زووم:
ڕۆژی هەینی کرێملین ڕاپۆرتێکی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ و میدیای ئەمریکی ڕەتکردەوە، کە تێیدا باسی ئەوە کرابوو، ئەمریکا زانیاری هەواڵگریی هەیە، گروپی سەربازی تایبەتی ڕوسیا ڤاگنەر بەنیازە سیستمی بەرگری ئاسمانی بۆ گروپی حزبوڵای لوبنان دابین بکات.
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین لەو بارەوە رایگەیاند، ڤاگنەر هیچ نیازێکی وای نییە، بۆیە ئەو جۆرە تۆمەتانە بێ بنەمان و رەتیدەکەینەوە.
میدیا ئەمریکییەکان باس لەوە دەکەن، کە بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سوریا بە هاوکاریی هێزە سەربازییە تایبەتەکانی ڕوسیا، ڤاگنەر، ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ناردنی سیستمی مووشەکی بۆ حزبوڵای لوبنان.
تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی لە زاری سەرچاوەکانەوە بڵاویکردەوە، ئەمریکا زانیاری هەواڵگری هەیە، ئاماژە بەوە دەکات بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا ڕازی بووە بە دابینکردنی سیستمی بەرگری مووشەکی SI-22ی ڕووسی بۆ حزبوڵای لوبنان.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، گروپی ڤاگنەر ڕاسپێردراون بۆ گەیاندنی سیستمی موشەکەکە، کە تا ئێستاش ڕوون نییە کە ئایا بەڕاستی ڕادەستکراوە، یان کاتی ڕادەستکردنی نادیارە.