وەزارەتى بەرگرى ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاند، شەڕی ئێستای نێوان حەماس و ئیسرائیل رێگریی لێکراوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەرەبسەنێت و شەڕەکە هەر لەنێوان ئەو دوو بەرەیەدا دەمێنێتەوە.
جەنەراڵ پاتریک رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتى بەرگرى ئەمریکا بە بی بی سی راگەیاند، لە ئێستادا وایدەبینین شەڕەکە هەر لەنێوان ئیسرائیل و حەماسدا دەمێنێتەوە.
دوێنێ هەینی حەسەن نەسروڵڵا، سەرۆکی گروپی شیعی حزبوڵڵای لوبنان یەکەمین گوتاری خۆی لەسەرەتای دەسپێکردنی شەڕەکەوە راگەیاند و بەشێوەیەکی ناراستەوخۆ خۆی بەدورگرت لەوەی چەکدارەکانی لەوشەڕەوە تێوەبگلێنێت.
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەوەی ئایا سەرکەوتووانە رێگرییکراوە حزبوڵڵا بێتەنێو شەڕەکەوە، رایدەر گوتی، “فۆکەسی سەرەکی حکومەتەکەمان و وەزارەتی بەرگری ئەوەبووە رێگریی لەوە بکەین ئەم شەڕە ببێتە پێکدادانێکی ناوچەیی”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “هەر لەبەر ئەمەشە کە توانای زیاترمان بەگەڕخستووە بۆ ئەوەی دوو کەشتی فرۆکە هەڵگر رەوانەی ناوچەکە بکەین و چەندین بژاردە و توانامان هەبێت لەکاتێکدا کە پێویست بێت وەڵامی چەند حاڵەتێکی لەناکاو بدەینەوە”.
لەبارەی بڵاوبوونەوەی شەڕەکە، رایدەر ئاماژەی بەوەشکرد، “پێمانوایە بڵاوبوونەوەی شەڕی ناوچەیی رێگریی لێکراوە و لەسەر ئەوەش بەردەوام دەبین. لەگەڵ ئەوەدانین هیچ بەیەکدادانێکمان هەبێت لەگەڵ ئێران. لەگەڵ ئەوەدانین هیچ بەیەکدادانێکی دیکە هەبێت لەناوچەکەدا. لە ئێستادا جەخت لەوە دەکەینەوە ئەم شەڕە کۆنترۆڵ بکەین و ناوچەکە بەزووترین کات بۆ دۆخێکی سەقامگیر و پارێزراو بگێڕینەوە.”