بزوتنەوەی حەماس ئامادەکاریی تەواوی بۆ شەڕێکی درێژخایەن کردووە و پێی وایە دەتوانێت ئەوەندە رێگری لە پێشڕەوییەکانی ئیسرائیل لە غەزە بکات تاوەکو ناچار بە ئاگربەست و دانوستان دەبێت، ئەوەش بەپێی چەند سەرچاوەیەکی ناو بزوتنەوەکە بۆ رۆیتەرز.
بە قسەی ئەو کەسانە کە بەهۆی هەستیاری بابەتەکەوە نەیانویستووە ناویان بنوسرێت، حەماس بڕێکی زۆر چەک و موشەک و خواردن و کەلوپەلی تەندروستی لەناو تونێلەکانی غەزەدا کۆکردووەتەوە و دڵنیایە لەوەی هەزاران لە چەکدارەکانی دەتوانن بۆ ماوەی چەند مانگێک لەناو تونێلەکاندا بمێننەوە و شەڕی پارتیزانی دژی ئیسرائیل بکەن.
بەپێی پلانەکەی حەماس، لە کۆتاییدا فشاری نێودەوڵەتی بۆسەر ئیسرائیل بەهۆی ژمارەی زۆری قوربانیانی مەدەنی ئیسرائیل رابکێشێت بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و ناچاری بکات بۆ دانوستان لەسەر ئاڵوگۆڕی دیلەکان و ئازادکردنی هەزاران زیندانی فەلەستینی کە لە زیندانەکانی ئیسرائیلیدان، سەرچاوەکان وایان گوت.
بەپێی سێ سەرچاوەی دیکەی ناو حەماس و سەرچاوەیەکی دیکە کە ئاگاداری بیرکردنەوە و کارەکانی کۆشکی سپییە بۆ رۆیتەرز، حەماس لە دانوستانە ناڕاستەوخۆکانیدا لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا کە قەتەر نێوەندگیری کردووە ئەوەی بە راشکاوی گوتووە کە دەیەوێت سەرجەم زیندانیانی فەلەستینی ئازادبکرێت لەبەرامبەر ئازادکردنی دیلەکاندا.
لە مەودایەکی درێژتریشدا، حەماس ڕایگەیاندووە کە دەیەوێت کۆتایی بە گەمارۆی 17 ساڵەی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە بهێنێت، هەروەها ڕاگرتنی فراوانکردنی کۆمەڵگە جولەکەنشینەکان و کۆتاییهێنان بە گەمارۆی و دەستێوەردانی سەربازی بۆسەر مزگەوتی ئەقسا لە قودس کە یەکێکە لە پیرۆزترین شوێنی موسڵمانان.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، نەتەوە یەکگرتووەکان داوای ئاگربەستی مرۆیی بەپەلەی کرد و گوتی، “فەلەستینییەکان لەژێر مەترسییەکی گەورەی جێنۆسایددان.”
هاوکات مەروان موعەشەر، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئوردن و جێگری سەرۆکوەزیرانی ئوردن کە ئێستا لە ناوەندی کارنێگی بۆ ئاشتی نێودەوڵەتی لە واشنتۆن کاردەکات بە رۆیتەرزی گوتووە، ئەرکی لەناوبردنی حەماس بە ئاسانی بەدی نایەت، ئەو پێیوایە چارەسەری سەربازی بۆ ئەم ململانێیە دروست نییە و دەڵێت، “ئێمە لە رۆژانێکی زۆر تاریکداین، ئەم شەڕە کورت نابێت.”
عادب زیادە، شارەزای فەلەستینی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی لە زانکۆی قەتەر کە لێکۆڵینەوەی لەسەر حەماس کردووە دەڵێت، دەبێت حەماس پلانێکی درێژخایەنتریان هەبووبێت پێش ئەنجامدانی هێرشەکەی 7ی مانگی بۆسەر ئیسرائیل.
ئەو دەشڵێت، ئەوانەی سەرکردایەتی هێرشەکەیان کردووە بەو ئاستە لێهاتوویی و شارەزایی و وردبینییە، بەدڵنییاوە خۆشیان بۆ شەڕێکی درێژخایەن ئامادەکردووە، ناکرێت حەماس هێرشێکی لەو شێوەیە بکات بەبێ ئەوەی ئامادەکاری تەواوی نەکردبێت.
هەر بەپێی راپۆرتەکەی رۆیتەرز، واشنتۆن پێی وایە حەماس دەیەوێت هێزەکانی ئیسرائیل لە شەڕی کۆڵان بە کۆڵان لە غەزە رابکێشێت و زیانێکی قورس لە سوپاکەی بدات، ئیسرائیلیش بە هاوتا ئەمریکییەکانیان گوتووە کە ئەوانیش ئامادەی شەڕ و روبەڕوبوونەوەی شەڕە پارتیزانەکەی حەماس و هەروەها فشاری نێودەوڵەتی ببن.
هەر بەپێی سەرچاوەکانی رۆیتەرز، حەماس زیاتر لە 40 هەزار چەکداری هەیە و دەتوانن لەناو میترۆی جاڵجاڵۆکەیی غەزەدا کە سەدان کیلۆمەتر درێژن و هەندێکیان 80 مەتر قوڵن بێن و بچن و چالاکی ئەنجام بدەن، ئەو تونێلانە چەندین ساڵیان خایاندووە بۆ دروستکردن.
هاوکات بەرپرسێکی حزبوڵای لوبنانی کە هاوپەیمانی سەرەکی حەماسە بە رۆیتەرزی گوتووە، سەربازی بۆردومانی سەختی چەند هەفتەی رابردووی ئیسرائیل بۆسەر غەزە، بەڵام ژێرخانی سەربازیی حەماس بە سەلامەتی ماوەتەوە.