بەگوێرەی راپۆرتێکی کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی، بەرپرسانی ئەمریکا پێشبینی دەکەن شەڕی ئسرائیل لە دژی حەماس لە چەند رۆژی داهاتوودا بچێتە قۆناغێکی تازەوە، کە تێیدا سوپای ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکانی کەمدەکاتەوە و زیاتر پەرە بە هێرشی زەمینی تاکتیکی دەدات لەنێو ئەوشارەدا.
بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی بایدن رایگەیاندووە، لەگەڵ بەردەوامیی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەزە، ئیدارەی بایدن پێشبینی دەکات لەچەند رۆژی داهاتوودا هێرشە ئاسمانییەکان بۆسەر غەزە بەرەو کەمبوونەوە دەچێت بەراورد بەوەی کە لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوودا بەردەوامیی هەبووە.
بەرپرسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لەمەودوا فۆکەسی زیاتری سوپای ئیسرائیل لەسەر شەڕی تاکتیکی و زەمینی دەبێت بۆ پاککردنەوەی ئەو تۆڕە فراوان و ئاڵۆزانەی تونێڵەکان کە حەماس لەژێر غەزەدا دروستیکردووە و ئۆپراسیۆنەکانی لێوە ئەنجامدەدات.
لەبارەی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە، بەرپرسەکە ئاماژەی بەوەكردووە، کە ئەمریکا زۆر راشکاوانە چەندین پرسیاری قورسی لە ئیسرائیل کردووە، تەنانەت رەخنەیەکی زۆریش لەسەر ئاستی جیهان لە ئیسرائیل دەگیرێت بەهۆی ئەو هێرشەی هەفتەی رابردوو بۆسەر کەمپی جەبالیا ئەنجامیدا و بەهۆیەوە دەیان کەس کوژران و سەدانی دیکەش برینداربوون.
سەبارەت بەوەی کەی ئەمریکا دەگاتە ئەو بڕوایەی دەبێت داوای راگەیاندنی ئاگربەست لە ئیسرائیل بکات، بەرپرسەکە رایگەیاند، بەهۆی مەودا و سروشتی هێرشەکەی حەماس لە ئێستادا راگەیاندنی ئاگربەست گونجاو نییە.
گوتیشی، “گروپێکی تیرۆریستی کە 200 کەسی بە بارمتە گرتووە و 1400 کەسی کوشتووە، سەرکردەکانیشی لە تونێڵەکاندا خۆی شاردووەتەوە، لە راستیدا راگەیاندنی ئاگربەست ئەو قسە دروستە نییە کە بەکاربهێندرێت.”
بەپرسەکە دووپاتیکردووەتەوە ئەمریکا زۆر چالاکانە داوای لە ئیسرائیل کردووە بۆئەوەی وچانێکی مرۆیی رابگەیەنێت، لە هەمانکاتیشدا جەختی لەوەشکردووەتەوە کە ئسیرائیل مافی خۆیەتی بەرگریی لەخۆی بکات، بەمەرجێک دەبێت پابەندیی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان بێت.
بەرپرسەکە بەدوری دەزانێت ئسیرائیل ئاگربەست رابگەیەنێت، تا ئەوکاتەی دڵنیا دەبێتەوە لەوەی هیچ مەترسییەک لەئارادا نییە رووداوێکی هاوشێوە جارێکی دیکە دووبارە ببێتەوە.