زووم، گاردیان
محەمەد شیاع سودانی، لە گوتارێکیدا داوای ساڵێک لە دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکوەزیرانى عێراق، باس لەوەدەکات چۆن شەڕی ئیسرائیل و حەماس ئەو توندوتیژیانەی عێراق، کە لە چەند دەیەی رابردوودا چەشتوویەتی، وەبیردەهێنێتەوە و چۆن حکومەتەکەی لە هەوڵدایە وڵاتەکە بنیاد بنێتەوە.
سودانى گوتارەکەى لە ماڵپەڕی گاردیانی بەریتانی بڵاوکردووەتەوە، لە سەرەتادا نوسیویەتى، “کەم وڵات هەیە لەماوەی 50 ساڵی رابردوودا وەک عێراق ناڕەحەتی و ناخۆشی چەشتبێت”. وەک ئاماژەیەکیش بۆ عێراق دەڵێت “ئەو رووداوە تراژیدیانەی ئێستا لە غەزە روودەدەن ئەو یادگارییە بەئازارانە وەبیردەهێنێتەوە کە گەلی عێراق چەشتوویەتی. چەندین هێڵی سور بەزێنران و خەڵکی مەدەنی چەندین ناخۆشی بێوێنایان چەشت لە رابردوودا.”
لەبارەی دۆخی غەزەوە سودانی نوسیویەتى، لەگەڵ خەڵکی فەلەستین لە هاوسۆزییەکی بەهێزدان و وڵاتەکەیان پابەندە بە دابینکردنی هاوکاریی پێویست بۆیان، لە هەمانکاتدا لەگەڵ هاوبەشانیان لە وڵاتانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کاردەکەن بۆ ئەوەی بەزووترین کات کۆتایی بەو دۆخە تراژیدییە بهێنن.
وەک نمونەیەک بۆ دۆخی ئێستای غەزە، سودانی دەڵێت، ئازار و ناخۆشی کاتێکی زۆری پێدەچێت بۆ ساڕێژبوون و عێراقییەکان ئەو راستییە باش دەزانن. ئەو دەڵێت، وڵاتەکەمان زۆر بە سەختیی هەوڵیداوە بۆ ئەوەی سەقامگیریی بەرقەرار بکات، کە بەهۆی ئابوورییەکی پڕجوڵە و گەشەسەندوو هاتووەتە بەرهەم، هێشتنەوە و پەرپێدانی ئەم پرسەشی وەک کاری هەرە لەپێشینەی ئیدارەکەی دیاریکردووە.
لەبارەی پەسەندکردنی یاسای بودجە، سودانی نوسیویەتی، “ئێمە بودجەیەکی مێژوویی 153 ملیار دۆلاریمان پەسەندکردووە، کە جەختی لە مۆدێرنیزەکردنی ژێرخانی وڵاتەکە و رەخساندنی هەلی کار و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و ئابوریی وڵاتەکە کردووەتەوە، کە ئەمەش لە رێگای خستنەگەڕی توانای گەجانی وڵاتەکەوە دەستەبەردەبێت، کە 60% دانیشتووانی عێراق پێکدەهێنن.”
لەبارەی سەقامگیریی و روبەڕوبوونەوەی “تیرۆر” و پاشماوەکانی داعش، سودانی ئاماژەی بەوەکردووە، رێکخراوەکە بەشێوەی گروپی بچوک لە هەندێک ناوچەی عێراقدا هێشتا ماون. هاوکات سوپاسی هێزە تایبەت و راهێنراوەکانی عێراقیش دەکات کە چەندین پلانی داعشیان بۆ سەر وڵاتانی ئەوروپا ئاشکراکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا باس لەو هاوپەیمانییە دەکات، کە لەگەڵ وڵاتانی جیهان لەهەوڵدان بۆ کۆتاییهێنان بەو مەترسییە نێوخۆیی و جیهانییە.
سودانی دەڵێت گەندەڵی وەک ئاڵەنگارییەکی سەرەکی لە عێراقدا ماوەتەوە و وەک گەورەترین هەڕەشە بۆسەر بەرەوپێشچوونی داهاتووی عێراق ناویبردووە. دەشڵێت لە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا داوایان لە پۆلیسی ئینتەرپول کردووە ئەو بەرپرسە باڵایانەی عێراق دەستگیربکەن کە گەندەڵییان لە 2.5 ملیار دۆلاری دەوڵەتدا کردووە.
سەرەڕای باسکردنی چەندین هەوڵی دیکەی کابینەکەی بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی ئەمنیی، وەبەرهێنان و ئابوریی، سودانی لە گوتارەکەیدا باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى ناوەندى نەکردووە، لەکاتێکدا هێشتا کێشەکان بە هەڵپەسێردراوى بەردەوامن، بەتایبەتى پرسی دەستپێکردنەوەى هەناردەی نەوت هەرێم و جێبەجێکردنی بڕگەکانی تایبەت بە هەرێم لە یاسای بودجەدا.