زووم، ئاژانسەکان
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کە ئێستا لە وڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوەراستە، داوای سەکردە عەرەبەکانی بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و حەماس رەتکردەوە و رایگەیاند، ئاگربەست رێگە بە حەماس دەدات دووبارە خۆی رێکبخاتەوە و خۆی بۆ هێرشی دیکە لە داهاتوودا ئامادە بکات.
بلینکن رایگەیاند، دەبێت ئیسرائیل هەموو رێکارێکی گونجاو بگرێتەبەر بۆ ئەوەی هاوڵاتییانی مەدەنی لەو ناوچە گەمارۆدراوەی غەزە بپارێزێت.
ئەم گوتانەی بلینکن لەدوای ئەوە هات دوێنێ لە ئوردن لەگەڵ سەرکردە عەرەبەکانی ناوچەکە کۆبووەوە، کە تێیدا داوای دەستبەجێ راگەیاندنی ئاگربەستیان لە بلینکن کرد و ئسرائیلیان بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگیی تۆمەتبارکرد.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا لەگەڵ بلینکن، ئەیمەن سەفادی، وەزیری دەرەوەی ئوردن رایگەیاند، “ئێمە قبوڵمان نییە بە هێرشەکانی ئیسرائیل بگوترێت بەرگریکردن لە خۆی”. شەڕەکەشی بە شەڕێکی لەدەست دەرچوو ناوبرد، کە تێیدا هاوڵاتییانی مەدەنی دەکوژرێن و خانوو، نەخۆشخانە، قوتابخانە، مزگەوت و کڵێساکانیان تەختی زەوی دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەمە لەژێر هیچ پاساوێکدا قبوڵناکرێت و هەرگیز ئاسایش بۆ ئیسرائیل دەستەبەر ناکات، هەرگیز ئاشتیش بۆ ناوچەکە ناهێنێت”.
سەردانەکەی بلینکن رۆژێک دوای ئەو سەردانە دێت، کە بۆ ئیسرائیل ئەنجامیدا و لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە. ناتانیاهۆ بە بلینکنی راگەیاند، بەهیچ شێوەیەک وچانی مرۆیی راناگەیەندرێت، تاوەکو بارمتەکانی دەستی حەماس ئازاد نەکرێت.
ئەم هەوڵە دیبلۆماسییانەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لەکاتێکدایە، کە دوێنی دەیڤد ساتەرفیڵد، نێردەی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند، ئێستاش نزیکەی 400 هەزار هاوڵاتی مەدەنی لە باکوری غەزە ماونەتەوە، لەکاتێکدا ماوەی هەفتەیەکە ئیسرائیل هێرشی زەمینی دەستپێکردووە و خەڵکی مەدەنی لەو ناوچەیەدا دەژین، کە لە ئاسمان و لە زەویی روبەڕووی مەترسییەکانی جەنگ دەبنەوە.
بلینکن ئێستا لە رامەڵڵایە و لەگەڵ مەحمود عەباس، سەرۆکى فەلەستین کۆبووەتەوە، بەنیازە هەر ئەمڕۆ وەک بەشێک لە سەردانەکەی بۆ رۆژەهەڵاتی ناوەڕاست بچێتە تورکیا و بۆماوەی دوو رۆژ لەوێ بمێنێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە. ئەمەش دوای ئەوە دێت دوێنی ئەنقەرە باڵیۆزی خۆی لە تەل ئەبیب کشاندەوە و سەرجەم پەیوەندییەکانی لەگەڵ ناتانیاهۆدا بچراند، وەک ناڕەزایەتییەک لەبەرامبەر ئەو “خوێنڕێژییەی” لە غەزە دەکرێت.
هەرچەندە لە لیستی سەردانەکانیدا نەهاتووە بلینکن بێتە عێراق، کەتائیبی حزبوڵلا، کە گروپێکی توندڕەوی شیعەی سەر بە حەشدی شەعبییە و نزیکە لە ئێران هۆشدارییدا لەوەی ئەگەر بلینکن بێتە بەغداد ئەوا بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو دۆخەکە ئاڵۆزدەبێت.
سەرکردەیەکی باڵای گروپەکە بەناوی ئەبو عەلی عەسکەریی هۆشداریی دایە بلینکن و بە “کوڕی جەلەکە” ناوبرد و رایگەیاند، لە عێراق پێشوازیی لێناکرێت.