایبەت کە وڵاتەکە بە دۆخێکی ئابوریی سەختدا تێپەڕدەبێت و زۆرێک لە خەڵکی پشت بە کشتوکاڵ دەبەستن و هەناردەی تلیاک زۆرجار زۆرتر و پڕداهاتتر بووە لە تەواوی کاڵاکانی دیکە، هەر بەپێی راپۆرتەکە.
دەشڵێت، دابەزینی بەرچاوی بەرهەمهێنانی تلیاک لێکەوتەی گەورەی دەبێت بۆسەر ئابووری ئەو وڵاتە کە نزیکەی دوو لەسەر سێی دانیشتووانەکەی لە ئێستاوە پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە، بەڵام بەشێکی زۆر لەو جووتیارانەی پێشتر تلیاکیان چاندووە، دەستیان داوەتە چاندنی گەنم، بەڵام داهاتەکەی زۆر کەمترە.
غادە وەلی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکانی تایبەت بە ماددە هۆشبەرەکان و تاوانەکان ڕایگەیاندووە، “لەماوەی چەند مانگی داهاتوودا ئەفغانستان پێویستییەکی زۆری بە وەبەرهێنانی بەهێز هەیە بۆئەوەی جووتیاران بتوانن دوور لە بەرهەمهێنان تلیاک بژێوی خۆیان دابین بکەن.”
دەشڵێت، “ئەمە دەرفەتێکی ڕاستەقینەیە بۆ ئەو هەوڵە درێژخایەنانەی کە دەیەوێت روبەڕووی تلیاک ببێتەوە هەم لە ئاستی ناوخۆیی و هەمیشە لە ئاستی جیهانیدا.”
ئەو دابەزینە بەرچاوەی بەرهەمهێنان و هەناردەی تلیاک لە ئەفغانستان 80%ی دابینکردنی جیهانیی مادەکە کەمدەکاتەوە و دەبێتەهۆی کەمبوونەوەی بەکارهێنانیشی، بەڵام ئەمەش ئەمە دەرگایەکی دیکە بەڕووی بەکارهێنانی جێگرەوەکانی دیکەی تلیاک دەکاتەوە و نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لەوبارەیەوە.
نیسانی ساڵی رابردوو، رابەڕی بزوتنەوەی تاڵیبان چاندنی رووەکی تلیاکی لە سەرانسەری ئەفغانستان قەدەغەکرد و وەزارەتی ناوخۆش دەستیکرد بە تێکدانی سەرجەم کێڵگەکانی تلیاک، لە حکومڕانی رابردووشدا لە ساڵی 2000دا، تاڵیبان هەمان بڕیاری دا، بەڵام بەهۆی نەبوونی پشتگیری نێودەوڵەتییەوە و ناڕەزایەتی ناوخۆیی، بڕیارەکەی سەرینەگرت.