زووم:
ئێوارەی ڕۆژی هەینی، حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان، ئەولەویەتی حزبوڵای لە قۆناغی ئێستادا بۆ شەڕی دەستنیشان کرد، کە ئەویش وەستاندی شەڕە لەناوچەکە، داواشی کرد ناچار بە شەڕکردنیان نەکەن.
ئەمینداری گشتی حزبوڵا لە وتارێکی تەلەفزیۆنی دووپاتیکردەوە، بەرەی بەرخۆدان ناڕازییە بەو ئۆپەراسیۆنانەی بۆ سەر غەزە هەیە، هەر بەو کردەوانەش ناوەستێت لەسەر سنووری لوبنان ئەنجامدەدرێن، ئەگەر شەڕ بەردەوام بێت، بەڵام لە هەمان کاتدا هەوڵی دوورکەوتنەوە لە کردنەوەی شەڕیش لە بەرەی لوبنان دەدەین.
نەسروڵڵا ڕاشیگەیاند، ئامانجەکانی ئێستای حزبوڵا ڕاگرتنی شەڕی غەزە و سەرکەوتنی حەماسە، کە سەرکەوتنەکەی سەرکەوتنی گەلی فەلەستین و هەموو وڵاتانی دراوسێیە.
وتارەکەی نەسروڵا بووە هۆی لابردنی ترسێکی زۆر لە ناوخۆی لوبنان سەبارەت بە کردنەوەی بەرەیەکی جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل لەم کاتەدا، کە گەلی لوبنانی دابەش کردووە، لەکاتێکدا خۆشیان لەژێر بارودۆخێکی سەختی ئابووریدا دەژین.
پێش وتارەکە لەناوخۆی لوبنان “ترسێک” هەبوو، نەسروڵا لە وتارەکەی ئەمڕۆی شەڕ لە دژی ئیسرائیل رابگەیەنێت و بەرەیەکی شەڕ لە لوبنانەوە بکاتەوە، ئەوەش بە گوێرەی راپۆرتێکی کەناڵی سکای نیوز.
نەسروڵڵا هۆشداری دایە ئیسرائیل لە ئەنجامدانی هێرشی پێشوەختە بۆ سەر لوبنان و ڕایگەیاند، ئەوە گەورەترین هەڵە دەبێت لە مێژووی ئیسرائیلدا.
هەروەها هۆشداری بە ئەمریکاشدا، حزبوڵڵا ئامادەکاری بۆ ئەو کەشتییە جەنگییە ئەمریکییانە کردووە لە دەریای ناوەڕاستدا ئامادەن و وتی: “لێیان ناترسن”، بەتایبەتی ئەگەر ناچار بە شەڕکردنیان بکەن.